مین، بکوژە بێدەنگەکەی مرۆڤایەتی ...٢

پێنجوێن یەکەمە لە بوونی قوربانیانی مین

بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران بەشێکی زۆری دانیشتوانی پێنجوێن خاوەن پێداویستی تایبەتن، هۆکاری سەرەکیش هەبوونی مینە لە ناوچەکانی دەروربەری و زەویەکانیاندا، ئەمەش ژیانی هاوڵاتیانی پێنجوێنی خستووەتە مەترسیەوە، هەمیشە ترسی لەدەستدانی ئازیزانیان لە دڵدایە.

 

شنیاربایز

سلێمانی- شارۆچکەی پێنجوێن یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین ڕێژەی مینی تێدایە کە ٦٠ ملیۆن مەتر دووجایە، بەهۆیەوە دانیشتوانەکەی بەشی زۆرییان بوونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت، تا ئێستاش دانیشتوانەکەی ترسیان هەیە لەبوونی مین لە ناوچەکەیاندا و ڕۆژانە بە ترسەوە دەچنە سەر زەوییەکانیان و کاری تێدا دەکەن.

 

وەک ئاژانسی نوژنها چووینە شارۆچکەی پێنجوێن تا لە نزیکەوە گوێبیستی هاوڵاتیان ببین، وەک باسی دەکەن بە دەگمەن ماڵ هەیە لەناو پێنجوێن و گوندەکانی دەورەبەری خاوەن پێداویستییەکی تێدا نەبێت یاخود قوربانییەکی مینی تێدا نەبێت، هۆکاری ئەم دۆخەش بێخەمی حکومەت و بەدەمەوە نەچوونی ئەو بابەتەیە.

 

ڕێکخراوی یەکێتی کەمئەندامان لە ساڵی ١٩٩٦ دامەزراوە و زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ خاوەن پێداویستی تایبەتی لەخۆگرتووە کە ٣٠٠یان ژنن، ئەو کەسانەی بەهۆی مینەوە گیانیان لەدەستداوە لە هەزار کەس زیاترە تەنها لە سنووری پێنجوێندا، سەردار عەزیز، بەرپرسی ڕێکخراوەکە لە لێدوانێکیدا بۆ نوژنها ئاماژەی بەوەدا ئەم ئامارە تا ساڵی ٢٠١٥یە چونکە لەوکاتەوە ناو تۆمارنەکراوە بەهۆی هاوکاری نەکردنی حکومەت و ڕێکخراوەکانی دیکەوە، تەنها لەڕێی خێرخوازانەوە کارەکانی ڕێکخراوەکە بەڕێوەچووە، وتیشی: "ئەم ئامارە بەدەرە لە ئاماری شەهیدانی مین و تەقەمەنی و تەنها ئاماری خاوەنپێداویستییەکانە".

 

سەردار عەزیز باسی لەوەکرد زۆرینەی ئەوکەسانەی خاوەن پێداویستین بەرکەوتووانی مینن وە لە هەردوو ڕەگەز پێکهاتوون، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران کە پێنجوێن وەک ناوچەیەکی سنوری بووە لە نێوانیاندا، هەروەها بەهۆی ئەنجامنەدانی هەوڵی جدی بۆ پاکسازیکردنی مین هاوڵاتیان ڕووبەڕووی ئەو دۆخە بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت هاوکاری خاوەن پێداویستییەکان ناکات بەڵکو خێرخواز هاوکارییان دەکات، "هێندە داوای هاوکاریمان کرد لە خێرخواز چیتر ڕووی ئەوەمان نییە داوا بکەین".

 

 

"هیچ شتێک لە دونیادا هێندەی ئەوە ناخۆش نییە بەشێکی جەستەت لەدەست بدەیت"

ئامینە محەمەدی ٤٨ ساڵ یەکێکە لە بەرکەوتوانی مین کە بەهۆیەوە قاچێکی لەدەستداوە، لە باسی چیرۆکی ڕووداوەکەی و لەدەستدانی قاچیدا، وتی: "ئەو ساڵەی ڕامانکرد کە ساڵی ١٩٩١ بوو من تەمەنم ٢٠ ساڵ دەبوو وە لەوسەردەمەدا نەچووبومە ژیانی هاوژینییەوە، لە کاتی ڕاکردنەکەدا و لە نزیک چەمی شلێر قاچم بەر مینێک کەوت و بەهۆیەوە قاچم لەدەستدا".

 

باسی لەوەکرد، کەلە تەمەنێکی گەنجیدا ڕووبەڕووی کارەساتێکی لەو شێوەیە بووەتەوە تەواوی ژیان و هەستی گۆڕیووە، "ئەو کاتەی قاچم بەر مینەکە کەوتووە هۆشم نەما و دواتر کە بە ئاگا هاتمەوە زانیم قاچێکم لەدەستداوە".

 

ئامینە محەمەد وتیشی ڕاستەخۆ لەدوای بەرکەوتنی مینەکە بەهۆی دۆخی ئەوکاتەوە چارەسەری بۆنەکراوە و دواتر کە دۆخەکە باشتر بووە لە بەغدا قاچی دەستکردی بۆ دروستکراوە، "دوو ساڵ یاخود چەند ساڵ جارێک قاچم پێویستدەکات بگۆڕم، ئەگەرنا ئازارم دەدات"، لە کۆتایشدا وتی "بەڕێوەبەرایەتی کاروبارەکانی مین بە دەگمەن دێن بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بە جۆرێک نزیکەی دوو ساڵ دەبێت هیچ کەسێک نەهاتووە، بۆیە ئەرکی هۆشیارکردنەوەی خێزان و منداڵەکانمان کەوتۆتەوە سەر شانی خۆمان".

 

بۆ دەستکەوتنی بژێوی ژیانی قاچێکی لەدەستدا

منیرە ئەحمەدی تەمەن ٤٠ ساڵ، ئاماژەی بەوەدا لە ساڵی ٢٠٠٧ دا توشی ڕووداوەکە بووە لەوکاتەی بۆ دەستکەوتنی بژێوی ژیانی لەگەڵ خێزانەکەیدا چونەتە سەر زەوییەکانیان و ویستوویانە کاری تێدا بکەن مونیرە قاچی بەر مینێک کەوتووە و بووەتە خاوەن پێداویستی تایبەت، بەهۆیەوە سەرانسەری ژیانی دەگۆڕێت و ڕووبەڕووی زەحمەتی دەبێتەوە، "ئەوکات هاوژین، دایک و باوکمم لەگەڵ بوو ئەوەندەم بیرە کە بانگم کردن و پێم وتن قاچم لەدەستداوە"، بەسەربردنی ژیانێکی ئاسایی بۆ مونیرە زەحمەتە، بەڵام بە هەموو توانایەوە دەڵێت هەوڵی لەگەڵ دەدەم بۆ ئەوەی بتوانم بە شێوەیەکی ئاسای وەک هەر کەسێکی دیکە بژیم.

 

باسی لەوەشکرد، ناتوانێت بچێتە دەرەوە چونکە قاچی ئازاری دەدات بۆیە زۆربەی کات ڕۆژەکەی لە ماڵەوە بەسەر دەبات هەر پێویستییەکی هەبوو منداڵ و هاوژینەکەی بۆی ئەنجامدەدەن، دەشڵێت "هەمیشە دەترسین منداڵەکانمان ڕووبەڕووی مین ببنەوە و ژیانمان لە مەترسیدایە".

 

"خێزان و هاوڕێکانم هاوکاریان کردم ئەگەر نا بێ ئومێد بووم لە ژیان"

ئافتاو مەحمود، تەمەنی ٥٥ ساڵە و خەڵکی ناوچەی ڕاوگانە لە نزیک پێنجوێن، لە باسی چیرۆکی لەدەستدانی قاچیدا دەڵێت زەویان هەبووە بۆ ئەوەی بیکەنە خانوو وە تیایدا نیشتەجێببن لە ساڵی ١٩٩٢ لەوکاتەی سەردانی زەویەکەیان کردووە مینی تێدا  هەبووە.

 

"ئەوکات تەمەن ٢٠ ساڵ زیاتر دەبوو، کە مینەکە لە ژێر قاچمدا تەقیەوە هەستم بە هیچ ئازارێک نەکرد ئەوەندەم زانی هەموو گیانم بوو بە خۆڵ، تاکە ترسم ئەوەبوو ناوسکم زیانی پێگەیشتێت، بەڵام کە جوڵامەوە زانیم قاچمم لەدەستداوە"، حافتاو مەحمود وەها درێژە بە بەرهاتەکەی دەدات، "لەوکاتەدا کە زانیم مین پیامدا تەقیوە تەواو بێ ئومێد بووم لە ژیان، بە تایبەت ئەوکاتە من لەسەر ئەنجامدانی هاوسەرگیری بووم و دەبوو ڕۆژێک دوای تەقینەوەی مینەکە مارەبکرێم، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو بۆ من هەبوونی کۆمەڵێک هاوڕێ و هاوژینەکەم بوو کە تەواو پاڵپشتیان دەکردم بە جۆرێک ئەو پیاوەی ئێستا هاوژینمە لە نەخۆشخانە مارەی کردم و بەجێی نەهێشتم."

 

هەمیشە ترسی لەدەستدانی ئازیزانیان لە دڵدایە

ئافتاو مەحمود خاوەنی چوار منداڵە و دەربارەی بەخێوکردنی منداڵەکانی و زەحمەتیەکانی ڕوونیکردەوە کە بێگومان قورسە خاوەن پێداویستی تایبەت بیت و منداڵ و ماڵ بەڕێوەبەریت و ژیانێکی ئاسای بەردەوام پێبکەیت بەڵام دواجار لە هەوڵ نەوەستاوە و دەڵێت توانیومە بەسەر زەحمەتییەکاندا زاڵ ببم، باسی لەوەشکرد کە لە وەرزی گەرما و سەرمادا قاچیان ئازاریان دەدات بە جۆرێک بریندار دەبێت و خوێنی لێدێت دواجار قورس دەبێت بۆ جوڵەی جەستەیی.

 

"بە ١٥٠ هەزاری کەمئەندامی کەموکورتیمان پڕنابێتەوە"

ئافتاو مەحموود دەڵێت: "حکومەت هیچ هاوکارییەکی نەکردووین نە لە ڕووی مادی نە لە ڕووی نەمانی ترس لەسەر ژیانمان، چونکە ڕۆژانە دەبیستین و لە ترسی لەدەستدانی گیانی ئازیزانماندا دەژین"، بۆیە داوا لە حکومەت دەکات سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان بە ئەرکی خۆیان بزانن و هەوڵی جدی بدەن بۆ پاکردنەوەی ناوچەکان و تیمەکانی پاکسازی زیاتر بکرێت ڕێگری بکرێت لە زیادبوونی قوربانیانی مین.

 

"ئێمە ١٥٠ هەزارمان ناوێت چونکە پێداویستیەکانمان بەو بڕە پارەیە پڕنابێتەوە لە بەرامبەردا منداڵەکانمان دابمەزرێنن، چونکە نەخۆشخانە هەیە کارمەندی تێدایە زیاد لە ماوەکەی خۆی کاری کردووە و پێویستەکات خانەنیشین بکرێت بەڵام ناکرێت".

 

ت.پ