مەریەم حەساینە ئەزموونی لەدەستدان دەکاتە دەستپێشخەرییەک بۆ چاودێریکردنی منداڵانی بێ دایک و باوک لە غەززە

مەریەم حەساینە دەستپێشخەریی کرد بۆ دامەزراندنی خانەی "ڕەحمە" بۆ بێ دایک و باوکان لە غەززە، بە مەبەستی دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان لەدەستداوە، هەروەها یارمەتیدانیان بۆ بەردەوامبوون لە خوێندنەکانیان.

ڕەفیف ئیسلیم

 

فەڵەستین- لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیل دژی فەڵەستین لە ساڵی ٢٠٢٣، ئەو منداڵانەی کە بەهۆیەوە کەسوکاریان لەدەستداوە، پێویستیی بە دەستپێشخەریگەلێک دەرکەوت کە لە ژێر سایەی دۆخە مرۆییە سەختەکاندا چاودێری و پاراستنیان بۆ دابین بکات.

 

لەم چوارچێوەیەدا، مەریەم حەساینە پڕۆژەی خانەی "ڕەحمە"ی بۆ بێسەرپەرشتان لە کەرتی غەززەی فەڵەستین ڕاگەیاند، بە ئامانجی لەخۆگرتنی ئەو منداڵانەی کە کەسوکاریان لەدەستداوە و دابینکردنی هەلومەرجێکی ژیان کە شکۆمەندییان بپارێزێت.

 

سەبارەت بە بیرۆکەی دامەزراندنی خانەکە، مەریەم حەساینە، بەڕێوەبەری خانەی "ڕەحمە" بۆ بێ دایک و باوکان، ڕوونیکردەوە، کە بیرۆکەکە لە چوارچێوەی جەنگی سەر غەززە و ئەو لێکەوتە مرۆییە سەختانەدا گەشەی کردبوو، کە ڕووبەڕووی منداڵان و خێزانەکانی بووەتەوە، و وتی: پاڵنەری سەرەکیی پشت ڕاگەیاندنی دەستپێشخەرییەکە ئەو کۆمەڵکوژییە بووە کە بنەماڵەکەی ئەبو شەریعە حەساینەی کردە ئامانج و بووە هۆی لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی خێزانەکەی، لە نێویاندا منداڵەکانی، نەوەکانی و خزمەکانی، ئەم ئەزموونەش وای لێ کرد زیاتر هەست بە قەبارەی ئەو ئازار و مەینەتییانە بکات کە منداڵان لە ژێر سایەی جەنگدا تێیدا دەژین.

 

ئاماژە بەوەشکرد، کە لە کەرتی غەززە ژمارەی منداڵانی بێ دایک و باوک، بەپێی ئەوەی ئەو باسی دەکات، لە ٦٧ هەزار منداڵ تێدەپەڕێنێت، کە لە نێویاندا نزیکەی ٣٨ هەزاریان دایک و باوکیان پێکەوە لەدەستداوە، وتی: ئەم منداڵانە پێویستیان بە خانە و دامەزراوە هەیە کە لەخۆیان بگرێت و خۆراک، چارەسەر، خوێندن، جلوبەرگ و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین بکات، هەروەها پشتگیریی دەروونی بۆ یارمەتیدانیان تا بتوانن مامەڵە لەگەڵ شوێنەواری ئەو شۆک و زەبرە دەروونییانەدا بکەن کە جەنگ بەجێی هێشتوون.

 

شوێنەکە تاڵان کرا

مەریەم حەساینە وتی: کارکردن بۆ جێبەجێکردنی بیرۆکەی خانەکە دوای یەکەمین ئاگربەست دەستی پێ کرد، لە ڕێگەی ئامادەکردنی شوێنێک بۆ پێشوازیکردن لە منداڵان، بەڵام شوێنەکە لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی دوایین ئۆپەراسیۆنی مەیدانی لە غەززە، ڕووبەڕووی تاڵانکردن و دزینی هەموو کەلوپەلەکانی بووەوە، ئەمەش ناچاری کرد پڕۆژەکە لە سەرەتاوە بونیاد بنێتەوە.

 

وتیشی: کاتێک لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە دوایین ئاگربەستدا گەڕاوەتەوە، هیچی لەو شتانە نەبینیوەتەوە کە ئامادە کرابوون، بەمەش ڕووبەڕووی سەختییەکی گەورە بووەتەوە لە دووبارە خستنەوەکاری خانەکەدا لە ژێر سایەی بەرزبوونەوەی نرخەکان و نەبوونی کەرەستەی خاوی پێویست بۆ دروستکردنی کەلوپەل و مۆبیلیات، سەرەڕای ئەوەش دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر توانیویەتی خانەکە بگەڕێنێتەوە سەر شێوە سەرەتاییەکەی، دەستی کردووە بە پێشوازیکردن لە منداڵان بە پشتبەستن بەو لیستانەی کە لە لایەنە فەرمییەکانەوە دەستی کەوتوون.

ڕوونیکردەوە، کە بە تەلەفۆن پەیوەندی بە کەسوکاری منداڵە بێ دایک و باوکەکانەوە کردووە و داوای لێ کردوون لە خانەکەدا میواندارییان بکات، بەتایبەت لەو حاڵەتانەدا کە باپیرە و داپیرەکان چاودێرییان دەکەن و بارودۆخی تەندروستی یان تواناکانیان ڕێگەیان پێنادات چاودێریی پێویستیان بۆ دابین بکەن، هەروەها بەناو کامپ و شەقامەکاندا گەڕاوە بۆ دۆزینەوەی ئەو منداڵانەی کەسوکاریان لەدەستداوە، دەرگای خانەکەی بەڕووی هەموو کەسێکدا کردووەتەوە کە بتوانێت بیگەیەنێت بە منداڵێکی بێ دایک و باوک کە پێویستی بە هاوکارییە، تا دوای چەند مانگێک لە کارکردن ببێتە دایک بۆ نزیکەی ١٥٠ منداڵی کج و کوڕ.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەمی، ڕەتکردنەوەی هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکان بووە، لە باپیران، مامان و خاڵان، لە ڕادەستکردنی منداڵەکان بە خانەکە، سەرەڕای ئەوەی لە هەندێک حاڵەتدا توانای دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانەیان نییە بۆیان، ئەمەش بەهۆی ئەو تێڕوانینە کۆمەڵایەتییەی کە پێی وایە گەورەبوونی منداڵ لە خانەی بێدایک و باوکاندا کارێکی نەخوازراو و قبوڵنەکراوە.

 

وتیشی: هەوڵی داوە ئەم تێڕوانینە بگۆڕێت، لەم ڕوانگەیەوە بەرنامەی چاودێریی دەرەکیی دامەزراندووە، کە هاوکاری پێشکەش بەو منداڵانە دەکات کە ناچنە ناو بەرنامەی مانەوە لە خانەکە، بەهۆی پێداگریی خێزانەکانیان لەسەر هێشتنەوەیان لەگەڵ خۆیان.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە خانەکە پێشوازی لە دوو پۆل منداڵ دەکات، پۆلی یەکەم ئەوانە دەگرێتەوە کە پاڵپشتیی خێزانییان لەدەستداوە، لە نێویاندا ئەوانەی لە کاتی جەنگدا باوکیان لەدەستداوە و دواتر دایکیان هاوسەرگیریی کردووەتەوە و چاودێریکردنیانی بۆ داپیرە و باپیرەکان بەجێهێشتووە، بۆیە خانەکە دەیانخاتە ناو بەرنامەی مانەوە بۆ بەشداریکردن لە پەروەردەکردن و چاودێریکردنیاندا، بەڵام پۆلی دووەم ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە دایک و باوکیان پێکەوە لەدەستداوە، خانەکە هەمان خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەکات.

 

لە بەرامبەردا، ئەو منداڵانەی کە لەگەڵ دایک و خێزانەکانیاندا دەمێننەوە، لە چوارچێوەی بەرنامەی چاودێریی دەرەکیدا سوودمەند دەبن لەو خزمەتگوزارییانەی خانەکە پێشکەشیان دەکات، بە شێوەیەک کە ڕێگەیان پێدەدات هاوکارییان پێ بگات بەبێ ئەوەی لە ژینگە خێزانییەکەیان داببڕێن.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە خانەکە لە حاڵەتی مانەوەی منداڵەکاندا پەیوەندییان بە خێزانەکانیانەوە ناپچڕێنێت، بەڵکو سوورە لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندی لە نێوان ئەوان و ئەو ئەندامانەی خێزانەکانیان کە ماون، وتی: منداڵەکان ئێوارەی هەموو ڕۆژێکی پێنجشەممە بۆ سەردانیکردنی خزمەکانیان خانەکە بەجێدەهێڵن و ڕۆژی شەممە دەگەڕێنەوە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندنەکانیان، هاوکات پسپۆڕە دەروونییەکان و دایکە جێگرەوەکان کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک کە لەم ماوەیەدا دەربکەوێت، لە ڕێگەی پەیوەندیکردن بە خێزانەکانەوە و هەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوەی دۆخەکە.

 

مامەڵەکردن لەگەڵ شوێنەوارە دەروونی و ڕەفتارییەکان

لەسەر ئاستی خوێندن و ڕاهێنان، مەریەم حەساینە ڕوونیکردەوە، کە منداڵەکان دەستیان بە فێربوونی خوێندنەوە و نووسین کردووە لە ڕێگەی قوتابخانەی "پردەکانی ڕەحمە"ی سەر بە خانەکەوە، هەروەها کۆمەڵێک کارامەیی ژیان فێربوون کە یارمەتییان دەدات پشت بە خۆیان ببەستن، و وتی: خانەکە مامەڵەی لەگەڵ هەندێک لەو شوێنەوارە دەروونی و ڕەفتارییانەدا کردووە کە جەنگ بەجێی هێشتوون، لەوانە گۆشەگیری و میزڕانەگرتنی خۆنەویستانە، هەروەها کاری کردووە لەسەر تێکەڵکردنی منداڵەکان لەگەڵ یەکتری تا وای لێ هاتووە هەست دەکەن یەک خێزانن، بە برا و خوشک بانگی یەکتر دەکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ٨٩ منداڵ سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزاریی چاودێریی ڕۆژانە، کە خزمەتگوزارییە جیاوازەکانی خانەکە دەگرێتەوە، بەڵام بۆ خەوتن دەگەڕێنەوە لای خێزانەکانیان.

 

لە بەرامبەر فراوانبوونی پێداویستیی منداڵاندا، خانەکە ڕووبەڕووی تێچووی بەکارخستنی ڕوو لە زیادبوون دەبێتەوە کە کارەبا، غاز، جلوبەرگی منداڵان و موچەی دایکە جێگرەوەکان دەگرێتەوە، ئەمەش قەبارەی ئەو بەرپرسیارێتییەی لەسەر شانیەتی زیاتر دەکات، وتی: هۆگربوونی بە منداڵەکانەوە بە تێپەڕبوونی کات زیاتر دەبێت، چونکە بە وتەی خۆی، لە منداڵ و نەوەکانی دەچن کە لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیلدا لە بەرچاوی خۆی کوژران.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، مەریەم حەساینە جەختی لەوە کردەوە، کە بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنیان تا تەواوکردنی خوێندنی زانکۆییان، هیواخوازە وەک مامۆستا و پزیشک بیانبینێت کە بتوانن خزمەتی کۆمەڵگەکانیان بکەن و بەشدار بن لە بونیادنانەوەی وڵاتەکەیاندا.