منداڵانی تەعز لە نێوان گەمارۆدانی شەڕ و بێ ئاگاییدان

لەناو ئەو شەڕەدا کە سێبەری قورسی بەسەر هەموو لایەکدا جێهێشتووە، ئیبتیسام زەباب خۆی بینیەوە کە منداڵان لە ژێر جۆرێکی دیکەی گەمارۆدا دەناڵێنن، ئەویش گەمارۆدانی کەمئەندامی هزری و نەبوونی خەمخۆریە لە یەمەن.

ڕەحمە شەنزور

 

یەمەن- منداڵانی کەمئەندامی هزری لە شاری تەعز لە باشووری یەمەن بەدەست بارودۆخی پەروەردەیی و مرۆیی لەڕادەبەدەر سەختەوە دەناڵێنن، لەگەڵ نەبوونی ناوەندە تایبەتمەندەکان کە تایبەتن بە پەروەردە و چاکسازییان، ئەمەش ناچاریان دەکات پشت بە دەستپێشخەرییە تاکەکەسییە سنووردارەکان ببەستن کە تەنها بەشێکی کەم لە پێداویستییە گەشەسەندووەکانیان دەگرێتەوە.

 

ئەو کەمئەندامییە هزریە کە لە تەعزدا باوە بریتین لە حاڵەتە جیاوازەکانی وەک نەخۆشی داون، وەرینی مێشک، ئاوی سەر و حاڵەتەکانی ماکرۆسێفالی، سەرەڕای زیادبوونی ساڵانەی حاڵەتەکان، خزمەتگوزارییەکانی پەروەردەیی و چاکسازی بۆ ئەم گروپە بە کردەوە نەبوون.

 

لەناو پۆلێکدا لە خوێندنگەیەکی حکومی شاری تەعز، مامۆستا ئیبتیسام عەبدول واسع زەباب، بەڕێوەبەری خوێندنگەی ''الأمل'' بۆ چاودێری و چاکسازیی کەمئەندامانی دەروونی، هەوڵدەدات شوێنی پارێزراو بۆ ئەو منداڵانە دروست بکات کە هیچ شوێنێکی تریان نییە بۆی بچن.

 

پۆلەکە کە لە سەرەتادا، بە شێوەیەک نەکرابوو کە گونجاو بێت بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ڕووی هزرییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی هیچ جێگرەوەیەکی ڕاستەقینە یان ناوەندێکی تایبەتمەند، لە پێویستییەوە گۆڕاوە بۆ بارەگایەکی کاتی بۆ خوێندنگەی ''الأمل''.

 

ئیبتیسام زەباب وتی: ئەوەی بۆ ئەم منداڵانە دابین دەکرێت لە کەمترین پێداویستییە سەرەتاییەکان زیاتر نییە، هەرچەندە پێداویستییەکانیان زۆر زیاترە و پێویستیان بە سەنتەری ئامێری باش و کارمەندی تایبەتمەند هەیە کە توانای دابینکردنی چاودێری گشتگیریان هەبێت، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات تەنها ململانێیەکە بۆ مانەوە، هیچی زیاتر نییە.

 

دامەزرانی خوێندنگەکە لە ساڵی ٢٠٠١ وەک کۆمەڵە لەلایەن دکتۆر خەدیجە سیاغی بیر دێنێتەوە کە ساڵانێک خەباتی کرد تا ئەو کۆمەڵەیە بوو بە دامەزراوەیەکی فەرمی، یەکێک لە پڕۆژە هەرە دیارەکانی کردنەوەی خوێندنگەی ''الأمل'' بوو کە تایبەتە بە چاودێریکردنی منداڵانی خاوەن کەمئەندامیە هزریەجیاوازەکان، لەوانە نەخۆشی داون، وەرینی مێشک، ماکرۆسێفالی، هایدرۆسێفالۆس.

ڕوونیشیکردەوە، کۆمەڵەکە تا ساڵی ٢٠١٥ بە سەرکردایەتی دکتۆر خەدیجە سیاغی بەردەوام بوو لە ئەرکەکەی، پێش ئەوەی کاریگەری لەسەر دۆخی یەمەن بکەوێت، کە لە مانگی ئاداری ٢٠١٥ تا کۆتایی ساڵەکە خوێندن لەوێ ڕاگیرا.

لەو ماوەیەدا، دەستی بە گەشتێکی سەخت کرد بۆ دۆزینەوەی شوێنی خوێندکارانی، دڵنیابوون لە چارەنووسیان، ئایا هێشتا لە ماڵەکانیان بوون، ئاوارە بوون، لەناو شەقام و پارێزگاکانی تەعز بەدوایاندا دەگەڕێت.

 

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەوڵە پەروەردەییەکان، ئیبتیسام زەباب ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی بەرچاو بووەوە لە دۆزینەوەی شوێنێکی گونجاو بۆ ئەم خوێندکارانە، نە دەسەڵاتی ناوخۆیی و نە ئەنجومەنی ناوخۆیی هیچ پشتیوانییەکی باڵەخانە و لۆژستیکییان پێشکەش نەکرد، نە لەڕووی کرێ و نە لە ڕووی گواستنەوە،ئەمەش بەڕێوبەرایەتی ناچارکرد لە گەڕەکە جیاوازەکانی شارەکەدا بەدوای خانووی کرێدا بگەڕێت لە هەوڵێکدا بۆ ڕزگارکردنی پرۆسەی خوێندن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، مامۆستایان پێداگرییان لەسەر گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان کردووە، حەزیان لە بەردەوامیی خوێندنە و ڕێگریکردن لە لەدەستدانی هەوڵەکانی پێشوو، داوای لە نووسینگەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار و دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و پەروەردە کرد و ئەوانیش ئاراستەی خوێندنگەی "صدیق"یان کرد، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغی لە سەرەتادا نەیتوانی خوێندنگەکە لەخۆبگرێت، دواتر تەنها دوو پۆل تەرخانکرا، یەکێکیان ئامادەکاری و ۆەوی دیکە سەرەتایی، بۆ ئەوەی هەموو پۆلەکانی کەمئەندامی لەخۆبگرێت، جگە لە شوێنی بەڕێوەبەری و هەڵگرتن، ئەم ڕێکخستنەش تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ بەردەوام بوو.

 

دواتر سندوقی چاودێری و چاکسازی کەمئەندامان فەرمانی دا کە خوێندنگەکە بینایەکی سەربەخۆی خۆی هەبێت، لە ناوچەی سینە باڵەخانەیەک بەکرێ گیرا، بەڵام ناکۆکی لەگەڵ خاوەن موڵکەکە و زیادکردنی کرێی خانووەکە بووە هۆی شەڕی یاسایی دوو ساڵە، هەروەها ئەز.وونی گەڕان بەدوای شوێن لە خوێندنگەکانی تردا دەستی پێکردەوە تا دواجار گەڕانەوە بۆ خوێندنگەی "صدیق"، لەوێ نهۆمی چوارەم بۆیان تەرخانکرا و پۆلەکانیش نۆژەنکرانەوە، ڕێگەیان پێدرا دەست بە چالاکییەکانیان بکەنەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا خوێندنگەکە ١٨٨ خوێندکاری کەمئەندامی هزری هەیە، کە دابەشکراون بەسەر ئاستی ئامادەکاری و سەرەتاییدا، لە نێویاندا خوێندکارانی داون، خوێندنگەکە بەرنامەی پەروەردەیی، خول، چاکسازی، تەندروستی پێشکەش دەکات، هەروەها چالاکییە جیاوازەکان، بەڵام ئەمانە بەهۆی نەبوونی بینایەکی گونجاوەوە بە سنووردار دەمێننەوە،لەگەڵ ئەوەشدا ژینگەیەکی فێرکاری لەبار هۆکارێکی چارەنووسسازە بۆ سەرکەوتنی پەروەردەی ئەم گروپە.

 

ئیبتیسام زەباب ئەزموونی پێش جەنگی بیرهێنایەوە کاتێک خوێندنگەکە وۆرکشۆپی پیشەیی بۆ خوێندکاران لە دوای پۆلی شەشەم بەڕێوەدەبرد، خوێندکارامی کچ لە کاری دەستیدا خولیان هەبوو، کوڕانیش لە بواری دارتاشیدا، ژمارەیەکیان لە چێشتخانە و دوکان و کارگە و باخچەدا دامەزراون، بەڵام هەلومەرجی ئابووری و دەرونی ئێستا ڕێگر بووە لە بەردەوامی ئەم بەرنامەیە و هەلی دامەزراندن بۆ ئەم گروپە داخستووە.

 

سەرەڕای هەندێک پشتگیری سنووردار کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە لە ڕێگەی سەبەتەی خۆراک و هاوکاری بچووکی نەختینەییەوە پێشکەش دەکرێت، ئیبتیسام زەباب وتی: ئەمڕۆ ئاواتەکانم گەورەترن، هەوڵدەدام وۆرک لشۆپە پیشەییەکان بکەمەوە و بەرنامەکانی چاکسازی فراوانتر بن، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی خوێندکاران.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا، کە ئاڵەنگاری کۆمەڵایەتی کەمتر قورس نییە، ئەمەش قبوڵکردنی سستی ئەم گروپەیە لەلایەن کۆمەڵگەوە، کە توانای پراکتیزەکردنی چالاکییە دەرەکی و وەرزشییەکانیان سنووردار دەکات، هەروەها کاریگەری لەسەر کوالیتی پرۆسەی پەروەردەیی دەبێت، لە ژێر ڕۆشنایی ڕاستیەکدا کە هێشتا هۆشیار و گشتگیری نییە