منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەهۆی کۆمەڵگاوە پەراوێز خراون

کۆمەڵگە تا ئێستا نەیتوانیوە تێڕوانینی خۆی بەرامبەر منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئۆتیزم بگۆڕن و بێ جیاوازی سەیریان بکەن، دوو دایکیش باس لە منداڵەکانیان و زەحمەتییەکانی ژیانیان دەکەن.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- هەڵەبجە بە هۆی ئەو ڕووداوانەی بەسەریدا هاتووە لە کیمیاباران، بۆردومان و ئەنفال، ڕۆژ بەڕۆژ نەخۆشی جیاواز و دیاردەی لە دایکبوونی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئۆتیزم ڕوو لە زیادبوون دەکات، وێڕای ئەو حاڵەتەی کە منداڵەکان تێیدا هەن، دایکانیش بە هەمان شێوە لە ئازار و خەمی منداڵەکانیاندا ژیان دەکەن.

 

ژنها بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی منداڵان و دایکانیان بەدواداچوونی کرد و سەردانی خوێندنگایەکی خاوەن پێداویستی تایبەتی کرد، تا لە نزیکەوە بە بارودۆخی دایکان و منداڵەکانیان ئاگادار بێت.

شه‌بۆ مه‌حمود، دایکی ژوان ژنێکی بە ڕووخسار هیلاک و ماندوو بوو، باس لە ژوانی کوڕی دەکات و دەڵێت: لە چل شەوی لە دایکبوونییەوە دەرکەوت خاوەن پێداویستی تایبەتە، پێ و قاچی نەبوو، نەشتەرگەری دڵ و قاچمان بۆکردووە ئیستاش بە نیازین نەشتەرگەری پشتی بۆ بکەین.

 

شه‌بۆ مه‌حمود باس لە ڕۆژانی بچوکی ژوان دەکات کە لەگەڵ هاوژینەکەیدا ماندوو بوون پێکەوەی و زۆربەی کاتەکانیان لە نەخۆشخانە بەسەر بردووە، دەشڵێت "ژوان لە خەڵک دەترسا و نەدەچووە ناو خەڵکەوە".

 

کۆمەڵگە نەیتوانیوە بێ جیاوازی سەیری منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بکات

ژوان ئێستا لە قوتابخانەیە و قوتابی یەکی سەرەتاییە، کۆمەڵگە تا ئێستا نەیتوانیوە تێڕوانینی خۆی بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و دۆخ جیاواز بگۆڕیت، هەمیشە بە چاوێکی کەم یاخود جیاوازەوە سەیری ئەو کەسانە دەکرێت و بڕوا بە تواناکانیان ناکرێت، بەڵام لە هەر دۆخێکدا خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان سەلماندوویانە ئەگەر ئەوان خاوەن پێداویستی بن، بەڵام خاوەن بەهرەی جیاوازن و لە چەندین لایەنی دیکەوە تواناییان هەیە.

 

دەربارەی وەرگرتنی لە قوتابخانە دایکی ژوان گلەیی لە مامۆستاکان دەکات و دەڵێت: کاتێک بردوومە لە قوتابخانە تۆماری بکەم مامۆستاکە وتویەتی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتە وەریناگرم و قوتابیم زۆرە.

"نەخۆشخانە چارەسەری منداڵەکەمی نەدەکرد"

شەونم حسێنی دایکێکی دیکەیە و بە دڵێکی پڕ و چاوی گریانەوە باس لە دۆخی منداڵەکەی دەکات و وتی: تا تەمەنی سێ ساڵ قسەی کەم بوو، نەمزانی کوڕەکەم چیەتی، دوای ئەوە هاتینە سەنتەری ئۆتیزمی هەڵەبجە وتیان کوڕەکەت ئۆتیزمی هەیە، تەنها لەم سەنتەرە چارەسەری هەبوو، چونکە لە نەخۆشخانە شروبێکیان پێ دەدا بێهۆشیان دەکرد.

 

دایە شەونم لە قسەکانیدا باسی لەوەکرد نەخۆشخانە نەیانتوانی چارەسەری منداڵەکەی بکەن جگە لە بێهۆشکردنی بۆیە وازم لە سەردانیکردنی نەخۆشخانە هێنا.

 

ئەو دایکانە باس لەوە دەکەن کە خەڵک کاتێک دەیانبینن قسە دەکەن و دایکان پێی بێتاقەت دەبەن، دایە شەونم داوا لە هاوڵاتیان دەکات کە بە ڕێزەوە سەیری منداڵانی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستی تایبەت بگرن چونکە ئەوانیش مرۆڤن و دۆخێکی جیاوازیان هەیە، ئاماژەی بەوەشدا: هەموو منداڵەکانم بە لایەک و ئەم منداڵەشم بە لایەک، ڕێز و خۆشەویستی لەسەر دڵمانە، پێویستە تێڕوانینی کۆمەڵگەش بگۆڕێت و هاوکارمان بن خەمەکانمان بڕەوێننەوە نەک ئەرکمان قورستر بکەن.

 

ت.پ