منداڵانی فەڵەستین لەنێوان چادرەکانی ئاوارەیی و گرانبوونی کەرەستەکاندا پێشوازی لە ساڵێکی نوێی خوێندن دەکەن
لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵێکی نوێی خوێندن، جەنگ لە غەززە بەردەوامەو هەزاران منداڵ لەنێوان چادرەکانی ئاوارەیی و گرانبوونی کەرەستەکانی خوێندن خۆیان لەبەردەم خوێندنێکی هەڵبەستراودا دەبیننەوە.
نەغەم کەراجە
فەڵەستین- لە باکووری کەرتی غەززە، چیڕۆکی خوێندن بە زەنگی بەیانیان یان ڕیزبوونی منداڵان لەبەردەم دەروازەی قوتابخانەیەکدا دەست پێ ناکات، بەڵکو لەژێر بنەمایەک لە قوماشدا، لەنێوان مێزە کەمەکان و تابلۆیەکی ڕەشدا کە بەشی هەزاران قوتابی ناکات، لێرەدا "قوتابخانە بێ سنوورەکان" هەوڵ دەدات مەودایەک بۆ فێربوون بە منداڵان ببەخشێت، دوای ئەوەی زۆرینەی ئەو قوتابخانانەی کە پێش جەنگ دەیانناسین گۆڕاون بۆ باڵەخانەی داروپەردوو یان ناوەندی پەنابەری بۆ ئاوارەکان.
نەوال ئەبو نادی، مامۆستا لە "قوتابخانە بێ سنوورەکان" و ڕێنماییکەری پەروەردەیی وتی: قوتابخانەکە لە ئایاری ٢٠٢٤ دامەزراوە، لە سەرەتاکانیدا یەکەم چادر بووە بۆ خوێندن لە باکووری کەرتی غەززە، بە پێشوازیکردنی لە نزیکەی ٥٠٠ قوتابی کچ و کوڕ دەستی پێکرد، پێش ئەوەی ژمارەکە بۆ نزیکەی هەزار کەس بەرزبێتەوە.
لەگەڵ گەڕانەوەی ژمارەیەک لە ئاوارەکان بۆ باکووری کەرتەکە، قوتابخانەکە لە شەقامی جەلا گواسترایەوە بۆ زەویی کەتیبە لە ڕۆژئاوای شاری غەززە، مەوداکەی فراوان بوو تاوەکو ژمارەی قوتابیەکانی گەیشتە نزیکەی سێ هەزار، نەوال ئەبو نادی وتی: کە ێومەش کردیە گەورەترین قوتابخانەی مەیدانی لە باکووری کەرتی غەززەدا.
ڕوونیکردەوە، کە ژمارەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندان لە ئەنجامی پێویستی بەپەلە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی پەروەردەیی لە سایەی نەبوونی قوتابخانەی پارێزراودا، چونکە زۆرێک لە باڵەخانە قوتابخانەییەکان گۆڕاون بۆ ناوەندی پەنابەری بۆ ئاوارەکان، لە کاتێکدا منداڵان پێویستیان بە شوێنێک هەیە تێیدا هەندێک لە ژیانی ئاساییان بۆ بگڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە دامەزراندنی قوتابخانەکە ئەرکێکی ئاسان نەبووە، چونکە ئەزموونەکە بە توانایەکی زۆر سنوردار دەستی پێکرد، وتی: لە سەرەتاتەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووینەوە، لە دابینکردنی چادر و زەوییەکانەوە تاوەکو دەگاتە مسۆگەرکردنی سادەترین مەرجەکانی ژینگەی پەروەردەیی، سەرچاوەکان کەم بوون، بەڵام توانیمان یەکەم قوتابخانە لە شەقامی جەلا دروست بکەین.
پلەی گەرمی بەرز لە مانگەکانی هاویندا تەنها ئاستەنگ نەبوو، بەڵکو قوتابخانەکە ناچار بوو پشت ببەستێت بە بەخششە سنووردارەکان بۆ دابینکردنی فێنککەرەوە، لە کاتێکدا کەمی کەرەستە پەروەردەییەکان لە یەکەم ڕۆژەکانەوە بەردەوامە، وتی: ئێستا ڕووبەڕووی کەمییەکی زۆر توند دەبینەوە لە مێزەکانی خوێندن و تابلۆ پەروەردەییەکاندا، داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین کە پشتیوانیمان بکەن لە دابینکردنی ئەم پێویستیانە، چونکە ژمارەی ئەو منداڵانەی حەز بە فێربوون دەکەن لە تواناکانی بەردەست زیاترە.
بارگرانی فرەجۆر ڕووبەڕووی خێزانەکان دەبێتەوە
قەیرانەکە لە پێکهاتەی ماددی قوتابخانەکەدا ناوەستێت، ئەو خێزانانەی هەوڵ دەدەن منداڵەکانیان بنێرنە پۆلەکانی خوێندن، ڕووبەڕووی بارگرانییەکی تر دەبنەوە کە خۆی لە بەرزبوونی نرخەکانی کاغەز و کەرەستەی نووسین و جلوبەرگ و کەرەستە پەروەردەییەکاندا دەبینێتەوە لە کاتێکدا جەنگ سەرچاوەی داهاتی زۆرینەی خێزانەکانی ماندوو کردووە.
نەوال ئەبو نادی وتی: نرخەکانی کاغەز و پێداویستییەکانی خوێندن بەرز بوونەتەوە، زۆرێک لە خێزانەکان توانای کڕینیان نییە بۆ منداڵەکانیان، بۆیە منداڵەکە دێتە قوتابخانە بێ ئەو کەرەستانەی کە پێویستین، ئەمەش بارگرانی لەسەر قوتابخانە و مامۆستاکان زیاد دەکات و دابینکردنی پێداویستییەکانی نووسین دەکاتە بەشێکی سەرەکی لە پرۆسەی خوێندن، نەک شتێکی لاوەکی.
ئەم شایەتحاڵییە لەگەڵ ئەوەدا دەگونجێت کە یونسێف لە ڕاپۆرتەکەیدا، کە لە ئایاری ٢٠٢٦ تۆماری کردووە؛ کاتێک ئامامژەی بەوەشکرس، کە نزیکەی ٧٠٠ هەزار منداڵ لە غەززە، لە تەمەنی چوار ساڵییەوە تاوەکو ١٧ ساڵی، بێبەش بوون لە خوێندنی ئامادەی فەرمی بۆ نزیکەی سێ ساڵی خوێندنی بەدوای یەکدا، و نزیکەی ٤٢٠ هەزار منداڵ، واتە سێ لە هەر پێنج منداڵێک، هیچ گەیشتنێکیان بە خوێندنی ئامادەیی نەبووە، هەروەها نزیکەی ٩٨٪ی باڵەخانەکانی قوتابخانەکان زیانیان پێگەیشتووە، لەگەڵ پێویستی زیاتر لە ٩٣٪یان بە نۆژەنکردنەوەی گەورە یان بونیادنانەوەی تەواو.
مەترسی ڕێگاکە بۆ شوێنەکانی فێربوون قورسی ئەرکەکە زیاد دەکات؛ چونکە یونسێف هۆشداری دا لەوەی کە نزیکەی ٦٠ ملیۆن تۆن لە پاشماوەکان ڕێگاکان دەگرن و پاشماوەی تەقەمەنی لەنێویاندا دەشارنەوە، ئەوەش گەیشتنی منداڵان بۆ شوێنەکانی فێربوون لە زۆرێک لە ناوچەکاندا مەترسیدار دەکات.
لە "قوتابخانەی بێ سنوور"، کارمەندەکان هەوڵدەدەن مامەڵە لەگەڵ لایەنێکی دیکەی کاریگەرییەکانی شەڕ بکەن کە لە نەبوونی مێز و پەرتوک کەمتر جددی نییە: ئەویش ئەو زەبر و زەنگە دەروونییەی کە منداڵان لەگەڵ خۆیان دەیانبەنە ناو چادرەکانی قوتابخانەکان.
بەردەوامبوون لە خوێندن... پەیامێکی چالاک و پێداگری
ڕوونیکردەوە، کە هاتن بۆ قوتابخانە ئاسان نییە لە سایەی بۆردومان و دەنگی فڕۆکەکان و مەترسییە دەورەوبەرەکان، بەڵام پەیامێکی پێداگری و سووربوون لەسەر بەردەوامبوون دەنوێنێت، زۆرێک لە منداڵان باوک یان دایک یان ئەندامێکی خێزانەکانیان لەدەستداوە، هەندێکیان دیمەنیان بینیوە کە لە سەرووی تواناوەیە بۆ بەرگەی منداڵ.
بوونی توێژەرە دەروونییەکان بە شێوەیەکی ڕۆژانە بۆ بەدواداچوونی ئەم حاڵەتانە شتێکی پێویستە، قوتابخانە تەنها زانیاری بە منداڵ نابەخشێت، بەڵکو بە کاتی لە کەشوهەوای ترسی و فشار دەری دەهێنێت، مەیدانێکی بۆ دابین دەکات بۆ دەردانی دەروونی و تێکەڵبوون لەگەڵ هاوڕێکانیدا، ئەمەش جیاوازییەکی گەورە لە توانایدا دروست دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زەبرەکەدا.
لە ڕوانگەیەکی دادپەروەرییەوە، بێبەشکردنی منداڵان لە خوێندن یان خستنە مەترسی گەیشتنیان پێی، دەستدرێژییە بۆ سەر مافێکی بنەڕەتی کە مادەی ٢٨ لە پەیماننامەی مافەکانی منداڵ مسۆگەری کردووە، کە دەوڵەتان پابەند دەکات بە ڕەخساندنی خوێندن بۆ منداڵان لەسەر بنەمای یەکسانی دەرفەتەکان،هەروەها یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی پاراستنێکی تایبەت بۆ منداڵان دەسەپێنێت و مسۆگەرکردنی بەردەوامبوونی خوێندنیان لە بارودۆخی ململانێدا، کە ئەوەش داڕمانی ژینگەی پەروەردەیی و نەبوونی شوێنی پارێزراو بۆ فێربوون دەکاتە پێشێلکارییەک بۆ مافەکانیان و کاریگەری مەترسیدار لەسەر داهاتوویان.
سەرەڕای سنورداری سەرچاوەکان، "قوتابخانەی بێ سنوور" هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هاوبەشی سنووردارەوە بەردەوام بێت، نەوال ئەبو نادی ڕوونیکردەوە، کە پڕۆژەکە وەک دەستپێشخەرییەکی کەسی دەستی پێکرد، پێش ئەوەی بازنەی پشتگیری فراوان ببێت بۆ ئەوەی چەندین دەزگا بگرێتەوە، تاوەکو دەگاتە هاوبەشی ئێستا لەگەڵ دەزگای "النیرک"، کە یەکێکە لە هاوبەشەکانی یونسێف.
وتیشی: پشتیوانی ئێستا پۆلەکانی چوارەم تاوەکو نۆیەم دەگرێتەوە، لە ڕێگەی پاداشت بۆ هەندێک لە مامۆستاکان و دابینکردنی بەشێک لە کەرەستەی نووسین و دوو چادری فێربوون، بەڵام قۆناغی باخچەی ساوایان تاوەکو پۆلی سێیەم تا ئێستا لایەنی پشتگیریکاری نییە، مامۆستاکانی تیایدا تا ئێستا بە شێوەیەکی خۆبەخشانە ڕۆژانە کار دەکەن.
نەوال ئەبو نادی ترسی خۆی ناشارێتەوە لەوەی کە بەردەوامبوونی نەبوونی پشتگیری بێتە هۆی فراوانکردنی کەلێنی پەروەردەیی، بەتایبەت لەلای منداڵە بچووکەکان کە پێویستیان بە خوێندنی بنەڕەتی و چاودێری دەروونییە لە هەمان کاتدا.
لە کەرتی غەززەدا کە جەنگی ئیسرائیلی ژێرخانی پەروەردەییەکەی ماندوو کردووە، چادری قوتابخانە وەک هەوڵێکی سادە دەردەکەوێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکی گەورە، چونکە یونسێف جەختی کردەوە لەوەی کە نزیکەی ٧٠٠ هەزار منداڵ لە غەززە گەیشتنی ڕێکخراویان بۆ خوێندنی ئامادەیی لەدەستداوە، لە کاتێکدا زۆرینەی باڵەخانەکانی قوتابخانەکان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی گەورە یان بونیادنانەوەی هەیە.
لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵێکی نوێی خوێندن، هەزاران منداڵ لە غەززە ڕووبەڕووی ڕاستییەکی سەخت دەبنەوە کە ڕێگری دەکات لە گەڕانەوەی ئاساییان بۆ خوێندن؛ زۆرێک لە خێزانەکان ناتوانن کەرەستەی نووسین و پێداویستییەکانی قوتابخانە دابین بکەن لە سایەی بەرزبوونی نرخەکانیان و تێکچوونی بارودۆخی ژیانیان، لە بەرامبەردا، منداڵانی تر لە شوێنی ئاوارەییدا دەژین کە لە پێکهاتەکانی ژیانی سەرەتایی خاڵییە، لەگەڵ نەبوونی ژینگەی پارێزراو و ئامادەکراو بۆ فێربوون، لەنێوان چادرەکان و ناوەندەکانی پەنابەریدا، ئەم منداڵانە هەوڵ دەدەن مافی خۆیان بۆ خوێندن لەنێوان کاریگەرییەکانی جەنگ و لەدەستدان و ئاوارەییدا بگەڕێننەوە.