منداڵان شەقامەکانیان بەجێهێشت و شاشەکان جێگەی یاریکردنیان گرتەوە

شەقایق. هە، مامۆستای پۆلی یەک لە کرماشان، دەڵێت: کەمبوونی ناوچەکانی یاری و بڵاوبوونەوەی پەروەردەی ئۆنلاین، پشتبەستنی منداڵان بە مۆبایل و جیهانی ئۆنلاین زیاد دەکات و کوچە و کۆڵانەکان چۆڵ بوون و شاشە شوێنی یارییەکانی گرتووەتەوە.

سارا پورخەزری

 

کرماشان - ئەمڕۆ، دەرفەتەکانی منداڵان بۆ یاریکردنی بە کۆمەڵ، هاتنە دەرەوە بۆ کۆڵان و پەیوەندی ڕاستەوخۆ بە ژینگەکەیانەوە کەمەبوورتەوە، منداڵان لە تەمەنی منداڵییەوە دەبنە دیلی دەستی مۆبایل، تابلێت و یارییە کۆمپیوتەرییەکان، بڵاوبوونەوەی مۆبایلی سەردەمی و دەستگەیشتنی ئاسان بە ئینتەرنێت، زۆرێک لە منداڵانی بەم ئامێرانەوە بەستەوە و یارییە نەریتییەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بوون بە شاشە.

 

ئەم ئاڕاستەیە تەنها وەکو هەڵبژاردنێکی تاكەکەسی یان چاندی هەڵسەنگاندنی بۆ ناکرێت، زنجیرەیەک هۆکاری کۆمەڵایەتی، سیاسی و کارگێڕیش ڕۆڵ لەم شێوەگرتنەدا دەگێڕن، کەمبوونی شوێنە گشتییەکان و پارکە گونجاوەکان بۆ منداڵان، بووە هۆی زیادبوونی نەبوونی ئارامی لە ژینگەکانی شاردا، نرخی گران بۆ سەرگەرمی و سەرچاوە ئابوورییە سنووردارەکانی خێزانەکان و دەرفەتەکانی منداڵان بۆ یاری و پەیوەندی کۆمەڵایەتی کەم کردەوە.

 

لە لایەکی ترەوە، بە تایبەت دوای فایرۆسی کۆفید-١٩ گواستنەوەی پەروەردە بۆ ژینگەی ئۆنلاین، پشتبەستنی منداڵانی بە مۆبایل و ئینتەرنێت زیاتر بوو، لەو بارودۆخەی کە دەستگەیشتنی زۆرێک لە خێزانەکان بە دەرفەتە پەروەردەیی و خۆشگوزەرانییەکان بە شێوەیەکی پێویست نییە، جیهانی ئۆنلاین بووەتە یەکێک لەو چەند هەڵبژاردنەی کە منداڵان بۆ پەروەردە و خۆشی تێیدا جێگیر دەبن.

 

کوچە و کۆڵانەکان چۆڵ بوون و شاشە شوێنی یارییەکانی گرتەوە

شەقایق. هە، مامۆستای پۆلی یەک لە کرماشان، تیشکی خستەسەر ئەم گۆڕانکارییەو وتی: بە ئاسانی دەتوانم بڵێم لە ساڵی ٢٠١٩ەوە دەرفەتی سنووردار بۆ خوێندن نەماوە، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩، پەروەردە گۆڕا بۆ ژینگەیەکی ئۆنلاین، بەهۆی نەبوونی ژێرخانی پێویست، ژمارەیەکی زۆر لەو خوێندکارانەی کە دەستیان بە مۆبایلە سەردەمیەکان نەگەیشت، بە شێوەیەکی کاریگەر لە سیستەمی پەروەردە دوورخرانەوە، لە کاتێکدا منداڵانی دیکەش بەشدارییان لە وانەکانی ئۆنلاین دەکرد، بەڵام نزیکەی هیچ فێر نەبوون و دایکیان ناچار بوون بەشداری وانەکان بکەن، چونکە لە ژینگەی ئۆنلاین هیچ شتێک نەبوو سەرنجی منداڵان ڕابکێشێت، بەم شێوەیە منداڵان فێری دەستگەیشتن بە جیهانی ئۆنلاین بوون، بەڵام لە خوێندن دوورخرانەوە،  لە لایەکی دیکەوە، بەو پێیەی لە کرماشان شوێنی پێوەر و گونجاو بۆ یاریکردنی منداڵان نەبووە، خێزانەکان ناچار بوون منداڵەکانیان فێری یارییە کۆمپیوتەرییەکان بکەن، کە ئەمەش خاڵی دەستپێکی ئاڵوودەبوونی منداڵانی کرماشان بە جیهانی ئۆنلاین بوو.

 

بەپێی داتاو سەرچاوە زانیارییەکانی ئێستا، بە نزیکەی نیوەی منداڵانی وڵات ڕۆژانه لە شەش کاتژمێر زیاتر کاتی خۆیان لە جیهانی ئۆنلایندا بەسەر دەبەن، بێگومان ئەمە ڕێژەیەکی ترسناکە، چونکە کاتێک مرۆڤ ئەمە لەگەڵ ناوەندی جیهانی بەکارهێنانی ئینتەرنێتی ڕۆژانەی منداڵان بەراورد دەکات، قەیرانێک نیشان دەدات.

 

لە خۆشییەوە بەرەو گۆشەگیری: جیهانی ئۆنلاین چۆن گۆڕا بۆ ئامرازێکی کۆنتڕۆڵ؟

گۆڕانی شێوازی ژیانی منداڵان، ناتوانرێت تەنها وەکو ئەنجامی بڕیارە تێکچووەکانی حوکمەت هەژمار بکرێت، دەبێت سیاسەت و بۆچوونەکانیش کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی نەوەی نوێ هەەیە لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت، لە ڕژێمە پاوانخوازەکاندا، دروستکردنی وابەستەیی دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی، لەم ڕووەوە، وابەستەیی منداڵان بە جیهانی ئۆنلاینەوە، بە سنوردارکردنی شوێنە گشتییەکان و خۆشییەکانەوە، دەتوانێت سەرنجیان، لێهاتووییان لە بیرکردنەوەی سەربەخۆ و بەشداری کۆمەڵایەتییان لاواز بکات، ئەم پرۆسەیە تەنها کێشەیەکی چاندی یان تەکنۆلۆژی نییە، بەڵکو دەبێت ڕۆژی سیاسەتکردن و بەرژەوەندییە سیاسییە درێژخایەنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت.

 

”نەوەی گەنج لەلایەن وابەستەییە زیانبەخشە جیاوزەکانەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە”

لەیلا. ف، ڕۆژنامەنووس لە کرماشانەوە ئاماژەی بەوەدا، کە لە یەکەم نیگادا ڕەنگە ئالوودەبوونی منداڵان بە جیهانی ئۆنلاین وەک دەرئەنجامی نەبوونی بژاردەی جێگرەوە بۆ کات بەسەربردن دەرکەوێت و وتی: بەڵام کێشەکە لەوەش ئاڵۆزترە، کرماشان لە ڕیزی ئەو پارێزگایانەدایە کە زۆرترین ڕێژەی ئالوودەبوون لە نێو گەنجاندا هەیە، ئەم ڕاستییە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە نەوەی گەنج لە ژێر هەڕەشەی ئالوودەبوونە زیانبەخشە جیاوازەکاندایە و لە زۆر حاڵەتدا لەبری بەشداری چالاکانە لە کۆمەڵگەدا بەرەو تەنیایی و کشانەوە پاڵدەنرێت، لە ژینگەیەکی وادا ئەو منداڵانەی لە دەرەوەی ئەم خولە دەمێننەوە ڕووبەڕووی جۆرێکی تری تەنیایی دەبنەوە و ئەم تەنیاییەش بەهۆی لاوازبوون یان لەدەستدانی ژێرخانی کۆمەڵایەتییەوە دروست دەبێت، کاتێک هەلی کار کەم دەبێتەوە، کەشی گشتی بەرتەسک دەبێتەوە، دەرفەتی کات بەسەربردن و کولتووری نامێنێت و دەرفەتی کارلێکی کۆمەڵایەتی تەندروست کەم دەبێتەوە، منداڵان و گەنجان زیاتر ڕوو لە ژینگەی داخراوی ماڵ و جیهانی ئۆنلاین دەکەن، دەرئەنجامی ئەم پڕۆسەیە دروستکردنی نەوەیەکی گۆشەگیر و لاواز و "لەگەڵ وابەستەیی جیاوازدا ململانێ دەکات، لە کۆمەڵگەیەکی ئاوادا دروستکردنی نەوەیەکی ناچالاک و گۆشەگیر و گوێڕایەڵ ئاسانتر دەبێت.

 

دەتوانێت ببێتە هۆی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی زیاتر گۆشەگیر

لە کۆتاییدا وابەستەبوونی منداڵان بە ئینتەرنێت، تەنها کێشەیەکی پەروەردەیی یان تەکنۆلۆژی نییە، لە هەمان کاتدا نیشانەی لاوازبوونی پەیوەندییەکانی مرۆڤ، شوێنە هاوبەشەکان و ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکانە لە ناو کۆمەڵگەدا، هەر هەنگاوێک کە ئەم شوێنانە زیاتر سنووردار ببن و هیوا کۆمەڵایەتییەکان زیاتر کەم ببنەوە، منداڵان زیاتر ئاراستەی جیهانی ئۆنلاین دەبن، ئەگەر ئەم پرۆسەیە بە بێچالاکی یان سروشتی خۆپەرەستی پێکهاتەی دەسەڵاتەوە یەک بگرێت، دەتوانێت ببێتە هۆی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی زیاتر گۆشەگیر، دابەشبوو و بێهێز، کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگەیەکی بەم شێوەیە ئاسانترە و بەرەنگاربوونەوە قورستر دەبێت.