لەناو دار و پەرتووک... ژنێکی فەڵەستینی لە داروپەردوو هیوایەک بۆ خێزانەکەی دروست دەکات

دایکێکی فەڵەستینی خەبات دەکات بۆ بژێوی خێزانەکەی لە ڕێگەی کۆکردنەوە و فروشتنی دار، لە هەمان کاتدا پەرتووکەکان لە نێو داروپەردووەکاندا دەردێنێتەوە تا ژیانێکی نوێیان پێ ببەخشێت لە ناوەڕاستی وێرانکارییەکاندا

نەغم کەراجە
غەززە ـ نیڤین غرابلی ئیتر تەنها بە دوای دار لە نێوان داروپەردووی خانووەکاندا ناگەڕێت، بەڵکو بە دوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێت کە خێزانەکەی بە زیندوویی بهێڵێتەوە، لە نێوان ئەو داروپەردووەی کە جەنگ لەدوای خۆی بەجێی هێشتووە، ئەوەی بتوانێت لەسەر شانەکانی هەڵی دەگرێت، لە کاتێکدا سێ کچەکەی لە تەنیشتیدا دەڕۆن، کە بەر لەوەی واتای ژیانی ئاسایی بزانن، بەرپرسیارێتی تەواو ماندوویکردوون، لە هەر گەشتێکی پڕ لە زەحمەتدا، دەستە بچووکەکان درێژ دەبن بۆ هەڵگرتنەوەی پارچە تەختەکان، لە کاتێکدا لە پشتی دیمەنەکەوە چیرۆکی دایکێک شاردراوەتەوە کە خۆی لە بەردەم هەژاری و ئاوارەیی و نەخۆشیدا بە تەنها بینیوەتەوە، بێ ئەوەی خۆی بداتە دەستەوە.

تەمەنی نیڤین غرابلی (٤١ ساڵە) و دایکی حەوت مناڵە، سێیان خاوەن پێداویستی تایبەتن بەهۆی پووکانەوەی مێشکەوە و پێویستیان بە چاودێری بەردەوام هەیە لە سایەی نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی و تێکچوونی دۆخی مرۆیی، هاوژینەکەشی بەدەست نەخۆشی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە دەناڵێنێت، کە ئەوەش توانای کارکردنی لەدەست داوە، بەمەش بەرپرسیارێتی دابینکردنی بژێوی تەواوی خێزانەکە تەنها کەوتووەتە سەر شانی ئەو.

لە کاتی یەکەم ئاوارەبوونییەوە لە گەڕەکی "شوجاعیەی" ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی غەززەوە بۆ شاری ڕەفەح، هیچ بژاردەیەکی تر نەبوو جگە لە کارکردن لە کۆکردنەوە و شکاندن و فروشتنی تەخت، لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی پچڕانی گازی چێشتلێنان و پشتبەستنی هەزاران خێزان بە هەڵکردنی ئاگر بۆ ئامادەکردنی خۆراک، لە بەرەبەیانێکی زووەوە دەردەچوو و ڕێگەی دووری دەبڕی بە دوای هەر پارچە تەختەیەکدا کە بتوانێت پارەی نانێکی پێ دابین بکات.

لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێکردنی ئاگڕبەست لە کۆتایی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، هەرچی پاشەکەوت کردبوو کۆی کردەوە و خەرجی کرد لەسەر کرێی گواستنەوەی ئەوەی لە کەلوپەلی خێزانەکەی مابووەوە بۆ گەڕانەوە بۆ شاری غەززە، لەوێ چادرێکی بچووکی لە یەکێک لە شەقامەکانی ڕۆژئاوای شارەکەدا هەڵدا، تا گەشتێکی نوێ لە خەبات دەست پێبکات، بەڵام ئەمجارەیان لە ناوەڕاستی شارێکدا کە زۆربەی گەڕەکەکانی بوونەتە کۆمەڵێک داروپەردوودا.
 


گەشتی ڕۆژانە لە نێوان داروپەردوودا

ڕێگای سەرچاوەکانی دار نە کورت بوو و نە پارێزراوە بوو، زۆربەی ڕۆژەکان لەگەڵ سێ کچەکەیدا بە پێ دەڕۆیشتن بۆ گەڕەکی شێخ ڕەزوان، هەندێکجاریش بۆ شارۆچکەی بەیت لاهیا، مەودای دووریان بە پێ دەبڕییەوە و جانتا و کەرەستەی سادەیان هەڵگرتبوو و دەستیان دەکرد بە گەڕان بەدوای دارە بەکارهێنراوەکاندا.

کچەکان لە تەمەنی ڕاستەقینەی خۆیان گەورەتر دەردەکەون، لە جیاتی مێزی قوتابخانە، کاتژمێرێکی زۆر لە ژێر خۆر و لە نێو خۆڵ و داروپەردوودا بەسەر دەبەن و پارچە دارە قورسەکان هەڵدەگرن و ئەوەی لە دار و دەرگا و پەنجەرەی شکاو دەمێنێتەوە کۆیدەکەنەوە، لە کاتێکدا دەستیان لە توندی کارەکە درز و نیشانەکانی ماندوێتی لەسەر دەموچاویان دەردەکەون.

نیڤین غرابلی لە کاتێکدا چاودێری کچەکانی دەکات لە کاتی سەرقاڵبوونیان بە کۆکردنەوەی دارەکان وتی: ئەوەی زیاتر ئازارم دەدات ئەوەیە کە دەبینم کچەکانم ئەم بارە قورسە هەڵدەگرن لە شوێنی ئەوەی جانتای قوتابخانەیان هەڵبگرن، ئاواتەخوازم بتوانم ژیانێکی شایستە بە تەمەنیان پێ ببەخشم، هەر جارێک کە لەگەڵم دەردەچن، نزا دەکەم بە پارێزراوی بگەڕێنەوە، ڕۆژێک لە ڕۆژان وێنەی ئەوەم نەدەکێشا کە گەڕان بە دوای داردا ببێتە کاری ڕۆژانەیان، بەڵام پێویستی لە هەموو ئاواتەکان قورسترە.

سەرەڕای سەختی، هەوڵدەدات سەختی گەشتەکە بۆیان کەم بکاتەوە، باری دارەکان لەگەڵیاندا هاوبەش دەکات و لە کاتی ڕۆیشتن گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکات، بۆ ئەوەی هەست بە درێژیی مەودا و قورسایی ئەو شتانە نەکەن کە هەڵیدەگرن، بەڵام ماندوێتی لە هەنگاوە خاوەکانیان و لە نیگاکانیاندا دیارە، کە گەورەیی ئەو بەرپرسیارێتییە ئاشکرا دەکات کە لە ساڵانی شەڕەوە بەسەریاندا سەپێنراوە.

دوای چەندین کاتژمێر لە جوڵەکردن لە نێو داروپەردوودا، نێڤین غەرابلی و کچەکانی بە بارگاویییەوە دەگەڕانەوە بە هەر دارێک کە دەیانتوانی کۆیان بکەنەوە، بۆ ئەوەی قۆناغێکی دیکە دەستپێبکەن کە کەمتر توند نەبوون، وەک چۆن دەیانشکاند و ڕێزیان دەکرد و دەیبەستنەوە بۆ کۆپلەی بچووک وەک ئامادەکارییەک بۆ فرۆشتنی بەو خێزانانەی کە پشت بە دار دەبەستن بۆ چێشت لێنان دوای بڕینی غازەکە.

بەخشینی هیوا بە خوێنەران لە ناوەڕاستی جەنگدا
لە کاتێکدا، دەستەکانی بە تەورەکەوە سەرقاڵی بڕینەوەی تەختە بوون، چاوەکانی لە نێوان داروپەردووەکەدا ئەو پەرتووکانەیان دەدۆزییەوە کە لە بۆردوومانەکان ڕزگاریان ببوو، تۆزی لەسەر بەرگەكانیان دەسڕییەوە و لە ناو جادرەکەدا دەیپاراستن، پاشان بە دوای یەکدا دەیخوێندنەوە هەركاتێک دەرفەتی هەبووایە، یەکەم پەرتووک کە دۆزییەوە هەڵگری ناونیشانی "شعر عربي" بوو، بە جوانی زمانەکەی سەرسام بوو، بە سەرسامیەوە دەستی کرد بە هەڵگەڕانەوەی لاپەڕەکانی، هەرچەندە خوێندنی فەرمی تەواو نەکردبوو، وتی: هەر پەرتوکێک کە دەدۆزمەوە هەستم دەکرد ڕۆحێک لە ژێر داروپەردووەکان ڕزگار بکەم، نەمدەتوانی بەجێی بهێڵم کە بەر زیان یان سووتان بکەوێت، هەموو ئەو پەترتوکانەم خوێندەوە کە دەستم پێی دەگات.

کاتی زۆری نەبرد تا هەندێک لە ڕێبواران تێبینی ئەو پەرتوکانەیان کرد کە کۆی دەکردنەوە، یەکێکیان پێشنیاری کڕینی لێکرد بۆ بەکارهێنانی لە هەڵکردنی ئاگردا، لە کاتێکدا یەکێکی تر داوای کرد بەشێکیان ببات بۆ بەکارهێنانی لاپەڕەکانی لە پێچانەوەی جگەرەدا، بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە.

وتیشی: لەوانەیە دار بفڕۆشم بۆ بژێوی خێزانەکەم، بەڵام پەرتوکەکان نافرۆشم ئەگەر بە کەسێک نەبێت کە بییانخوێنێتەوە، سووتاندنی زانست زیانێکی کەمتر نییە لە زیانی لەدەستدانی خانووەکان، هەستم دەکرد ئەم پەرتووکانە لە جەنگ ڕزگاریان بووە وەکو چۆن ئێمە ڕزگارمان بوو، بۆیە مافی ئەوەم نییە بهێڵم بسووتێن.

لەو بیرۆکە سادەیە، پڕۆژەیەکی بچووک لەدایک بوو، کارەکتەری جیاوازی بە شوێنەکە بەخشی، حەوت مانگ لەمەوبەر گۆشەیەکی بێگەردی لە تەنیشت ئەو کۆمەڵە دار و کارتۆنانەی کە کۆی دەکاتەوە، پەتوکەکانی بەپێی قەبارە و بابەتەکانیان ڕێکخستووە، بۆ ئەوەی پێشکەشی ئەو کەسانە بکات کە ئارەزووی خوێندنەوەیان هەیە بە نرخێکی ئاماژەی لە نێوان هەشت بۆ دە شواقل، ئامانجی ئەو ئەوەندەی قازانج نەبوو کە پەرتوک بگەیەنێتە ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی، زۆرجار گەنجان یان منداڵێک کە توانای کڕینی پەرتوکێکیان نەبوو دەهاتنە لای، ئەویش ڕێگەی پێدەدا بە قەرز وەریبگرن و دوای تەواوکردنی بیگەڕێننەوە، بە زەردەخەنەوە وتی: نامەوێت کەس بێبەش بێت لە خوێندنەوە، چونکە توانای کڕینی پەرتوکێکی نییە، کاتێکیش دەبینم کەسێک دێتەوە و پێم دەڵێت خوێندنەوەی پەتوکەکی تەواو کردووە، هەست دەکەم هەوڵەکانم بێهودە نەبوون.

 

 

سەرەڕای ئەوەی بارودۆخ بێبەشی کرد لە تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی، بەڵام خولیای فێربوونی ڕۆژێک لە ڕۆژان نەکوژایەوە، بەردەوام بوو لە فێربوونی زمانی ئینگلیزی بە تەنها لە ڕێگەی مۆبایل و تەلەڤزیۆنەوە، تا توانی بە ڕەوانی قسەی پێبکات، بڕوای وابوو کە فێربوون بە بڕوانامە سنووردار ناکرێت و جەنگ ڕایناگرێت، وتی: لە کورسییەکانی خوێندن بێبەش بووم، بەڵام ڕێگەم نەدا کەس بێبەشم بکات لە فێربوون، هر لاپەڕەیەک کە دەیخوێنمەوە وام لێدەکات هەست بکەم بەشێک لە خۆم دەگەڕێنمەوە کە جەنگ هەوڵی دا لێم بسێنێتەوە، پێش ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، نیڤین غرابلی لە کارگەیەکی بەرگدووریندا کاری دەکرد، لەوێ بەرپرسیاری تێکردنی جلوبەرگ بوو لە ناو کيسە بلاستیکییەکاندا، توانی لە داهاتە سادەکەیەوە تێچووی خوێندنی کچەکەی لە قۆناغی ئامادەییدا بدات، پێداویستییەکانی خێزانەکەی دابین بکات بێ ئەوەی داوای یارمەتی لەکەس بکات.

ئەمڕۆ، خێزانەکە لە ناو جادرێکدا دەژین کە بێبەشە لە سادەترین پێداویستییەکانی ژیان، نه دەستشۆرێکی تایبەت هەیە و نه داڵدەدانێکی گونجاو، لە کاتێکدا نیڤین و کچەکانی ناچارن دەفرێک هەڵبگرن بۆ ڕێگەی دوور و پاشان ئامادەکردنی خۆراک لەسەر ئاگری دار لە نێوان دووکەڵێکی چڕدا، لە دیمەنێکدا کە بووەتە بەشێک لە وردەکارییەکانی ڕۆژانەیان.

دڵی پڕي لە ئازار هەر کاتێک دەڕوانێتە بچووکترین کوڕی کە تەمەنی (٥ ساڵە)، کە وەک پێویست دەستی بە خوێندن نەکردووە، زۆربەی کاتەکانی لە پەنایدا بەسەر دەبات و یارمەتی دەدات لە ڕێکخستنی دارەکان و چاودێریکردنی پەرتوکەکان، بە دەنگێک کە پڕ لە پەژارەیە وتی: خەونم دەبینی ببینم جانتای قوتابخانەکەی هەڵگرتووە، نەک پارچە دار لەگەڵم هەڵبگرێت، دەترسم منداڵییەکەی لە ناو چادرەکەدا بەسەرببات بەر لەوەی واتای قوتابخانە بزانێت.

لەکۆتای قسەکانیدا وتی: داوای ژیانێکی خۆشگوزەران ناکەم، بەڵکو ماڵێکم دەوێت پەنامان بدات، خوێندن بۆ منداڵەکانم، دەرفەتێکی کار کە کەرامەتمان بپارێزێت، سەبارەت بە جەنگ، ئەوەی بەشی بکات لێی سەندۆتەوە