لە ئەفغانستان ژنانی بەتەمەن خزمەتی خێزان دەکەن

لە ئەفغانستان، بەتەمەنەکان بۆ زۆرێک لە ژنان بە هەژاری، نەخۆشی و پشتبەستن بە کەسانی تر دیاری دەکرێت، ئەو ژنانەی کە بە ساڵان چاودێری خێزانەکانیان کردووە، ئێستا ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی داهات و سەختی دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی دەبنەوە.

بەهاران لەهیب

 

ئەفغانستان- چوونە تەمەن بووەتە کێشەیەکی جددی لە ئەفغانستان، زۆرێک لە خێزانەکان هیوادارن منداڵیان هەبێت بۆ ئەوەی لە تەمەنی پیریدا بە تەنها نەبن، بە تایبەتی دەیانەوێت کوڕیان هەبێت، بەڵام ئەم هیوایە هەمیشە بەدی نایەت.

 

لە زۆرینەی خێزانەکاندا، سەرمایە و موڵک لە دەستی پیاواندایە، دایک و باوک هەندێک جار ڕەتی دەکەنەوە موڵکەکانیان لە نێوان منداڵەکانیاندا دابەش بکرێت تاوەکو کۆتایی ژیانیان، بۆ ئەوەی پشتگیری کوڕەکانیان لەدەست نەدەن ئەمە دەکەن، هەرچەندە بەپێی یاسای ئیسلامی ژنان مافی پشکی میراتییان هەیە، بەڵام لە زۆرێک لە خێزانەکاندا ژنان بۆ سەلماندنی مافەکانیان ڕووبەڕووی فشار و بۆچوونی نەرێنی دەبنەوە، هەندێک برا هەن کە هەوڵ دەدەن ئەوان لە میرات دەربکەن.

 

لە ٪٤ی دانیشتووانی ئەفغانستان لە کەسانی ٥٥ ساڵ و سەرووتر پێکهاتووە

بەڵام، هێندەی دایک و باوک بەتەمەن دەبن، بەشێکی گرنگی بەرپرسیارێتی چاودێریکردنیان دەکەوێتە سەر شانی کچەکانیان، زۆرێک لە ژنان چاودێری دایک و باوکی بەتەمەنیان دەکەن، تەنانەت دژی خواستەکانی هاوژینەکانیشیان دەوەستنەوە، بە گشتی دۆخی پیاوان لە ڕووی بەتەمەنیانەوە باشترە، چونکە لەوانەیە خاوەنی زەوی، خانوو یان خانەنشینی بن، بەڵام زۆرێک لە ژنانی بەتەمون، دوای ساڵانێک لە بەخێوکردنی منداڵ و کارەکانی ماڵەوە، بێ پشتگیری دارایی دەمێننەوە و دەبنە پشتبەستوو بە کەسانی تر، هەروەها لەدەستدانی هاوژینەکەش دۆخی ئەوان خراپتر دەکات.

 

خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخەن کە لە ٪٣ تاوەکو ٪٤ی دانیشتووانی ئەفغانستان لە کەسانی ٥٥ ساڵ و سەرووتر پێکهاتووە و ژمارەی بەتەمەنەکان هەنگاو بە هەنگاو ڕوو لە زیادبوونە، لەسەر بنەمای ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئامار و زانیاری نیشتمانیی ئەفغانستان، لە ساڵی ٢٠٢٢دا نزیکەی یەک ملیۆن و ٤٤٥ هەزار و ٧٥٠ کەسی بەتەمەن لەم وڵاتەدا دەژیان.

 

ژنێکی بەتەمەن کە خزمەتی کرێکارانی ماڵەوە دەکات

دوای ئەوەی تاڵیبان دیسانەوە بووەوە دەسەڵاتدار، پێدانی خانەنشینی وەستا و ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینکراوان بێ وەڵام مایەوە،. لە ئەنجامدا، زۆرێک لە کەسانی بەتومەن ناچار بوون بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان پەنا بۆ سواڵکردن یان کاری قورس بەرن.

 

ئێمە لەگەڵ خەدیجە حوسێنی کە دایکێکی بەتەمەنە و لە پارێزگای بامیان دەژی قسەمان کرد، خەدیجە خان بە سەختی دەڕۆیشت و وتی: هەناسەم تەنگ دەبێت، هەردوو کوڕەکەم، ژن و منداڵیان هەن، ئەوان لە بەیانی تا ئێوارە بژێوی خێزانەکانیان دابین دەکەن، سەرەڕای نەخۆشییەکانم، کارەکانی ماڵەوەش دەکەم، ئەگەر یەکێک لە بووکەکانم کارەکانی ماڵەوە بکات و من پشوو بدەم، خێرایی کارەکە خاو دەبێتەوە و داهاتی خێزانەکە کەم دەبێتەوە.

 

”ئەم شێوازی ژیانە بۆ من زۆر سەختە و بێزار بووم”

ئێمە لە پارێزگای قەندەهار سەردانی تاهیرە ولیدیشمان کرد، دۆخی دارایی ئەو باشتر بوو، بەڵام گلەیی لە ڕفتاری منداڵەکانی کرد و وتی: هاوژینەکەم شەش ساڵ پێش ئێستا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە ژیانی لەدەست دا و خانوو و هەندێک زەویی لە دوای خۆی بەجێ هێیشت، یەکێک لە کچەکانم لە دەرەوەی ئەفغانستان دەژی، ئەو هەمیشە مانگانە پارەم بۆ من و ئەو کوڕەم کە لەگەڵی دەژیم دەنێرێت بۆ ئەوەی چوار براکەی لە چاودێریکردنی من دوور نەکەونەوە، بچووکترین کچم سەرەڕای فشاری هاوژینەکەی، هەوڵ دەدات سەردانم بکات و لە پاککردنەوە و چاودێریکردنەکەدا یارمەتیم بدات، بەڵام ئەو ناتوانێت هەموو ڕۆژێک ئەم کارە بکات، لە کۆتاییدا، کوڕە گەورەکەم بڕیاری دا کە من مانگانە بە نۆرە لە ماڵی چوار کوڕەکەم بمێنمەوە، ئەم شێوازی ژیانە بۆ من زۆر سەختە و بێزار بووم.

 

”من و هاوژینەکەم تەنها دەتوانین مانگی جارێک یەکدی ببینین”

فازیلە رەحمانی لە گۆشەیەکی شاری تاخار دەژی، کاتێک سەردانمان کرد، بە گەرمی بەخێرهاتنی کردین و باسی ژیانی خۆی کرد، وتی: هاوژینەکەم و دوو کوڕم هەن، ئەوان بڕیاریان دا کە ئێمە لە یەکدی جیا بکەنەوە بۆ ئەوەی چاودێریمان بکەن، من لەگەڵ کوڕە گەورەکەم دەژیم، من و هاوژینەکەم لە گەنجی خۆماندا ساڵی زۆر سەختمان تێپەڕاند و منداڵەکانمان گەیاندە بەرزترین ئاستی خوێندن، ئەمڕۆ، هەرچەندە من و هاوژینەکەم لە هەمیشە زیاتر پێویستمان بە یەکدییە، بەڵام بەهۆی بڕیاری منداڵەکانمانەوە ناچارین بە جیا بژین، هاوژینەکەم لەگەڵ کوڕە بچووکەکەم دەژی و تەنها دەتوانین مانگی جارێک، بۆ تەنها ڕۆژێک یەکدی ببینین.

 

”کاتێک پارە نییە بۆ کڕینی دەرمان، دەبێت ئازار بچێژم”

لە یەکێک لە گەڕەکەکانی کاکوڵ، تووشی دایکێکی بەتەمون بووین کە نەیدەتوانی تێچووی پزیشکیی خۆی بدات، خال بیبی والیی تەمەن ٧٢ ساڵ، بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە وتی: تەنها داواکاری من ئەوەیە کە بتوانم دەرمانەکانم بکڕم، دوای مردنی هاوژینەکەم، لەگەڵ خێزانی کوڕەکەم دەژیم، بە دەست بەرزی پەستانی خوێن، ئازاری جومگەکان و کێشەی بینینەوە دەناڵێنم، ناتوانم کار بکەم و داهاتم نییە، منداڵەکانم هەموو ئەوەی کە پەیدای دەکەن لەسەر نان و کرێی خانوو خەرجی دەکەن، کاتێک پارە نییە بۆ کڕینی دەرمان، دەبێت ئازار بچێژم.

 

زۆرێک لە کەسان ناتوانن تێچووی چارەسەر یان کڕینی دەرمان دابین بکەن

لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەریدەخەن کە زۆرێک لە نەتەمەنەکانی ئەفغانی بە دەست نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک بەرزی پەستانی خوێن، شەکرە، نەخۆشی دڵ، کێشەی جومگەکان و لاوازی بینینەوە دەناڵێنن، بەڵام، دەستڕگەیشتنی ئەوان بە چاودێری تەندروستی سنوردارە، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا بەو شێوەیەیە.

 

زۆرێک لە کەسان ناتوانن تێچووی چارەسەر یان کڕینی دەرمان دابین بکەن، دەسەڵاتدارییەکەی کابول لە ساڵانی ڕابردوودا لە جێبەجێکردنی بەرنامەی کاریگەر بۆ پشتگیریکردنی بەتەمەنەکاندا شکستی هێناوە، لە سەردەمی حکومەتی پێشوودا، پلانی دروستکردنی ناوەندەکانی چاودێری بەتەمەنەکان پێشنیار کرا، بەڵام ئەم پلانە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توند بووەوە و لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند نەکرا.