لە نێوان مێزی خوێندنگە و ئاوی نیل: گەشتی بچووکترین کاپتنی ”فلوکە”ی میسر

ڕیهام حەسەن، تەمەن چواردە ساڵ لە پارێزگای ئاسیوت دوو جیهانی جیاواز دەگێڕێتەوە، کە پەرتوکی قوتابخانە و کەشتییەکانی ڕووباری نیلە، ئەو بووەتە یەکێک لە منداڵە کچە بچووکەکان کە شارەزا بووە لە پیشەی کاپتنی ”فلوکە” داری نەریتی لە میسر.

ئیمان سەمیر عەلی

 

میسر – لە کەناری ڕووباری نیلی ئارامدا، کە دەنگی بەلەمەکان تێکەڵ بە بۆنی دارە شێدارەکان و ئاوی جووڵاو دەبن، ڕیهام حەسەن، تەمەن چواردە ساڵ لە پارێزگای ئاسیوت لە میسر دانیشتووە و بە متمانەوە کۆنتڕۆڵی بەلەمە دارە نەریتییەکەی گرتووە کە بە "فلوکە" ناسراوە.

 

ڕیهام حەسەن، خوێندکارێک کە خۆی ئامادە دەکات بۆ چوونە قۆناغی سێیەمی قوتابخانەی ئامادەکاری، لە پۆلی پێنجەمەوە دەستی بە فێربوونی کاپتنی ”فلوکە” کردووە، لە باوکیەوە کە خاوەنی ”فلوکە”یە، وتی: خۆشەویستی بۆ پیشەکە و ئارەزووی کارکردن پاڵنەرە سەرەکییەکانی پشت چوونی بۆ نیل ئەم چالاکییە بوون.

 

هەرچەندە باوکی سەرەتا پێی خۆش نەبووە بۆ بیرۆکەی کارکردنی، بەڵام لە کۆتاییدا خۆڕاگری و گڕوتینی بۆ پیشەکە وای لێکرد ڕازی بێت، بە نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەستی بە کارکردن کرد، ڕۆژی خوێندنی وەک هەر خوێندکارێک دەستپێدەکات، دواتر ئێواران بەرەو کارەکەی دەڕوات بۆ ئەوەی ڕۆژانە یەک یان دوو کاتژمێر لە لێخوڕینی ”فلوکە” بەسەر ببات، جا لە هاویندا بێت یان زستان، وتی: حەز دەکات هاوسەنگی لە نێوان خوێندن و کارکردندا هەبێت، هەروەها دەستکەوتی ئەکادیمی لە لوتکەی یەکەمایەتیەکانیدایە.

ڕیهام حەسەن ”فلوکە” بۆ گواستنەوەی سەرنشینەکان لە نێوان کەناری ڕۆژهەڵاتی نیل و دوورگەی واسیتا  بەکاردەهێنێت، ئەمە جگە لە گەشتە کورتەکانی کات بەسەربردن، سەرەڕای تەمەنی بچووک، بەڵام متمانەی ئەو سەرنشینانەی بەدەستهێناوە کە بۆ گەشتکردن بەسەر ڕووبارەکەدا پشتی پێدەبەستن.

 

سەبارەت بە کاردانەوە کۆمەڵایەتییەکان، ئاماژەی بەوەدا، کە ڕووبەڕووی پرسیار و سەرنجی هەندێک کەس بووەتەوە سەبارەت بە منداڵێلی کچ کە وەک کاپتنی”فلوکە” کاردەکات، بەڵام ئەو ڕەخنانەی پشتگوێ خست و ڕایگەیاند، هیچ شتێکی خراپ نییە کچاب لە هەر پیشەیەکدا کاربکەن، ئامانجی لە کارکردندا تەنها بەدەستهێنانی ئەزموون نییە، بەڵکو هاوکاریکردنی دایک و باوکی و کەمکردنەوەی بارگرانیە لەسەر خێزانەکەی کە سێ کچ و کوڕێک لەخۆدەگرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دایکی گەورەترین ڕۆڵی هەبووە لە هاندانیدا، هەمیشە هانی دەدا پشت بەخۆی ببەستێت و ئامۆژگاری پێشکەش دەکات کە یارمەتیدەر بووە بۆ بەدەستهێنانی متمانە و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی لە تەمەنێکی بچووکدا.

 

سەرەڕای پەیوەندی و شارەزایی بەم پیشەیە، بەڵام ڕیهام حەسەن بەنیازی ئەوە نییە بیکاتە پیشەی هەمیشەیی خۆی، خەونی ئەوە دەبینێت ببێتە پزیشک و دووپاتی دەکاتەوە، کە بەردەوامە لە ماندووبوون لە خوێندنەکەیدا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە،  کارکردنی لە ”فلوکە” بە بەهرە و خولیایەک دەزانێت کە لەگەڵ بەرپرسیارێتیەکانی دیکەی خۆی چێژی لێ وەردەگرێت، ”فلوکە” بەلەمێکی بچووک و نەریتی کەشتیوانییە و بۆ چەندین سەدە لەسەر ڕووباری نیل بەکارهاتووە، بەتایبەتی لە میسر و سودان، تایبەتمەندە بە یەک یان دوو کەشتی سێگۆشە و بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە با دەبەستێت بۆ جوڵە، کە ئەمەش وایکردووە ببێتە ئامرازێکی ئارام و سادە بۆ گواستنەوە.