لە نێوان داروپەردوو و یادگارییەکان... دوو چیرۆک کە ئازارەکانی زەوتەر غەربییە لەخۆدەگرن

لە زەوتەر غەربییەدا، داروپەردوو نەک هەر چیرۆکێکی وێرانکاری دەگێڕێتەوە، بەڵکو وردەکارییەکانی ژیانێک بەڵگە دەکات کە شەڕ لە ماڵ و کێڵگەکانی برد، لەناو یادەوەرییە بڵاوەکاندا، ژنان بە خاکەکەیانەوە دەلکێن، بە هیوای گەڕانەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەوەی کە لەناوچووە.

رەنا جونی

 

لوبنان - گەڕانەوە بۆ زەوتەر غەربییە تەنها گەڕانەوە نەبوو بۆ ماڵەکان، بەڵکو گەڕانەوە بوو بۆ یادەوەری و بۆ شارۆچکەیەک کە جەنگ سیمای گۆڕیبوو، لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنەی حکومەتی لوبنانی واژوی کرد، زەوتەر غەربییە خرایە ناو ئەو ناوچانەی کە سوپای لوبنان بۆ یەکەمجار چووە ناویان، پێش ئەوەی ڕێگە بە هاوڵاتییان بدرێت بگەڕێنەوە بۆی.

 

لە کاتی جەنگی کۆتایی سەر لوبناندا، هێزە ئیسرائیلییەکان چوونە ناو شارۆچکەی زەوتەر غەربییە لە ڕێگەی زەوتەر شرقییەی دراوسێوە، دەستیان کرد بە بۆردوومانکردنی ماڵەکان، دەستکاریی کەلوپەلەکانیان، دزینی هەندێکیان و سووتاندنی هەندێکی تریان، وێرانکارییەکی بەرفراوانیان بەجێهێشت کە سیمای شارۆچکەیەکی گۆڕی کە پێش جەنگ پڕ بوو لە ژیان.

 

زەوتەر غەربیە کە دەکەوێتە کەناری ڕووباری لیتانی، سەردەمانێک شوێنێکی گەشتیاری بەناوبانگ بووە لە باشووری لوبنان، لە هەموو شوێنێکەوە سەردانیکەرانی بۆ لای خۆی ڕادەکێشا کە دەهاتن بۆ پشوودان لە لای ڕووبارەکە یان بۆ کڕینی ئەو بەرهەمە ناوخۆییانەی کە ژنانی بەهۆیەوە بەناوبانگ بوون، ئەمڕۆ گەڕەکەکانی لە داروپەردوودان و وردەکارییەکانی ژیان کە بۆ دەیان ساڵە تایبەتمەندی بوون، لەناوچوون، سەرەڕای قەبارەی وێرانکارییەکە، دانیشتووانەکە گەڕاونەتەوە، نەک لەبەر ئەوەی ژیان گەڕاوەتەوە، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی ئەوەی لە ڕۆح و یادەوەرییەکانیان لەناو داروپەردوودا ماونەتەوە، دووپاتکردنەوەی وابەستەیی خۆیان بە خاکەکەیانەوە.

 

لەوانە، ئیحسان یاغی، موختار و  دنیا زوور، جوتیار کە لە یادەوەرییاندا بەشێک لە مێژووی زەوتەر غەربییە دەپارێزن، چیرۆکی شارۆچکەیەک دەگێڕنەوە کە بە ژیان خۆڕاگر بوو، دەستی بە خاکەوە گرت، سەرەڕای هەموو ئەوەی تووشی بوو، میراسی بەرەنگاربوونەوە و بەنگەوازی هەڵگرت.

 

لە نێوان داروپەردووی ماڵەکەیەوە بە خاکەوە دەچەسپێت

ئیحسان یاغی، موختار وتی: پێنج مانگ پێش ئێستا، لە ژوورەکەی خۆیدا دانیشتبوو کە بە تەواوی کەلوپەلی تێدا بوو، و چێژی لە پشوو و دڵنیایی دەبینی لەناو ماڵەکەیەوە، پێش ئەوەی جەنگ بێت و ئەو دڵخۆشییەی لێ بسەنێتەوە، هەروەها ماڵەکەی و ژوورەکەی بە تەواوی وێران بوون، هەموو ئەوەی کە جوانترین یادەوەرییەکانی کۆکردبووەوە، لە وێنەی منداڵەکانی و کەلوپەلە خێزانییەکانی تری، لە یەک شەوەدا دیار نەمان، بە بێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانێت.

 

ڕوونیکردەوە، تاکە تاوانیان ئەوەیە کە دەستیان بە خاکەکەیانەوە گرتووە و بەرگرییان لەو کەسە کردووە کە هەوڵی داگیرکردنی دەدات، وتی: ئەمڕۆ لەسەر داروپەردووی ماڵەکەی دانیشتووە پاش ئەوەی ژیانی بووە بە ڕابردوو، ئەوەی ڕوویدا پێناسەی دەکات بە تاوانێک کە وشەکان ناتوانن قەبارەکەی دەرببڕن.

 

ئاماژەی بەوە کردووە، کە وێرانکارییەکە تەنها ماڵەکانی نەگرتەوە، بەڵکو مرۆڤ و بەرد و درەختەکانیشی گرتەوە، وتی: زەوییەکی کشتوکاڵی کە ڕووبەرەکەی سێ دۆنم و نیو بوو، نزیکەی ١٢٥ درەختی زەیتونی تێدا بوو کە تەمەنی زۆربەیان لە چل ساڵ زیاتر بوو، بۆوە بە خاکی سووتاو و بە تەواوی بۆردوومانە.

 

وردەکاریی ژیانی ڕۆژانە دەهێنێتەوە یاد کە لەگەڵ دراوسێکانی کۆیدەکردەوە، کە پێکەوە دانیشتوون بۆ خواردنەوەی قاوە، پێش ئەوەی جەنگ ئەو ساتە سادانەیان لێ قەدەغە بکات، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تەنها ئاواتی ئەوەیە کە ئارامی بۆ شارۆچکەکە بگەڕێتەوە، ماڵەکان ئاوەدان بکرێنەوە و زەوییەکان دیسان بچێنرێنەوە، منداڵانی باشوور بە ئارامی بژین.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە سووتاندنی ماڵەکان و وێرانکردنی زەوییەکان دژایەتی هەر قسەیەک دەکات سەبارەت بە ئاشتی، ئاشتی ڕاستەقینە بە هێز ناوترێت، خەڵکی باشوور، بەو بەرخۆدانەی پێشکەشیان کردووە، خاوەنی مافن لە دیاریکردنی داهاتووی خاکەکەیاندا.

 

ئیحسان یاغی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە خەڵکی باشوور دەستیان بە خاکی خۆیانەوە گرتووە و جێ ناهێڵن، هەموو ئەو بانگەوازانەش ڕەتدەکەنەوە کە بۆ ئەوەی زێدی خۆیان بەجێبهێڵن، بانگهێشتی هەموو لوبنانییەکان دەکات، لە ناوچە و مەزهەبە جیاوازەکانەوە، بۆ ئەوەی سەردانی زەوتەر غەربیە بکەن و ڕادەی ئەو وێرانکارییە ببینن کە بەسەریدا هاتووە و ئاگاداری ئازارەکانی خەڵکەکەی بن، هیوای خۆی دەربڕی کە شارۆچکەکە جارێکی دیکە ژیانی خۆی بەدەستبهێنێتەوە.

 

ماڵە وێرانەکان و یادەوەرییەکان بەدوای شوێنێکدا دەگەڕێن بۆ ڕزگاربوون

لە ماڵەکەی خۆیدا، دنیا زوور، جوتیار پاش دیارنەمانێکی گەڕایەوە کە پێنج مانگی خایاند، بۆ ئەوەی هەموو گۆشەیەکی ببینێت کە شایەتحاڵی وێرانکارییە، وتی: ئەو ماڵەی کە پڕ بوو لە ژیان و پێکەنین خۆشییەکەی لەدەستدا، کەچی هێشتا باوەڕی وایە کە ماڵەکان ئاوەدان دەکرێنەوە، خاکەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دووبارە سەوز ببێتەوە.

 

ئاماژەی بەوە کرد، ژووری نووستنەکەی بینیوە کە تێکچووە، ناوەڕۆکی ماڵەکە لە هەموو شوێنێک بڵاوبووەتەوە، پێی سەیرە ئەو کەسەی چووەتە ناو ماڵەکەیەوە بەدوای چیدا دەگەڕێت دوای ئەوەی سەرنجی نیشانەکانی دەستکاریکردن و شکاندنی ژوورە جیاوازەکانی داوە.

 

ڕوونیکردەوە، ئەوەی زۆرترین ئازاری دابوو ئەوە بوو کە بەسەر ژووری پێداویستییەکاندا هات، کە بە دەستی خۆی بە درێژایی ساڵ ئامادەی کردبوو لە زەعتەر و کەشک و مەقدوس و مربا و کۆمبۆت و ئۆرەمە و زەیتون و زەیت و ترشیات تێیدا بوو، وتی: دەها شووشە شکاون و لەسەر زەویین، زەیت لەگەڵ پێداویستییەکاندا تێکەڵ بوو کە ئامادەکردنی ماندووبوون و پارەیەکی زۆری تێچوو بوو.

 

گەشتەکەی لە ماڵەکەدا تەواو دەکات، ئاماژە بە ژووری کچەکەی دەکات، کە پەرتووک و دەفتەرەکانی بلاوکراونەتەوە و قەرەوێڵەکەی شکاوە، لە کاتێکدا کچەکەی لە نێوان داروپەردووەکاندا بەدوای هەر شتێکدا دەگەڕا کە بتوانرێت ڕزگار بکرێت، وتی: خۆشییەکەی بە گەڕانەوە ناتەواو ماوە، لەبەر ئەوەی دراوسێکانی کە بەشدارییان لە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا دەکرد ماڵەکانیان لەدەستداوە.

 

لەناو داروپەردووی زەوتەر غەربیە، دانیشتووانەکە کۆبوونەوە و چیرۆک و یادەوەرییەکانیان بەیەکەوە باسکرد، وردەکارییەکانی ژیانیان زیندووکردەوە کە لەژێر داروپەردوودا نێژراون، لەسەر لوتکەی وێرانەکانی ماڵەکانیان دانیشتبوون، بەو هیوایەی شەڕەکە کۆتایی بێت، ڕێگەیان پێبدات داروپەردووەکان پاکبکەنەوە و ژیان بۆ شارۆچکەکەیان بگەڕێننەوە.