لە چێشتخانەی نەخۆشخانەدا ژنانی نەبەتیە بە خۆڕاگری ڕووبەڕووی شەڕ دەبنەوە
لەناو نەخۆشخانە و شەڕی بەردەوامدا، ژنە خۆبەخشەکان بەردەوامن لە کاری ڕۆژانەیان لە ئامادەکردنی خۆراک و خزمەتکردنی نەخۆش و بریندارەکان، کە ڕۆحی هاودەنگی و خۆڕاگری بەرجەستە دەکەن، سەلماندوویانە کە ڕۆڵی ژنان هەرچەندە بارودۆخەکە خراپ بێت دەمێنێتەوە.
ڕانا جونی
لوبنان – لە دڵی مەترسییەکەدا، لە ناو چێشتخانەی نەخۆشخانەی "النجدة الشعبية" لە نەبەتیە، خەیریە غاملوش و وەفا فەریج بڕیاریان دا لە باشووری لوبنان بمێننەوە، ڕۆژانە کار بکەن بۆ ئامادەکردنی خۆراک بۆ نەخۆش و بریندارەکان، هەروەها بۆ فریاگوزاری و کارمەندانی ڕاگەیاندن، وەک جۆرێک لە بەرخۆدانی مرۆیی.
ڕەتیانکردەوە خاکی باشووری لوبنان بەجێبهێڵن، کە ڕووبەڕووی شەڕێکی دڕندانە بووەتەوە، بە سەرپێچیکردن لە مەترسییەکە چوونەتە ناو چێشتخانەی نەخۆشخانەکە، سەرەڕای کەمیی کەرەستە و سەختی دەستکەوتنیان بەهۆی ڕێگا مەترسیدارەکانەوە.
لە نێو مەنجەڵەکانی چێشت لێناندا، خەیریە غاملوش بە ئیرادە و هێمنییەکی نەبڕاوە درێژە بە کارەکانی دەدات، وتی: ماندوو نەناسانە کاردەکات بۆ گەنجان و کارمەندانی پزیشکی، جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی کردەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەمووان تا دەتوانن هەست بە ئاسوودەیی بکەن لەو بارودۆخە سەختەی کە تووشی بوون.
ڕوونی دەکاتەوە، کە لە یەکەم ڕۆژی شەڕەوە دەستی بە کارکردن کردووە و بێ وەستان بەردەوامە، سەرەڕای ئازارەکانی جیابوونەوەی لە خێزان و خوشک و براکانی و منداڵەکانی، لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە و بە خۆبەخشییەوە بەردەوامە لە کارەکانی.
خەیریە غاملوش ڕادەی هەوڵەکانی ناشارێتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ماندوێتی هاوەڵێکی بەردەوامە، بەڵام هەست بە ڕەزامەندییەکی بێئەندازە دەکات کاتێک خواردنەکە ئامادە دەبێت و هەمووان خواردنیان خواردووە، چونکە تەنها ئەو کاتە تێدەگات کە هەموو ماندووبوونەکەی شایانی بووە.
سەبارەت بە سەختییەکانی کارەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە دەستەبەرکردنی پێداویستییەکان و خۆراک و تەنانەت گواستنەوەش ئاسان نییە، هەروەها کچەکان لە هەموو ئەرکەکاندا هاوکاری دەکەن، هەر لە وردکردنی پیاز و سیرەوە تا ئامادەکردنی کەلوپەلی پێویست، هاوکات ئەو هاوکارییان دەکات لە پێشکەشکردنی خواردنەکە و تەواوکردنی کارەکان بە ڕۆحێکی پێکەوەی.
سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە سەردەمی جەنگدا، دووپاتی دەکاتەوە، کە ژنان ڕۆڵێکی بنەڕەتییان هەیە و پەراوێزخراو نین، خواستەکەی بە دڵسۆزیەوە کورت دەکرێتەوە، وتی: بۆ ئەوەی شەڕ کۆتایی بێت، هەمووان بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان و ئاشتی زاڵ بێت.
"با پێکەوە بە توندی بوەستین"
لە شایەتحاڵییەکی دیکەدا، وەفا فەریج، چێشتلێنەری نەخۆشخانەکە ڕوونی کردەوە، بڕیاریدا بێت و لە تەنیشت ئەو کەسانە بمێنێتەوە کە خۆڕاگرن، "با پێکەوە پتەو بوەستین"، هەروەها ئەوەی دەیکات لە پێناو نیشتمان و بۆ منداڵەکانیدایە، بۆئەوەی لە پارێزراوی و ئازادیدا بژین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە پێکەوە کارکردنیان هەڵبژاردووە، ڕۆژانەیان تەرخان کردووە بۆ خزمەتکردنی منداڵان و برینداران و نەخۆشەکان و هەموو ئەوانەی پێویستیان پێیەتی، کاتژمێر شەشی بەیانی دەست بە کارەکانیان دەکەن، بە ئامادەکردنی ژەمەکان و دابینکردنی خۆراک بۆ هەمووان، سەرەڕای سەختی ڕێگاوبانەکان و کەمی سەرچاوەکان.
جەختی لەوەکردەوە، کە خواردن هەرچەندە سادە بێت، بە مەبەستی دڵسۆزانە ئامادە دەکرێت، بەو پێیەی هێزو وزە دابین دەکات، لەم هەلومەرجە ئاڵەنگاریەدا، تەنانەت کەمێک دەبێتە نیعمەت، سەرچاوەی واتا لە ژیان و بەڵگەی خۆڕاگری مرۆڤ لە بەرامبەر شەڕدا.