ئاشکرا کردنی کۆمەڵکوژییەکانی سوەیدا نەخشێکی سیستماتیکی قڕکردن لە دژی کۆمەڵگە دەردەخات

ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییانەی کە مرۆڤایەتی شەرمەزار دەکەن، لەلایەن ژنانی سوەیدا ئاشکرا دەکرێن، ئەو شارەی کە لە ١٣ی تەمووزی ٢٠٢٥دا تووشی جینۆساید بوو کە لە دژی کۆمەڵگەی دروزەکان لە باشووری سووریا ئەنجام درا.

ڕۆشێل جونیور

 

سوەیدا– یادەوەرییەکانی ژنانی سوەیدا بە بارگرانی بیرەوەرییە ئازاربەخشەکانی ڕووداوەکانی مانگی تەمووزی ٢٠٢٥ دەمێنێتەوە، ئەم هێرشانە و پێشێلکارییەکانی بە قووڵی زەبرێکی گەورەیان لە دانیشتووانی شارەکە داوە، شارێک کە لە مێژوودا بە ئاشتیخوازی و پێکەوە ژیانی گروپە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی ناسراوە.

 

ئەوەی ڕوویدا ڕووداوێکی گۆشەگیر نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە نەخشێکی توندوتیژی کە پێشتر لە ناوچەی کەناراوی سووریا، پاشان لە سوەیدا و لەم دواییانەشدا لە ناوچە کوردستانییەکان دووبارە بووەوە، لەگەڵ لێکچوونێکی ڕوون لە میتۆد و ئامانجەکاندا.

 

ئیخلاس مەلحام، دانیشتووی گەڕەکی تەربیە لە شاری سوەیدا، ئەو ئەزموونەی دەگێڕێتەوە کە گەڕەکەکەی بەرگەی گرتبوو بە هاتنە ناوەوەی چەتەکانی هەتەشە و گروپە چەکدارەکانی هۆزەکانی بەدو بۆ ناوچەکە و کوشتنی هەڕەمەکی و بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی خەڵکی مەدەنی.

 

ڕوونیشیکردەوە، دانیشتووانی سوەیدا ئامادە نەبوون بۆ ئەو جۆرە ڕووداوانە، بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی ئارامی شارەکە، کە پێکهاتە ئایینییە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت بەبێ ململانێ و ناکۆکی پێکەوە دەژین، هەروەها سوەیدا هەرگیز توندوتیژی و کوشتنی نەناسیوە، هیچ پەناگە و ئامادەکارییەکی جەنگی نەبووە، چونکە خەڵکەکەی بە پێکەوەژیان و ئاسایش ڕاهاتوون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەندێک ئامادەکاری فریاگوزاری تەنها خۆپارێزییە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەڕەشانەی کە شارەکەیان کردۆتە ئامانج دوای کۆمەڵکوژییەکانی کەناراوەکانی، بەتایبەتی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا کە گروپە چەکدارەکان پیشانی دەدەن کە لە کەناراوەکانی سووریاوە سەرهەڵدەدەن، کوشتن و سەربڕین و بڕینی جەستەیان نیشانداوە، هەروەها هەڕەشەی ڕاستەوخۆی لەگەڵدایە وەک: ئێمە دێین بۆ ئێوە، دروزەکان.

 

ئیخلاس مەلحام وتی: ئەم هەڕەشەیانە وای لە خۆی و هاوژینەکەی کردووە، بەپێی ئەوی بەرپرسن لە ناوەندێکی ئایینی لە گەڕەکەکەدا، خۆیان بۆ ئەگەری هێرشکردن ئامادە بکەن، هەروەها خولی فریاگوزاری سەرەتایییان بۆ ژنانی گەنجی ناوەندەکە ڕێکخستووە و جانتای فریاگوزاری سەرەتایییان داناوە کە پڕ بووە لە دەرمان و پێداویستییە پێویستەکان بۆ ئەوەی هاوکاری بریندارەکان بکەن لە ئەگەری هێرشێکدا.

 

”چەتەکان چوونە ژوورەوە و گەمارۆی ناوەندی ئاینییان دا”

لە ١٤ی تەمووزی ٢٠٢٥، چەتەکانی هەتەشە و گروپەکانی هۆزی بەدەوی چوونەتە ناو گوندەکانی ڕۆژئاوای شاری سوەیدا، پێش ئەوەی شەڕەکە بۆ خودی شاری سوەیدا بڵاوببێتەوە و بگاتە گەڕەکی تەربییە.

 

ئیخلاس مەلحام وتی: چەتەکان بە شاراوەیی بە سەرتاسەری گەڕەکەکەدا بڵاوبوونەتەوە، لەو کاتەدا پەناگەیەکی ئایینی کراوە بوو بۆ خەڵکی مەدەنی، لەگەڵ توندبوونەوەی ترس، دەیان خێزانی ئەو گەڕەکە پەنایان بۆ ئەو پەناگەیە برد، کە زۆربەیان ژن و منداڵ و بەتەمەنەکان بوون، پێیانوابوو شوێنە ئاینییەکان لە شەڕدا بێلایەن دەمێننەوە.

 

لە ماوەیەکی کورتدا ژمارەی ئەو کەسانەی لە پەناگەدا بوون گەیشتە نزیکەی ١٥٠ کەس، ئیخلاس مەلحام وتی: بۆ ماوەی دوو ڕۆژی تەواو لە ژێر گەمارۆدا لەناو پەناگەدا ماونەتەوە، قەناس بەدەستەکان لە دەوری پەناگەماندا دانراون، ئەمەش ڕێگرییانی لێکردوون بچنە دەرەوە یان هیچ هاوکارییەکیان پێبگات، لەگەڵ تەواوبوونی خواردن و ئاو، ترس و تیرۆر هەمووانی گرتەوە.

 

لەگەڵ تێکچوونی دۆخەکە، هەوڵی چۆڵکردنەکە گۆڕا بۆ هێرشی ڕاستەوخۆ، گەنجانی ناوچەکە هەوڵیاندا دەرچوونی خەڵکی مەدەنی بۆ شوێنێکی پارێزراوتر مسۆگەر بکەن، سێ ئۆتۆمبێل ”ڤان و پیکاپ” هاتنە ژوورەوە و تەنها دە خولەک مۆڵەتیان پێدرا بۆ ئەوەی هەمووان بڕۆن، گەنجەکان ئەرکی سەرقاڵکردنی چەتەکانیان پێسپێردرا لەکاتی ڕۆشتنیان.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە بینایەکی نزیک لەو شوێنە هەبووە کە لەلایەن قەناس بەدەستەکانەوە کۆنترۆڵکرابوو و تەقەیان لە هەر کەسێک دەکرد کە هەوڵی تێپەڕاندنی دەدا، دوای ئەوەی بارەگاکەیان بەجێهێشت، کەمتر لە سەد مەتر لێیەوە دوور بوون، ئۆتۆمبێلەکان لە چەند ئاراستەیەکەوە کەوتنە بەر تەقە، قەناس بەدەستەکان لە بیناکانی دواوە و بەرامبەردا جێگیرکرابوون، هەروەها لە باخەکانی زەیتونی دەوروبەریشدا.

 

ئیخلاس مەلحام بیری دێتەوە پیکاپێک کە ژن و منداڵی هەڵگرتبوو، پێش ئەوان کەوتبوو کاتێک تەقە لە تایەی ئۆتۆمبێلەکەی کرا و بەهۆیەوە وەرگەڕا، پاشان ئەوانەی لە ژوورەوە بوون لەکاتی وەرگەڕانەکە لەسەر زەوی تەقەیان لێکرا، دواتر ئەو ڤانەی کە هاوژینەکەی ئیخلاس لێیخوڕیوە کرایە ئامانج، تایەکانی ڕاستەوخۆ لەناو تۆپبارانی قورسدا لە هەموو ئاراستەکانەوە تەقەی لێکرا و لە ئەنجامدا قوربانییەکی زۆری لێکەوتەوە.

 

”برینداربوون و دیمەنی ترسناک”

ئیخلاس مەلحام ڕوونیکردەوە کە کاتێک سەرکەوت بۆ ناو ڤانەکە، پڕ بووە لە ٢٥ ژن و شوێنی دانیشتنی نەبوو. لەگەڵ بەردەوامبوونی تەقەکردنەکەدا، ژنانی بەردەمی تەقەیان لێکرا و کەوتنە سەری و خوێنیان لێدەهات، خۆی دەستی بریندار بوو، ئەو دیمەنە بە ترسناک پێباسە دەکات، چونکە کەس نەیدەزانی فیشەکەکان لە کوێوە دێن، دوای کاتژمێرێک قەناس بەدەستێک بە مووشەکێک کوژرا و بەو هۆیەوە قەناس بەدەستەکانی ناو باخچەکان پاشەکشە یانکرد، لەو کاتەدا بریندارەکان کە زۆربەیان ژن بوون، دەستیان کرد بە ڕۆیشتن بۆ ماڵە نزیکەکان، بۆ گەڕان بەدوای هەر هاوکارییەکی پزیشکی کە لەبەردەستدا بوو، شێخێکی ناوچەکە خانوویەکی چۆڵی کردەوە و بریندارەکانی خستە ژوورەوە.

 

"پێشێلکاری قورس بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی دەکرێت"

ئیخلاس مەلحام باس لەوە دەکات، کە یەکێک لە دایکەکان کە کچەکەی کوژرابوو، دواتر گەڕاوەتەوە و تەرمەکەی داپۆشیوە، لە ترسی ئەوەی تەرمی مردووەکە ببڕدرێت، خستیە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە، ئەمەشی بە شێوازێکی دووبارەبوونەوەی ڕەفتاری چەتەکان بەرامبەر بە مردووەکان پێناسە کردووە، هەروەها منداڵە کچێکی ساوای سێ ڕۆژە لەنێو ئەو گروپەدا بووە و تەقە لە دەمی کراوە، وتی: ئەم کەسانە چۆن بیری دەکەنەوە؟ ئەم منداڵە چی کردووە؟ ئەم ئایدۆلۆژیایە کە لەسەر بنەمای کوشتن و بڕینی تەرمی مردووەکان دامەزراوە، هیچ پەیوەندییەکی بە ئایین و ڕەوشتەوە نییە.

 

"پاشماوەی مرۆڤەکان لە شەقامەکاندا ڕژابوون"

ئیخلاس مەلحام لەگەڵ هاوژینە بریندارەکەی لەناو ڤانەکەدا مایەوە و ئێوارە گیانیلەدەستدا، لەم ماوەیەدا بۆردوومانەکان بەردەوام بوون و چەتەکان بە چەک و ڕواڵەتێکی نامۆ لە نێوان ماڵەکاندا دەجووڵان، لە کاتێکدا پاشماوەی مرۆڤەکان بە شەقامەکاندا ڕژابوون.

 

هەندێکیان هەوڵیاندا پەیوەندی بە تەلەفۆنی هاوژینەکەیەوە بکەن، دوای ئەوەی مۆبایلەکەی بەهۆی خوێنەوە لەکارکەوتبوو، داوایان لێکرد کە بڕوات و بە تەنها لە شوێنی کراوەدا نەمێنێتەوە، لەگەڵ ئاوابوونی خۆردا، بەناو باخچەکاندا ڕۆیشت تا گوێی لە گریانی منداڵێک بوو، کاتێک گەیشتە ئەوێ، شوقەیەکی بینی کە قەرەباڵغ بوو لە بریندارەکان، هەمووان بە درێژایی شەو خۆیانشاردەوە بەبێ ئەوەی دەنگیان لێبێت، لە کاتێکدا گوێیان لە تەقە و پێکەنین و هاوار و گریان بوو.

 

وتیشی: چەتەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی تەنیشت مان و پیاوەکانیان کوشت و دەستدرێژی سێکسییان کردە سەر ژنان. ئەوانەی لە ژوورەوە خۆیان شاردابووەوە گوێیان لە دیمەنەکان بوو، بەڵام لە ترسی کوشتنیان نەیانتوانی دەستوەردان بکەن، لە بەیانیدا فەرمانی کشانەوە درا، دوای ئەوە گەنجانی ناوچەکە چوونە ژوورەوە و بریندارەکانیان ڕزگار کرد و گواستیانەوە بۆ شوێنی پارێزراوتر.

 

"ئەوەی بەسەر سوەیدا هات بەسەر کوردەکانیشدا دێت"

ئەوەی ڕوویدا بە ئەزموونێکی لەبیرنەکراو پێناسەی دەکات و هیوادارە کە دووبارە نەبێتەوە، وتی: ئەوەی بەسەر خەڵکی سوەیدا دا هاتووە، بەسەر کوردەکانیشدا دێت، هەمان ئەو تاکتیکانەی لە سوەیدا بەکارهێنراون، پێشتر لە کەناراوەکانی سووریا بەکارهێنراون، لە قۆناغەکانی پێشووتردا دژی خەڵکی مەدەنی کورد حەلەب بەکاردەهێنرێت.

 

ئیخلاس مەلحام لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پارتی هاوبەش لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا بریتییە لە بەئامانجکردنی ژنان و منداڵان، کوشتنی ڕاستەوخۆ و پێشێلکارییە سەختکان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ یەک نەخشەی توندوتیژی کە لەسەر بنەمای قڕکردن و تۆقاندن دامەزراوە، هەروەها سیمایەکی ڕەگەزپەرستی ڕوونی هەیە بەرامبەر بە کەمینەکان.