خەتەکردن ساڵانە هەڕەشەیە بۆ گیانی سێ ملیۆن منداڵی کچ

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ٣٠ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا ٢٠٠ ملیۆن ژن خەتەنەکراون، ساڵانەش سێ ملیۆن منداڵی کچ مەترسی خەتەنەکردنیان لەسەرە، لە هەرێمی کوردستانیشدا لەگەڵ ئەوەی یاسا هەیە، بەڵام بەکارنایەت و بە سوڵحی عەشایەری کێشەکان چارەسەر دەکرێن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٣دا ڕۆژی ٦ی شوبات بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە لە جیهاندا دیاریکرد، بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە قەڵەمیدا.

 

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO کە مانگی کانوونی دوومی ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە، لە ٣٠ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقادا ٢٠٠ ملیۆن ژنی خەتەنەکراو هەن، ساڵانەش سێ ملیۆن منداڵی کچ هەڕەشەی خەتەنەکردنیان لەسەرە، لە عێراقدا بەپێی ئاماری دامەزراوە نەتەوەییەکان ٪٧.٣ی ژنان خەتەنەکراون، کە زۆرینەیان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانە و تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٤٥ ساڵیدایە.

 

لە هەرێمی کوردستان خەتەنەکردن، یەکێکی دیکەیە لەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژن دەکرێت، بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، کە ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە هەرێمی کوردستان لەسەر کەیسی خەتەنەکردنی کچان کاردەکات، لە کۆی هەزار و ٢٦٠ ژن کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کردوون لە ناوچەکانی ڕانیە جگە لە قەڵادزێ و هەولێر، دەرکەوتووە ١١٠ ژن خەتەنەکراون، کە تەمەنیان لە سفر بۆ ٢٠ ساڵیدایە و بە ڕێژە دەکاتە ٪٨.٧.

 

لە ساڵی ٢٠١١ەوە خەتەنەکردنی مێینە قەدەغەیە لە هەرێمی کوردستان

لە هەرێمی کوردستان و بۆ یەکەمجار لە کیشوەری ئاسیادا خەتەنەکردنی مێینە بە پێی یاسا قەدەغە کرا، پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠١١ یاسای ژمارە ٨ی بەرەنگاربوونەوەی خێزانی لە توندوتیژی پەسەند کرد، کە گرنگترین بەشی قەدەغەی خەتەنەکردنی مێینە بوو.

 

لە بڕگەی یەکەم لە ماددەی شەشی یاساکەدا هاتووە، "هەر کەسێک هانی ئەنجامدانی کردەوەی خەتەنەکردنی مێینەی دا بە غەرامەیەک سزا دەدرێت کە لە ملیۆنێک دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت"، هەروەها هەر کەسێکیش بەشداری کرداری خەتەنەکردنەکە بێت بە بەندکردن سزا دەدرێت لەنێوان شەش مانگ بۆ دوو ساڵ، لە نێوان دوو بۆ پێنج ملیۆن دینار غەرامە دەکرێت.

 

هەروەها هاتووە، هەر کەسێکیش خەتەنەکردنی مێینەی ناکام واتە خوار ١٨ ساڵ ئەنجام بدات یا بەشداربێت، سزای بەندکردن دەیگرێتەوە لە نێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ، غەرامەکەشی لە پێنج بۆ ١٠ ملیۆن دینار دەبێت، باری تاوانەکەش توندتر دەبێت ئەگەر بکەرەکە پزیشک، دەرمانساز، کیمیای، مامان یان یاریدەدەرەکانیان بوو، هەروەها کارەکەیان بۆ ماوەیەک کە لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت لی قەدەغە دەکرێت.

 

ئەگەرچی یاساکە هەیە، بەڵام هێشتا ئەم تاوانە بە تەواوی بنەبڕ نەکراوە، وەک شۆخ محەمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی ئاماژەی پێدەکات، زۆرینەی ئەم تاوانە بە نهێنی ئەنجام دەدرێت، وەک ڕێکخراوەکەی خۆیان هیچ کەیسێکیان نەبینووە بەهۆی ئەم تاوانەوە گەیشتبێتە دادگا، زۆرینەی جارەکان بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر دەکرێت.

 

شۆخ محەمەد، ئەوەش ڕووندەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی هیچ یاسایەک نییە بۆ ئەوەی وەک ڕێکخراو ڕێگا بە سکاڵاکردن بدات، بۆیە ناتوانن سکاڵا تۆمار بکەن، سەرباری ئەوەش کاتێک دەچنە گوند و شوێنەکان بۆ سیمینار و بەدواداچوون هیچ کەس شوێنی ئەو کەسەیان پێناڵێت کە کاری خەتەنەکردنەکەی تێدا دەکرێت، لەبارەی یاساکەشەوە دەڵێت: "یاساکە کاریگەری هەبووە و پاڵپشتێکی زۆر گەورەیە بۆ ئەم ئیشە، ئەگەر یاساکە نەبێت خەڵک ئەم تاوانە دەکات، لە گەرمیان چەند مامان هەبووە وتوویەتی ئەگەر یاساکە نەبێت ئەو کارە ئەنجام دەدەم".

 

خەتەنەکردنی کچان مێژووەکەی زۆر کۆنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فیرعەونەکان، لە ئێستاشدا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئەفریقادا هەیە، کە وێڕای ئەوەی لە ڕووی تەندروستیەوە چەندین زیانی هەیە و چەندین گرفتی تەندروستی بۆ ئەو کەسە دروستدەبێت، چەندین زیانی دەروونیشی هەیە، لەوانە خەمۆکی، گۆشەگیری، ڕەشبینی و زوو هەڵچوون.

ت.پ