کۆچبەری، بەرخۆدان و هیوا؛ چیرۆکی زەبدە لە واشۆکانی

زەبدە ئەحمەد ئۆسۆ ، نمونەی ژنێکی بەرخۆدێر کە ڕووبەڕووی داگیرکاری و ئاوارەبوون بووەوە، پابەندبوونی خۆی بە مافی گەڕانەوە بۆ سەرێکانی دووپاتکردەوە، دەلێت: شۆڕش بەرپرسیارێتییەکی هەرەوەزییە و ناتواندرێت لە هیچ کەسێکدا سنووردار بکرێت.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر شارەکانی سەرێکانی و گرێ سپی، بە بەکارهێنانی چەکی قورس و قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی، ئەم هێرشە هەزاران قوربانی لێکەوتەوە، کوژراو و بریندار و دەیان هەزار کەسی ناچار کرد بە زۆرەملێ لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بکرێن.

 

لە کامپی واشۆکانی و سەرێکانی لە ناوچە ئارامەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری، هەر ژنێکی ئاوارە لە شارەکانی سەرێکانی و گرێ سپی چیرۆکێکی پڕ لە ئازار و مێژوویەکی ناخۆشی هەڵگرتووە، کاریگەرییەکانی ئازار و ئاوارەبوون هێشتا لە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەیاندا ئامادەن، ژنان سەرەڕای ئەم هەلومەرجە سەختانە، ڕێگای بەرخۆدانیان هەڵبژاردووە، چەسپاون بە شکۆمەندی خۆیان و هیوای گەڕانەوە بۆ سەر خاکەکەیان.

 

لە بۆردوومانەوە تا هێڵەکانی پێشەوەی بەرخۆدان

زەبدە ئەحمەد ئۆسۆ، ژنێکی تەمەن ٥٦ ساڵ کە پێش داگیرکردنی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانیەوە لەگەڵ خێزانەکەی لە سەرێکانییە دەژیا، چیرۆکەکەی گێڕایەوە بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەو ئاوارەبوون و بارودۆخە سەختەی کە تووشی بووە، هەروەها بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە چۆن ئازارەکان گۆڕا بۆ ئیرادەیەکی نەشکاو.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کەچەمکە نەریتییەکانی هێز و پشتیوانی لە کۆمەڵگەدا هەڵوەشاونەتەوە، وتی: ئێمە چوار کچ بووین لە ماڵەوە دەژیاین، براکەم درەنگ لەدایک بوو، بەهۆی ئەو بۆچوونە باوەی کە شکۆمەندی پیاوان دەکات، وەک ئەوەی هیچ پشتیوانییەکمان نەبێت مامەڵەمان لەگەڵ دەکرا، ئەمەش کاریگەرییەکی دەروونی لەسەر ئێمە بەجێهێشت، هەستمان بە لاوازی و نەبینراوی دەکرد.

 

وتی: کاتێک براکەم لەدایکبوو هەستمان بە دڵنیایی کرد، بە دڵنیاییەوە بەخۆمم وت برایەکم هەیە بمپارێزێت، بەڵام ڕۆژێک کە تەمەنم ١٠ ساڵ بوو، مام و داپیرەم بە دارەوە هاتن و هێرشیان کردە سەر باوکم، بینیم خوشکە گەورەکەم کە تەمەنی ١٦ ساڵ بوو، دارێکی بەدەستەوە بوو و بەرەو بەرگریکردن لێی دەڕۆیشت، بۆیە منیش هەمان شتم کرد، لە تەنیشت باوکمان وەستاین و ژیانی ئەومان ڕزگار کرد، هەر لەو ساتەوەختەوە ئێمە و هەموو دەوروبەرمان بۆمان دەرکەوت کە پشتگیری بە ڕەگەز ناپێورێت، هێزیش تەنها لە پیاواندا سنووردار نییە.

 

دوای ئەوەی دوو خوشکەکەی هاوسەرگیریان کرد، زەبدە ئەحمەد ئۆسۆ و خوشکەکەی دیکەی لە ماڵەوە مانەوە و بەرپرسیارێتی پشتگیریکردنی باوک و براکەیان لە دوای مردنی دایکیان گرتە ئەستۆ، وتیشی: ئێمە لە کشتوکاڵدا کارمان کرد، بە هەوڵ و ئیرادەی خۆمان خانوویەکمان دروست کرد، ژیانمان لە سەرێکانیە جوان بوو، لە کشتوکاڵدا، کارمان کرد بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانمان بەبێ ئەوەی پشت بە کەس ببەستین، لە بەرامبەر بارودۆخی سەختی ئابووریشدا لە تەنیشت باوک و براکەمان وەستاین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ماڵەکەمان بە ماندووبوونی خۆمان دروست کرد، لە هەموو گۆشەیەکدا چیرۆک و ساڵانێک ماندووبوونمان هەڵگرتووە، بەڵام ئەمڕۆ، لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانیدایە و ئێستا بەدوای فرۆشتنیدایە، وەک ئەوەی نەک تەنها زەوییەکە بەڵکو مێژوو و یادگارییەکانیشمان بدزن.

 

ئاماژە بەوە دەکات، کە خۆی وەک بەشێک لە شۆڕش و بەرگریکارێک لە شۆڕشەکە لە سەرەتای ساتەکانییەوە دەبینی،وتی: کاتێک شۆڕش دەستی پێکرد، نزیک بوومەوە لە باوک و براکەم و پێم وتن ئەمە شۆڕشی ئێمەیە، و دەبێت ڕۆڵ بگێڕم و هەڵوێستم هەبێت، بۆ ماوەی چەند مانگێک لە ئەنجومەنی شارەوانی سەرێکانیە دەستم بە کارەکانم کرد، دواتر پەیوەندیم بە لیژنەی بەرگری کۆنگرەی ستارەوە کرد، لەوێ ئەرکی جۆراوجۆرم لە ئەستۆ گرت، لە چارەسەرکردنی بریندارەکانەوە تا ئامادەکردنی خۆراک بۆ شەڕڤانان لەکاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا.

 

لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: لە ٩ی یشرینی یەکەم کە هێرشی تورکیا دەستیپێکرد، ئێمە چادرێکی ناڕەزایەتیمان لە نزیک سنوور دانابوو، هەروەها قسەم لەگەڵ باوکم کرد و پێم وت، ئەگەر هێرشەکە دەستی پێکرد، خۆتان ڕزگار بکەن و چاوەڕێی من مەکەن، من لەگەڵ هەڤاڵەکانم دەمێنمەوە، بۆ ئەوەی پشتیوانی پێشکەش بکەمم وە کاتێک هێرشەکە ڕوویدا، هێڵی سپی دوکەڵی فڕۆکەکان ئاسمانی داپۆشیبوو، شارەکە بۆردوومانی توند دەکرا، ئێمە لە بنکەی پۆلیس کۆبووینەوە، لەوێ پاڵپشتی تەواومان بۆ هێزە سەربازییەکان کرد، لە پاراستنی گەڕەکەکانەوە تا ئامادەکردنی خواردن و هەموو شتێکی دیکە کە پێویست بوو، زوبەیدا ئەحمەد ئۆسۆ بەم قسانە وێنەی ژنێکی خۆڕاگری بەرجەستە کرد کە بەرەکانی پێشەوەی هەڵبژاردووە، پێیوابوو شۆڕش بەرپرسیارێتییەکی دەستەکۆمەڵییە، سنووردار نییە بە هیچ تاکێک.

 

ئەو ساتەوەختە بە ئازارەی ماڵئاوای لە ماڵەکەی لە ژێر بۆردووماندا گێڕایەوە، وتی: هەرچەندە وێستگەی شەمەندەفەرەکە نزیکەی نیو کاتژمێر لە دوورییەوە بوو، بەڵام بۆ دواجار هەستم بە پێویستییەکی قووڵ کرد کە بیبینم، لە نێوان فیشەک و گوللەکاندا ڕۆیشتم تا گەیشتمە ماڵەکە. بیرکردنەوە لە سووتاندنی بە مێشکمدا تێپەڕی، بەڵام نەمتوانی، ئەم خانووە کە بە ساڵانێک هەوڵمدا دروستی بکەم، درێژکراوەی ڕۆح و جەستەمە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا، وتی : بۆردوومانەکە زۆر بوو، بۆیە ماڵئاواییم کرد و دەرگای حەوشەکەم داخست و گەڕامەوە، لەگەڵ توندبوونەوەی هێرشەکە ناچار بووم شارەکە بەجێبهێڵم و بەرەو تل تەمر بڕوملەوێ لە نەخۆشخانەیەکدا کارم دەکرد، هاوکاری پزیشکیم پێشکەش بە بریندارەکان دەکرد، هەوڵمدا ئازارەکە بگۆڕم بۆ کردەوەیەکی بەرخۆدان و مرۆڤایەتی.

 

سەرەڕای بۆردوومان و ئاوارەبوون وازی لە شۆڕش نەهێنا

زەبدە ئەحمەد ئۆسۆ جەختی لەوەکردەوە: کە ساڵانی یەکەمی ئاوارەبوون لە سەختترین قۆناغەکانی ژیانی بوو، بەڵام توانی سەرەڕای هەموو ئاڵەنگاریەکان ئازارەکە بکاتە ژیان، وتی: دوای داگیرکردنی شارەکەمان، پەنامان بۆ کامپی واشۆکانی برد، لەوێشەوە گەشتی ئاوارەبوونمان دەستیپێکرد، بەو هەموو ئازار و نەبوونی هاوکارییەوە، هەرگیز بە خەیاڵماندا نەدەهات ڕووبەڕووی ئەو ئاڵەنگاریە زۆرە ببینەوە، لە ساڵی یەکەمدا، لەسەر ماتەکان لە ژێر چادرە وێرانەکاندا دانیشتین، لە سەرمای تاڵ و بارانبارینی بەخوڕدا، بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی و ڕووبەڕووبوونەوەی برسێتی و نەبوونی جل و بەرگ بووین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای هەموو ئەمانە دوو ساڵ لە کامپەکەدا ژیا، لەو ماوەیەدا باوکمی لەدەستدا، کە لە کاتێکدا، خەونی گەڕانەوەی بۆ سەرێکانی دەبینی، کۆچی دوایی کرد، لەدەستدانی ئەو کارەساتێکی تر بوو کە ئازارەکانی  زیاتر کرد، پرسی کوا مافی مرۆڤ؟ شەش ساڵ بەسەر داگیرکردنی شارەکەماندا تێپەڕیوە.

 

زەبدە ئەحمەد ئۆسۆ شانازی خۆی بە خۆڕاگری و زیرەکی گەلی کورد دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، کە توانای گونجاندن و ئاوەدانکردنەوەی ژیان بەستراوەتەوە بە شوێنەوە، وتی: تەنانەت ئەگەر لە بیابانیش نیشتەجێ بکرێین، لەوێ دەژین و ژیانمان ئاوەدان دەکەینەوە، لە کامپەکەدا، توانیمان کاروبارەکانمان بەڕێوەببەین و سەختییەکان تێپەڕێنین، لە سایەی خۆڕاگریمانیشدا سەرکەوتوو دەبین، هەموو ڕۆژێک تامەزرۆی گەڕانەوە بۆ سەرێکانیە لەناو خۆماندا نوێ دەبێتەوە.

 

جەختی لەوەکردەوە، کە پاراستن پێویستییەکی ڕۆژانەیە کە لە چەمکی ژیانێکی ئازاد جیا ناکرێتەوە، هەروەها پاراستنی ژنان لە ئۆکسجین و ئاو و نان کەمتر گرنگ نییە، تا دەژین و بیردەکەینەوە، دەبێت بیر لە پاراستنی خۆمانیش بکەینەوە، ئەگەر نەیکەین، کێ دەیکات؟ من کارەکانم لە لیژنەی پاراستن زۆر خۆشدەوێت و بە زمانی عەرەبی و کوردی بەرگری لە گەلەکەمان دەکەم، هەموو شەوێک دوو دوو دەچینە دەرەوە بۆ پاراستنی کامپەکە، چونکە  پاراستن تەنها ئەرکێک نییە، بەڵکو ئەوە بنچینەی ژیانە.

 

زوبەیدە ئەحمەد ئۆسۆ، لە کۆتایی قسەکانیدا، پەیامێکی پتەوی ئاراستەی دەوڵەتی تورکیا کرد وتی: ئێمە هاوبەش نین لە هیچ پرۆژەیەکی داگیرکاریدا، ئێوەش مافی فرۆشتنی ماڵ و زەویمان نییە، ئێوە هیچ مافێکتان بەسەر ئێمەدا نییە، واز لەم نادادپەروەرییە بێنن، ئێمە داوای گەڕانەوە بۆ ماڵەکانمان دەکەین، ئێمەش بەرەنگاری دەبینەوە تا دەگەڕێینەوە پایتەختەکەمان، منیش بە دەستی خۆم دەرگای ماڵەکەم دەکەمەوە، هەروەک چۆن ئەو ڕۆژەی دروستمان کردبوو.