هیبا فتەح و چیرۆکی گەشتە ڕۆژنامەوانییەکەی

مایکرۆفۆنێک بە دەستێک و کچە بچووکەکەی لە دەستەکەی تردا، ئەمە گرتە ڤیدیۆییەکانی ڕۆژانەی هیبا فتەح، پەیامنێری کەناڵی ڕۆناهی، کە ماوەی ٨ ساڵە لە بواری ڕاگەیاندندا کاردەکات و هەوڵدەدات خۆشەویستی بۆ ڕاپۆرتکردن لەگەڵ بەرپرسیارێتی دایکایەتیدا هاوسەنگ بکات.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە – ڕاگەیاندن یەکێکە لەو بوارە گرنگانەی کۆمەڵگە کە ڕاستی ژیان بەڵگە دەکات و دەنگی خەڵک دەگەیەنێتە ڕای گشتی و کێشە و ئازار و ئەزموونەکانی خەڵک ڕوون دەکاتەوە، هەروەها لەم بوارەدا ژنان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن بە ئامادەبوونی چالاکانەیان، پێشکەوتنی گەورە بەدەستدەهێنن، بەتایبەتی لە بواری ڕاپۆرتکردنی مەیدانیدا.

 

لە نێو ئەو ژنانەدا، هیبا فتەح، ڕۆژنامەنووسی کەناڵی ڕۆناهی هەیە، لە ساڵی ١٩٩٧ لە شاری تەبقا لەدایک بووە و بەڕەچەڵەک خەڵکی تەبقایە و ئێستا لە شاری حەسەکە نیشتەجێیە و ماوەی ٨ ساڵە لە بواری ڕاگەیاندن کاردەکات، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، لە زۆر شوێنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا بەشداری کۆمەڵگە بووە و ئازار و کێشەکانیان بەڵگە کردووە و هەوڵی داوە دەنگیان بگەیێنێت.

 

هەروەها هیبا دایکی سێ منداڵە، هەوڵدەدات هاوسەنگی ئەو کارەی خۆشی دەوێت لەگەڵ بەرپرسیارێتی دایکایەتیدا بکات، بەم شێوەیە میلا، کچە بچووکەکەی زۆرجار لەگەڵیدا دەڕوات بۆ شوێنی کار.

 

لای هیبا پەیوەندیکردن بەشێکە لە ژیان

هیبا ماوەی ٨ ساڵە لە بواری پەیوەندیکردندا کاردەکات، لەماوەی ئەم ساڵانەشدا لەبوارەکانی سیاسی و ئابووریشدا کاری کردووە، بەڵام لای ئەو پەیوەندیکردن تەنها لەیەک بواردا سنوردار نییە، گرنگترین شت لای ئەو ئەوەیە کە لەناو کۆمەڵگەدا بێت و ژیانی ئەوان ببینێت و دەنگیان بگەیەنێتە ڕای گشتی، وتی: دوای ئەم ٨ ساڵە ئەزمون و شارەزاییە، ناتوانم خۆم لە هیچ بوارێکی تردا ببینم، دەتوانم لە هەر بوارێکدا کار بکەم، بەڵام خۆم لە نێو خەڵک و لە بواری پەیوەندی و لە نێو کێشەکانی کۆمەڵگەدا دەبینم، بۆ من ئەم کارە تەنها پیشە نییە بەڵکو بەشێکە لە ژیانم.

 

هیبا لەم ساڵانەدا لە تەبقا، ڕەققە، دێرەزوور، مەنبەج، دێر حەفیر، مەسکەنە و زۆرێک لە ناوچە گوندنشینەکان کاری کردووە، بەتایبەت نزیکەی ٧ ساڵ لەگەڵ خەڵکی شاری تەبقا بەسەردەبات و ژیان و ئازار و چالاکی و کولتوور و داب و نەریتەکانی تۆمار کردووە.

 

هەروەها هیبا ڕۆشتووە بۆ ناوچە جەنگییەکان و هێرشەکان و ئەو دیمەن و ڕاستیەی بەڵگەدار کردووە کە لە شوێنە جیاوازەکاندا ڕوویانداوە، بەشداربووە لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و لەگەڵ ژنان کاریان کردووە، ئازار و دەستکەوتەکانیان گەیاندووەتە چاوی گشتی.

 

 

”ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی ژنانی ڕۆژنامەنووس دەبنەوە وەک شەڕێک وایە”

هیبا باس لەوە دەکات، کە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ژیانی پیشەی خۆیاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە، ئەقڵی پیاوسالاری بوونی ژن و ڕۆڵییان بە تایبەت لە بواری پەیوەندیکردندا قبوڵ ناکات و وتی: ژنانی ڕۆژنامەنووس لەم بوارەدا هەنگاوی گەورەیان ناوە و جێگەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا گرتووە، ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا کار دەکەین کە پێشتر بە ئاسانی بوونی ژنانی وەک ڕۆژنامەنووس قبوڵ نەدەکرد، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا، بەڵام ئەمڕۆ ژنان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بواری پەیوەندیکردن و لە ڕێگەی ئەو کارانەی کە ئەنجامی دەدەن بوونی خۆیان دەسەلمێنن.

 

هیبا، وتی: کاری میدیایی هەمیشە بۆ ژنان ئاسان نییە و ئەو ژنانەی لەم بوارەدا کاردەکەن، دەبێت بەهێز و ئیرادە و خۆڕاگر بن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرجار ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبنەوە و وتی: هەندێکجار هەندێک کەس بە شێوەیەکی جیاواز سەیری ژنێک دەکەن کە بە کامێرا یان مایکرۆفۆن دەچێتە دەرەوە بۆ کارکردن، هەندێک کەس ڕازی نین چاوپێکەوتن ئەنجامبدەن، هەموو ئەمانە وەک بەشێک لەو بەربەستانە دەبینم کە لەم ٨ ساڵەدا پێیدا تێپەڕیووم، بۆ من ئەمە بەشێکە لەو شەڕەی کە ژنانی ڕۆژنامەنووس دەبێت لە شوێنی کاردا پێیدا تێپەڕن.

 

لە نێوان کار و خێزان

بۆ هیبا ڕۆژنامەگەری مەیدانی تەنها کاتژمێری دیاریکراوی نییە، پەیامنێران دەبێ هەمیشە بە پێی گۆڕانی بارودۆخ و ڕووداو و کێشە کۆمەڵایەتییەکان ئامادەبن.

 

هیبا وتی: هاوسەنگکردنی کاری مەیدانی، کە دەتوانرێت لە هەر کاتێکدا بانگەوازی بۆ بکرێت، لەگەڵ بەرپرسیارێتی خێزانەکەیدا بۆی ئاسان نەبووە و وتی: دوو منداڵەکەم دەتوانن بچنە قوتابخانە و باخچەی ساوایان، لەگەڵ خێزانەکەدا بمێننەوە لەکاتێکدا من لە شوێنی کارەکەمدام، بەڵام میلا کە ئێستا تەمەنی یەک ساڵ و دوو مانگە بە نزیکەی هەموو کاتێک لەگەڵمدایە، هەروەها لای من هاوسەنگکردنی کار و دایکایەتی بابەتی خەبات و تێکۆشانە.

 

مایکرۆفۆن لە دەستێک، لە دەستەکەی تر میلا

بۆ هیبا یەکێک لە گەورەترین ئاڵەنگاریەکان لەم کاتەدا ئەوەیە کە کارەکانی لەگەڵ ژیانی میلادا تێکەڵاون، دەتوانێت بە درێژایی ڕۆژ لەسەر شەقامەکان و لە بازاڕ و بۆنە و ڕێپێوان و کۆبوونەوە و بەرنامە ڕاستەوخۆکاندا بێت و لە هەموو ئەم بارودۆخانەدا دەبێت سەرنجی لەسەر کارەکانی بێت، لەم هەلومەرجەدا میلاش لەگەڵ دایکیدا لە کاردایە.

 

هیبا باس لەوە دەکات، کە هەندێک جار کاتێک چاوپێکەوتن یان پەخشی ڕاستەوخۆ ئەنجام دەدات، میلا لە دەستێکدایە و مایکرۆفۆن لە دەستەکەی تردایە، هەروەها وتی: هەندێک جار کە چاوپێکەوتنێک دەکەم یان لە پەخشی ڕاستەوخۆدا پێشکەش دەکەم، میلا لە دەستێکە و مایکرۆفۆنەکە لە دەستەکەی تردایە، هەندێک جار فۆتۆگرافەران یان کەسانی شوێنی ڕووداوەکە یارمەتیم دەدەن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای سەختی کارکردن لەگەڵ منداڵێکی بچووک، بەڵام هەڵیبژاردووە کە میلا لەگەڵ خۆیدا ببات و وتی: نامەوێت میلا لێم دوور بێت، دەمەوێت لەگەڵم گەورە بێت و ژیانم ببینێت، هەر بۆیە سەرەڕای هەموو سەختییەکان، لەگەڵ خۆم دەیبەم.

 

نایەوێت کارەکەی و ئەرکەکانی دایکایەتی بەجێبهێڵێت

هیبا ڕوونیکردەوە، خۆشەویستییەکەی بۆ میدیا و پەیوەندییەکەی بە کەناڵی ڕۆناهییەوە هێزێکی پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەسەر ئەم ڕێگایە، وتی: دوای ٨ ساڵ کارکردن و تێپەڕین بە چەندین سەختی، ناتوانم دەستبەرداری کارەکەم بم، ئەگەر وازی لێ بێنم، هەست دەکەم گەڕاومەتەوە بۆ چوارگۆشەی یەک، کارەکەمم خۆشدەوێت و نامەوێت ئەم خۆشەویستییە ببێتە هۆکاری دوورکەوتنەوەم لە منداڵەکانم.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵدەدات هاوسەنگی لەنێوان کار و منداڵ و ماڵدا بپارێزێت و سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکان، لە ئێستاوە لە بارودۆخی خۆی ڕازییە وتی: هەر سەختییەک لەسەر ئەم ڕێگایە بەسەریدا تێدەپەڕم، باجی ئەو شتەیە کە خۆشم دەوێت، کارەکەمم خۆشدەوێت و دەمەوێت لە هەمان کاتدا دایکی منداڵەکانم بم.

 

ئەو خەونەی کە دەیەوێت بۆ منداڵەکانی بەجێبهێڵێت

هیبا دەیەوێت لە داهاتوودا منداڵەکانی بزانن کە دایکی ئەوان وازی لە خەونەکەی نەهێناوە، سەرەڕای هەموو سەختییەکان، وتی: دەمەوێت منداڵەکانم لە داهاتوودا بزانن کە دایکیان بەهۆی سەختییەکانەوە دەستبەرداری خەونەکەی نەبووە، هەرەەها منداڵان زۆر شت لە دایکیانەوە فێردەبن، دەمەوێت منداڵەکانم فێربن کە سەختییەکان نابێت هۆکارێک بن بۆ وازهێنان لە خەون و ئامانجەکانیان.

 

هیبا ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو سێ منداڵەکەیدا، هیوادارە میلا لە داهاتوودا ڕێبازەکەی بگرێتەبەر و ببێتە ڕۆژنامەنووس، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ڕەنگە سبەی میلا مایکرۆفۆنم لێ وەربگرێت، ئەو منداڵەی ئەمڕۆ لەگەڵ دایکیدا لە مەیدانی ڕاگەیاندندایە، ڕەنگە سبەی ڕێبازی دایکی هەڵبژێرێت و ببێتە ڕۆژنامەنووس.