"هەڵە" یان کۆمەڵکوژی؟ توڕەیی لە سوەیدا دوای ئەوەی بەرپرسان سەختی کارەساتەکەیان کەمکردەوە

بەرپرسانی حکومەتی کاتی سووریا هێرشەکانیان بۆ سەر سوەیدا بە "هەڵە" پێناسەکرد، هاوکات دانیشتووانی درووزی شارەکە دەڵێن: ئەو هێرشانە یەکسانە بە جینۆسایدو لە ئەنجامدا کوشتنی بەکۆمەڵ و ئاوارەبوونیان لێکەوتەوە.

ڕۆشێل جونیور

 

سوەیدا-ڕاگەیاندنی هیند قەباوات، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لە حکومەتی کاتی سووریا، کاردانەوەیەکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوەی ، لە میانی گفتوگۆیەکی پانێڵ لە پەراوێزی کۆنگرەی ئاسایشی ميونخ لە ئەڵمانیا ١٤ی شوبات، ڕووداوەکانی سوەیدای بە "هەندێک هەڵە" پێناسە کرد.

 

هیند قەباوات لە لێدوانەکەیدا، دووپاتی لێدوانەکەی ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی کردەوە، کە ئەوەی لە سوەیدا ڕوویدا تەنها "هەڵە" بووە، بەڵام دانیشتووانی سوەیدا ئەم پێناسەیان بە بێ بایەخکردنی جینۆسایدێک زانی کە گیانی هەزاران کەسی بێتاوانی لێ کەوتەوە، ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی سیستماتیکی دانیشتووانی ٣٨ گوند.

 

لەو چوارچێوەیەشدا، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە، کە ئەوەی لە سوەیدا ڕوویدا دەگاتە تاوانی جەنگ، ئەمەش پێگەی ئەو دانیشتووانە بەهێزتر دەکات کە تایبەتمەندکردنی ڕووداوەکان وەک هەڵەی سادە یان بەڕێکەوت ڕەتدەکەنەوە.

 

"ئەگەر ئەمانە هەڵەی سادەن، چی سەختە؟" هالە هەیسەم لە سەرەتای قسەکانیدا، ڕایگەیاند: کە پێناسەکردنی ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە سوەیدا ڕوویانداوە بە "هەڵەی سادە" قبوڵکراو نییە و تەحەمول ناکرێ.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئەمانە هەڵەی بچووک بن، ئەوا ئێمە چی بە کوشتنی بەکۆمەڵ و سووتاندنی ماڵ و کڵێساکان و ڕفاندنی ژنان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئاوارەکردنی خەڵک لە ماڵەکانیان بڵێین؟ ئایا ئەمانە تەنها هەڵەن یان تاوانی جەنگن؟، هەروەها بە توندی وێناکردنی ئەم "هەڵانە"ی وەک ڕووداوی گۆشەگیر شەرمەزارکرد.

ئەوەی ڕوویدا، وەک ڕوون بووەتەوە، تەنها کردەوەی هەڕەمەکی نەبوو، بەڵکو "ئۆپەراسیۆنێکی سیستماتیک" بوو کە ئامانج لێی هێنانەدی گۆڕانکاری دیمۆگرافی بوو لە ناوچەکەدا.

 

هالە هەیسەم وتی: ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە سوەیدا دژی درووزەکان ئەنجامدراون ناتوانرێت وەک "هەڵەی تاکەکەسی" پۆلێن بکرێن، چۆن دەتوانرێت هاتنە ژوورەوەی کاروانە سەربازییەکان لە چەندین ئاراستەوە ڕوون بکرێتەوە، بەتایبەتی کە ئەم هێزانە چەکی سەخت و زرێپۆشیان پێ بووە؟ پرسیاری ئەوەی کرد، "مئایا هەموو ئەمانە لە ئەنجامی هەڵەیەکی تاکەکەسی بوون؟ نەخێر، بەشێک بوون لە جینۆسایدێکی ڕێکخراو.

 

”دانپێدانانی فەرمی: هەنگاوێک بەرەو دادپەروەری”

ئاماژەی بەوەشکرد، دانپێدانانی فەرمی لەلایەن حکومەتی سووریاوە بە کۆمەڵکوژییەکان وەک هەنگاوی یەکەم بەرەو بەدەستهێنانی دادپەروەری زۆر گرنگە، هەروەها ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ دۆخی پێشوو بەبێ ئەوەی دان بە گەورەیی ئەو تاوانەی بەرامبەرمان ئەنجامدراوە، داوا دەکەین دەسەڵات دان بە هەڵەکەیدا بنێت، چونکە ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی متمانە لەنێوان هاوڵاتیان و دەسەڵاتد، عهەروەها جەختی لە پێویستی پێکهێنانی لیژنەیەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ لێکۆڵینەوە و دۆکیۆمێنتکردنی ئەو ڕووداوانەی کە لە سویدا ڕوویاندا و ڕاپۆرتێکی دادپەروەرانە لەبارەی کۆمەڵکوژی و وێرانکارییەکانی بەسەر ناوچەکەدا پێشکەش بکات.

 

هەروەها باسی لە چەندین پراکتیزەی دیکە کرد کە بە قبوڵنەکراوی زانی، وەک بێبەشکردنی سوەیدا لە پارە تەرخانکراوەکانی و خستنە ژێر گەمارۆیەکی ناڕەوا، کە بە "سزادانی بەکۆمەڵ بۆ دانیشتووان" پێناسەی کرد، ئەوەی لە سوەیدا ڕوویدا "هەڵەی بچووک" نییە، بەڵکو تاوانێکە دژی مرۆڤایەتییە کە پێویستی بە لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی هەیە، ئەگەر ئەمە لەلایەن ئەوانەوە بە بچووک هەژمار بکرێت، ئەوە لای ئێمە قبوڵ ناکرێت.

 

هالە هەیسەم تاوانێکی ترسناکی گێڕایەوە، کە لە گوندی مەتوونە ڕوویدا، کە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە مۆڵەتی چوونە ناو زەویەکانیان بە دانیشتووان داوە،چبەڵام دوای ئەوەی مۆڵەتیان پێدرا خیانەتیان لێکرا، هەروەها بە دەستی خۆیان مۆڵەتیان پێداون بۆ چوونە ژوورەوە و پشکنینی زەوییەکانیان، بەڵام کاتێک چوونە ژوورەوە خیانەتیان لێکرا.

 

"داوای دادپەروەری و داننان بە مافی قوربانییەکان دەکەین"

پرسیاری ئەوەی کرد، دوای ئەمە چۆن متمانەیان پێ بکەین؟ خەڵک بۆ دروێنەکردنی زەیتون چوونەتە ناو گوندەکانیان و خیانەتیان لێکرا، کوا پارێزراوی؟ چۆن متمانەمان بەم خەڵکە هەبێت؟، ئەم تاوانە دەرکەوتنی ئەو خیانەت و هاوکارییە کە دانیشتووانەکەی تووشی بووە، برینەکانیان قووڵتر کردووەتەوە و هەست بە بێهیوایییەکی تەواو دەکەن.

 

لە کۆتای قسەکانیدا هالە هەیسەم داوای کرد دەنگی خەڵکی سوەیدا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرزبکرێتەوە و لە ڕێگەی لیژنەیەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتییەوە ئەوەی لە ناوچەکەدا ڕوویدا بەڵگەدار بکرێت، هەروەها ئێمە داوای هیچی تر ناکەین جگە لە دادپەروەری، تەنها داواکارین ئەوەیە کە دان بە مافەکانماندا بنرێت، ڕێز لە خوێنی شەهیدەکانمان بگیرێت، دان بەو تاوانە بنرێت کە بەرامبەرمان ئەنجامدراوە، پێویستمان بە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی ڕاستەقینە هەیە بۆ ئەوەی بێنە سوەیدا، ئەو کوشتن و وێرانکارییەی ڕوویداوە بەڵگەداربکەن،تۆمارکردنی شایەتحاڵی کەسوکاری قوربانییەکان بکەن، ئەم لیژنەیە ئەو لیژنەیە دەبێت بڕیار بدات کە ئایا ئەوەی ڕوویداوە کۆمەڵکوژی بووە یان تەنها هەڵەی سادەیە.