"با لەژێر چەتری یەکڕیزی ژنانی سووریا خۆمان ڕێکبخەین"

لەیلا قەهرەمان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک ڕایگەیاند، شۆڕشی ژنان و بونیادنانی لەژێر ڕۆشنایی ژنۆلۆژی پەرەی سەند و داوای لە ژنانی سووریا کرد لەژێر چەتری یەکڕێزی ژنان خۆیان ڕێکبخەن.

نوجان ئاراس

 

حەسەکە- ژنانی جیهان خاوەنداری لە ژنۆلۆژی دەکەن، کە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، بە زانستی ژن پێناسەی کردووە، ژنۆلۆژی بە ئەنجامدانی وۆرکشۆپ و پانێڵ و کۆنفڕانس بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد هاتە ناو بەرنامەی کارەوە، ژنان لە ڕێگەی ژنۆلۆژییەوە تیشک دەخەنە سەر مێژوو و واقیعی ژنان و ڕۆژانە باس لە کێشەکان دەکەن و چارەسەرەکان دادەڕێژن.

 

لەم دواییانەدا، لە ٢٥ و ٢٦ ئەیلوول، ئەکادیمیای ژنۆلۆژی دووەمین کۆنفرانسی خۆی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە دروشمی "زانستی ژنان لە ڕێگەی ژنۆلۆژییەوە نوێ دەبێتەوە" ئەنجامدا، ٣٠٠ نوێنەر بەشداری کۆنفرانسەکەیان کرد، لەیلا قەهرەمان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک، بەشداری کۆنفرانسەکەی کرد، ئاماژەی بەوەدا ئەم کۆنفرانسە جۆش و خرۆش و هیوای بە هەموو ژنان بەخشی و ئاماژەی بەوەدا، ئەم کۆنفرانسە لە بونیادنانی شۆڕشی ژناندا زۆر گرنگە.

 

"ژنۆلۆژی بناغەیەکی بەهێزی هەیە بۆ هەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکان"

 لەیلا قەهرەمان ئاماژەی بەوەکرد، ژنۆلۆژی بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" تێکۆشانی بەرز کردووەتەوە و سەرنجی ژنانی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، ژنۆلۆژی ئیلهامبەخش بووە بۆ ژنانی جیهان و وتی: کۆنفرانسی دووەمی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی گرنگی مێژوویی خۆی هەیە، کاتێک شەڕەکە پەرەدەستێنێت، کوشتنی ژنان و توندوتیژی کۆمەڵگە ئیفلیج دەکات، ئێمە لە نزیکەوە دەبینین کە سیستمی باڵادەستی پیاوان گیر بووە و ناتوانێت چارەسەر بۆ کێشەکانی ئێستا دابین بکات، سیستمی ئێستا بە بەرهەمهێنانی پیسبوونی زانیاری و شێواندنی زانست ژینگەی قەیران و ئاژاوە دروست دەکات، لە کەسایەتی ژندا دەیەوێت کۆمەڵگە بکاتە کۆیلە, لەسەر ئەم بنەمایە، ژنۆلۆژی درێژە بە پڕۆژە و چالاکییەکانی دەدات کە تیشک دەخاتە سەر ژنان و کۆمەڵگە و مێژووی زانیاری و زانستی ژنان، ژنۆلۆژی ڕەنگ و زمان و هۆشیاری لە بوونی ژن دروست دەکات، خۆپاراستنی ژنان بەرەوپێش دەبات و مسۆگەر دەکات، لەسەر ئەم بنەمایە، ژنۆلۆژی بنەمایەکی بەهێزی هەیە بۆ هەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکان کە دەتوانێت ڕوانگەیەکی بەدیل دروست بکات، میراسی تەڤگەری ئازادی ژنانی ٤٠ ساڵ لەمەوبەر خەریکە دێتە دەرەوە.

 

"زانستی واتادارکردنی ژیانە"

 لەیلا قەهرەمان ئاماژەی بەوەدا کە شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا بۆ پەرەپێدانی ژنۆلۆژی گرنگە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: گەشەپێدانی ژنۆلۆژی بە واتای دەستکەوت و سەرکەوتنی کۆمەڵگەکانە، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ژنان، خستنەڕووی ڕوانگەی پێکەوەژیانی ئازادە بۆ کۆمەڵگە کە یەکسانی ڕەوشتی و سیاسی دیموکراسی و یەکێتیی دیموکراتیکی ژن و پیاو پێکدەهێنێت، ژنۆلۆژی وەک زانستی واتابەخش بە ژیان لەبەردەمماندا دەردەکەوێت، ئۆقیانووسێکە بۆ هەموو ژن و مرۆڤایەتی، ڕووناکی ئومێدە و ئیدیعای خۆی وەک ئەڵتەرناتیڤێک لە دژی هەموو دەسەڵاتە دەسەڵاتدارەکان و عەقڵیەتی نەتەوەپەرستی و زایەندپەرستی دەخاتە ڕوو، ژنۆلۆژی لەسەر فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" دامەزراوە لەم بنەمایەدا وەڵامێکە بۆ ئەو کێشە سیستماتیکیانەی کە بوونەتە گرێ، شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا خۆی بە بەشێک لە ژنۆلۆژی دەبینێت و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە گەشەسەندنی، کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ڕەوشتی و سیاسی کە بنەمای ئەو کۆمەڵگەیەیە کە شۆڕشی ژنان تێیدا گەشە دەکات، بواری ژنان لەخۆدەگرێت.

 

"تێکۆشانی ژنان لە کایەی کۆمەڵایەتیدا خۆپاراستن بەهێز دەکات"

 لەیلا قەهرەمان ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت بە سیاسەتەکانیان دەیەوێت ژنان لە سیاسەت دووربخەنەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: نەبوونی ژنان لە سیاسەتدا کێشەی جددی دروست دەکات، ژنۆلۆژی یارمەتی ژنان دەدات ئەو یادەوەرییە بدۆزنەوە کە کۆمەڵگە لەدەستی داوە و پەیوەندی بە سیاسەتەوە ببەستێتەوە، پێویستە هەموو ژنان گرنگی بە زانست و سیاسەت بدەن و گەشە بکەن، پێویستە گوێیان لێ بگیرێت و لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتیدا خەباتی خۆیان بەڕێوەببەن، تێکۆشانی ژنان لە کایە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەرهەمهێنانی بە واتای بەهێزکردنی خۆپاراستنە، تەنیا لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانن ئەو بەها شۆڕشگێڕانەی کە سەریان هەڵداوە بپارێزن، هەر ژنێک بەشداری شۆڕشی ڕۆژئاوا بکات، بەرپرسیارە لە پەرەپێدانی شۆڕش، ژنۆلۆژی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە هۆشیاری ژنان بۆ وڵاتەکەیان و هەستەکانیان و دڵسۆزییان بۆ خاکەکەیان و تێڕوانینیان بۆ ژیان گۆڕیوە.

 

"سیستم لە ڕێکخستنی ژنان دەترسێت"

 لەیلا قەهرەمان وتی: وەک ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک پڕۆژە و چالاکییەکانی پەیوەست بە کاری ژنانمان جێبەجێ کردووە، لە کارەکانماندا پشتگیرییەکی بەرچاو لە ژنۆلۆژی وەردەگرین، تاقیکردنەوە و توێژینەوەکانی ژنان، دەوڵەمەندی زانیاری و ئەزموون بۆ ژنان دەڕەخسێنن، بەڕاستی ژنان لە ژێر کاریگەری شەڕ و قەیران و هێرشەکاندان لە سووریا، یەکێک لەو هۆکارانەی کە کۆمەڵگە لەم ئاستەدا تووشی قەیران دەبێت، ئەوەیە کە ژنان لە هیچ بوارێکدا ڕۆڵ و ئەرکیان نییە، لە بواری سیاسەتدا سیاسەتی کۆیلەکردنی ژنان بە توندڕەوترین شێوە بەڕێوەدەچێت، ئەرکی ئێمە لەم ڕووەوە ڕێکخستنی ژنانە، بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو ئەو ژنانەی لە سووریا دەژین ئەوەیە کە بە هەموو هەست و بیرکردنەوەکانیانەوە بچنە ناو یەکێتی ژنانی سووریاوە، با لە ژێر چەتری خۆماندا ڕێکخراوی خۆمان دروست بکەین، بە ڕێکخستن و بەرهەمهێنانی چارەسەری ئاشتیانە بۆ هەموو کێشەکان، با ببینە نموونە و سەرچاوەی ئیلهام بۆ هەموو تەڤگەرە شۆڕشگێڕییەکانی ژنان لە جیهاندا، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ژنۆلۆژی بەدیهێنانی ئیرادەی ئازاد و ڕێکخستنی ژنانە، دەبینین شەڕ بە حیکمەتی مرۆڤەکان دەکرێت، لەناوبردنی ئەم سیستمە باڵادەستە تەنیا لە ڕێگەی خەباتەوە، لە ڕێگەی ڕێکخستنەوە مومکینە، سیستم لە ڕێکخستنی ژنان دەترسێت، بۆیە دەبێت پەرەپێدانی بیرۆکەکانی دەوروبەری ژنان و ڕێکخستنی ژنان بپارێزین، ئەمەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریاش زۆر گرنگە، ڕێکخستنی یەکێتی ژنانی سووریا دەبێتە هۆی پەرەپێدانی چارەسەرێکی دیموکراستیک لە ڕووی ژیانی ئازاد و هەموو ئەو کێشانەی کە لە سووریادا ئەزموون دەکرێن.