میراتی زەینەب ئەردەم لەگەڵ ئەکادیمیای شەهید ژیان بەردەوامە

 ژنانی کامپی مەخموور، لەگەڵ ئەکادیمیای شەهید ژیان کە لە ساڵی ٢٠٠٣ دامەزرا، درێژە بەو میراتە دەدەن کە لە شۆڕشگێڕ ژیان "زەینەب ئەردەم" وەریان گرتووە. ئەم ئەکادیمیایە ساڵانێکە لە زۆر ڕووەوە پەروەردە بە ژنانی کامپەکە دەدات.

نوپەلدا دەنیز

 

مەخموور-- لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور"، ئەکادیمیای شەهید ژیان لە ساڵی ٢٠٠٣ بەناوی شۆڕشگێر ژیان "زەینەب ئەردەم" کە لە ١٣ی ئەیلوولی ١٩٩٥ لە ئەتروش بە تەقەکردن لەلایەن پێشمەرگەی پەدەکەوە گیانی لەدەستدا دامەزرا، ماوەی ٢١ ساڵە بە بەردەوامی کاردەکات بە ئامانجی پەروەردەکردنی ژنانی کامپی مەخموور.

 

 ژیان لەگەڵ ژن و گەل بوونە یەک

شۆڕشگێڕ ژیان، کە ناوی زەینەب ئەردەم-ە، لە ساڵی ١٩٦٧لە سێواز چاوی بەڕووی ژیاندا کردەوە،لە زانکۆی ئەنقەرەی تورکیا لە سەردەمی جینۆسایدی کولتووری خوێندوویەتی، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان ڕاستی خۆی و کۆمەڵگەکەی، لە ساڵی ١٩٨٨ پەیوەندی بە تەڤگەری ئازادی کوردستانەوە کردووە، بە بینینی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، مافەکانی ژنان و کۆمەڵگەی ئازاد لە باوەش دەگرێت، هەر لە ساڵی ١٩٩٣ و ١٩٩٤ تێکۆشەر ژیان و گەلی بۆتان یەکتر دەناسن، دوای ئەوە هاتە باشوور و لە بەهاری ساڵی ١٩٩٥جارێکی تر چووە لای گەلی بۆتان، دواتر چووەتە کامپی ئەتروش و ژنانی ڕێکخست، گرنگییەکی تایبەتی بە کاری ژنان دا و کۆمەڵگەی خۆبەڕێوەبەری دامەزراند، دەستی کرد بە گرنگیدان و پەروەردەکردنی ژنان، ژیان  لەگەڵ ژن و گەل بوونە یەک.

 

پەدەکە هێرشی کردە سەر گەل

لە نێوان ساڵانی ١٩٩٣-١٩٩٥ گەلی بۆتان بە هۆی هێرشی دەوڵەتی تورکەوە ناچار بوون لە شوێن و ناوچەکانی خۆیان کۆچ بکەن، ئەو گەلەی ڕوویان لە باشووری کوردستان کرد، بەشێکیان لە ئەتروش و بەشێکیان لە دۆڵی قیامەت مانەوە، بەڵام فشاری پەدەکە لەسەر چادرەکانی دۆڵی قیامەت زیاتر بوو، بۆیە لە ١٣ی ئەیلولی ١٩٩٥ لە ئەتروش بە بەشداری ژنان و پیر و گەنجان و تەنانەت منداڵەکانیش ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو، شۆڕشگیڕ ژیان "زەینەب ئەردەم"یش لەو چالاکییەدا بەشداری کرد، پەدەکە هێرشی کردە سەر ئەو کەسانەی کە چالاکییەکەیان ڕێکخست و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا شۆڕشگێڕ ژیان گیانی لەدەستدا و ٧ کەسیش بریندار بوون.

 

ژنانی کامپی مەخموور لە کامپی ئەتروش چاویان بە زەینەب ئەردەمی شۆڕشگێڕ کەوت و لەگەڵیدا تێکۆشان، بە مەبەستی درێژەدان بەو میراتە کە لە شۆڕشگیڕ ژیانەوە وەریانگرت، لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەکادیمیایان بە ناوی شەهید ژیان دامەزراند و لە دامەزراندنیەوە تا ئێستا ئەوان پەروەردە بە ژنانی گەنجی کامپەکە دەکەن.

 

بێریڤان ئیشلەک، ئەندامی ئەکادیمیای شەهید ژیان، سەبارەت بە بونیادنانەوەو چالاکییەکانی ئەکادیمیای شەهید ژیان قسەی بۆ کردین.

 

"هەڤاڵ ژیان پێشەنگی ژن و گەل بوو"

لە سەرەتای قسەکانیدا بێریڤان ئیشلەک ئاژماژەی بەوەکرد، شۆڕشگێڕ ژیان "زەینەب ئەردەم" لە ساڵی ١٩٩٥ لەلایەن پەدەکەوە شەهید کراوەو وتی: ئەکادیمیای شەهید ژیان لە ساڵی ٢٠٠٣ بە ناوی شەهید ژیانەوە کرایەوە، لە ساڵی ١٩٩٥ کاتێک پەدەکە گەمارۆی سەپاند و کامپی ئەتروشی گەمارۆدا، گەل بۆ کۆتایی هێنان بە گەمارۆکە خۆپیشاندانیان کرد، لەو کاتەدا هەڤال ژیان وەک بەڕێوەبەری کامپ کاری دەکرد، پێشەنگایەتی ژنان و گەلی دەکرد، کە پەدەکە دەیبینێت گەل ناڕەزایەتی دەردەبڕن، تەقە دەکەن و لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا هەڤاڵ ژیان شەهید دەبێت و ژمارەیەکی زۆریش بریندار دەبن.

 

هەڤاڵ ژیان گرنگییەکی زۆری بە پەروەردەی ژنان دا

 بێریڤان ئیشلەک ئاماژەی بەوەشکرد، شۆڕشگێڕ ژیان بایەخێکی زۆری بە خۆپەروەردەیی ژنان داوە و وتی: ئەو کەسانەی لەگەڵ هەڤاڵ ژیان ژیاون و کاریان کردووە هەمیشە باسی ئەو دەکەن و دەڵێن گرنگییەکی زۆری بە پەروەردەی ژنان داوە، هەمیشە ویستویەتی خۆی پەروەردە بکات و لە ڕووی ئایدۆلۆژیا و خوێندنەوە و نووسینەوە زانا بێت.

 

"ویستمان خەونەکانی هەڤاڵ ژیان بەدی بهێنین"

بێریڤان ئیشلەک، لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، ئەکادیمیای شەهید ژیان لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ یادی شۆڕشگێڕ ژیان "زەینەب ئەردەم" دامەزرا و وتی: دوای ئەوەی گەل ڕوویان لە مەخموور کرد، چەندین دامەزراوە و قوتابخانە دروستکران و ناوی  هاوڕێ ژیانیان لێندرا، بەو پێیەی هاوڕێ ژیان بایەخێکی زۆری بە پەروەردەی ژنان دا، ئێمە ویستمان ئەو خەونانە بەدی بهێنین کە هاوڕێ ژیان ویستبووی بۆ ژنان لەم ئەکادیمیایە بەدی بهێنێت، لەسەر ئەو بنەمایە ئەکادیمیای شەهید ژیان لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ژنان و ژنانی گەنجی کامپەکە دامەزرا.

 

"بەپێی پێویستی ژنان پەروەردە دەدەین"

 بێریڤان ئیشلەک ئاماژەی بەوەکرد، ئەکادیمیای شەهید ژیان چالاکی پەروەردە ئەنجام دەدات و وتی: لە ئەکادیمیاکەدا زیاتر ئەو ژنانەی خوێندنەوە و نووسین نازانن پەروەردەیان پێدەکرێت، ٨٠%ی ژنانی کامپەکە لە ئەکادیمیای شەهید ژیان خوێندوویانە، خولەکانمان وەک خولی هەفتانە و ٢٥ ڕۆژە و ٤٥ ڕۆژە و تا ٦٠ ڕۆژە پێشکەش دەکرێن، لەو ڕۆژەوەی کە ئەکادیمیاکە دامەزراوە، پەروەردەمان تا ئێستا بەردەوام بووە، پەروەردەمان بەپێی پێویستی ژنان دەدەین، ژنان و ژنانی گەنج لە قوتابخانە و زانکۆکانەوە دەرچوون، ژنانی کرێکار، ژنانی مامۆستا بە بەش بەش پەروەردەیان پێدەکرێت.

 

"هەر لەو ڕۆژەوەی دامەزراوە، کارێکی بەرفراوان ئەنجام دەدرێت"

 بێریڤان ئیشلەک ڕایگەیاند، پەروەردەی خوێندنەوە و نووسینیش دەدرێن و وتی: پێشتر پەروەردەی زمانی کوردی، زمانی عەرەبی، خوێندنەوە و نووسین دەدرا و پەروەردەکانمان بەردەوامن، هەروەها پەروەردەی وەرزشی بۆ ئەو ژنانە دابینکراوە کە دەیانەوێت وەرزش بکەن. ، هەروەها پەروەردەی ناوخۆییمان هەیەو لەو ڕۆژەوەی دامەزراوە، کاری بەرفراوان ئەنجامدراوە.

 

"لە دژی هێرشەکان ژنان پەروەردە دەکەین"

 بێریڤان ئیشلەک لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر هێرشەکانی سیستمی دەسەڵاتداری دژی ژنان و وتی: وەک دەزانرێت ئەمڕۆ سیستمی ئێستا هێرشێکی گەورە بۆ سەر ژنان ئەنجام دەدات، سیستمی ئێستا هێرشێکی بەرفراوان بۆ دابەشبوون و داگیرکردن ئەنجام دەدات، هێرشێکی گەورەی جینۆسایدی فیکری، کولتووری، زمان و شوناس هەیە، وەک ئەکادیمیای شەهید ژیان ئەرکی سەرەکیمان پەروەردەکردنی ژنانە لە بەرامبەر ئەم هێرشانە، پەروەردە لە ڕووی تەندروستی و مێژوو و پشت بەخۆبەستن و سەربازی و ئەو شێوازانەی بۆ ئازادی ژنان دیاری کراون دابین دەکەین، لە سیستمی ئێمەدا ئەکادیمیا شوێنێکە کە مرۆڤەکان تێیدا بوونیان هەیە، هەموو کەسێک دەتوانێت بێت و جێگەی خۆی بگرێتەوە، ئێمە وەک ئەندامانی ئەکادیمیا تەنها لە ئەکادیمیادا سنووردار نین، هەر دامەزراوەیەک بیەوێت لە هەر لایەنێکدا پەروەردەی دەکەین، ئێمە ژنان گەڕەک بە گەڕەک پەروەردە دەکەین.