شۆڕشی ساکینە جانسز لە زیندان بۆ شاخ و هەموو جیهان

لە دەهەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ساکینە جانسز و هەڤاڵانی، ژنانی دیکەی پێشەنگ، دەکرێنە ئامانج، مامۆستا ویژدانیش دەڵێت "شەهید نامرێت بەڵکو دەستی دوژمنان دەبڕێت".

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و لە کۆمەڵکوژییەکدا سێ ژنی پێشەنگ بە ناوەکانی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە پیلانێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا شەهیدکران، شەهیدکردنی ئەو ژنە پێشەنگانە فکری ئازادی ژن، خەبات و تێکۆشانەکانی زیاتر و زیاتر کرد بە جۆرێک ئەو دروشمەی ئەوان لە زیندان و چیاکاندا دەیانوتەوە ئێستا نەک تەنها ژنانی کورد بەڵکو تەواوی ژنانی جیهان کاری پێدەکەن.

 

شۆڕشەکەی ساکینە جانسز بووە بونیادنانی تێکۆشانی مێژووی ژنانی کورد، ئەو تێکۆشانەی ژنان لە پێناو ئازادی و وەستاندنەوەی بە ڕووی ئەقڵیەتی پیاوسلاری چەقبەستووی دەسەڵاتدارییەوە ئەنجامی دەدەن.

 

"ژنی پێشەنگ دەتوانێت سەر لە بەری کۆمەڵگە بگۆڕێت بۆیە دەکرێتە ئامانج"

ویژدان نورەدین، مامۆستا و چالاکوانی ژنان، دەربارەی دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژی پاریس و بە ئامانجگرتنی ژنان تیایدا سەرەتا ئاماژەی بەوەکرد لە ساڵیادی شەهیدکردنی ساکینە جانس و دوو ژنی دیکەی شۆڕشگێڕ، گرنگە هەمووان بزانن کە شەهید نامرێت بەڵکو دەستی دوژمنان دەبڕێت، هەروەها سەدەی ٢١ سەدەی ژنە.

 

بەردەوام دوژمنان و داگیرکەران ژنانی پێشەنگ دەکەنە ئامانج چونکە ژنی پێشەنگ دەتوانێت سەر لە بەری کۆمەڵگە بگۆڕێت، چونکە دەتوانن تاکی تەندروست دروست بکات، هاوکێشە سیاسی و فکری سیاسییە نەتەوەپەرستییەکان لەناوببات، ئەمەش بووەتە هۆکاری سەرەکی کە دەسەڵاتدارانی چەقبەستووی داگیرکەر بکرێنە ئامانج.

 

"ساکینە جانسز ڕێچکەی تێکۆشانی گرتەبەر و چەندین ژنی پێشەنگی بەرهەمهێنا"

ساکینە جانسز توانی لە ساڵانێکدا و لە ناو زینداندانێکدا شۆڕش بەرپا بکات کە گەورەترین مەترسی هەبوو، نەک تەنها شۆڕشی بەرپا کرد بەڵکو توانی کاریگەری لەسەر زیندانیانی دیکەی ناو زیندانەکان دروست بکات وەک کەمال پیر، ئەو شۆڕشەی ساکینە بەرپای کرد تەنها لە چوارچێوەی خودی خۆی و  زینداندا نەمایەوە بەڵکو پەلی هاویشت بۆ دەرەوە، ئەو خەبات و تێکۆشانەی لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ ڕوویدا دەرەنجامی هزر و شۆڕشی ئەو ژنە تێکۆشەرەبوو.

 

باسی لەوەکرد، ئەو ڕێچکەیەی ساکینە جانسز لە پاش ئازادبوونی لە چیاکان دروستی کرد، وەک "زیلان و ئەڤین" ئەو ڕێچکەیەیە کە هەموو ژنە شۆڕشگێڕە ئازادیخوازەکانی کۆکردوەتەوە کە هەموو بە یەک دەنگ ژنان ئاڕاستە دەکەن و دەڵێن "نا بۆ لەچاڵنانی بیری ژنی پێشەنگ، بەڵێ بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە لە ڕێی دایکانەوە".

 

"ژنان لە ڕێی دۆزینەوەی بەهای خۆیان دەتوانن ببنە ژنێکی پێشەنگ"

مامۆستا ویژدان باسی لەوەکرد، لە تەواوی جیهاندا و لە باشووری کوردستانیشدا ڕەوتێک هەیە کە ئامانجیانە ژنان بکەن بە کاڵا و لەناویانببەن، بەڵام کاتێک ژن توانی بەهای خۆی و تەواوی مێژووی شۆڕشگێڕی ژنان وەک سەردەمی دایکایەتی و ئەنجامدانی کشتوکاڵ بزانێت و بیکات بە بەرگی خۆیدا بێگومان دەتوانێت ببێتە ژنێکی پێشەنگ، وەڵامی هەموو ئەو فکرانە بداتەوە کە دەڵێن ژنان دەبێت لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.

 

دەربارەی دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژیەکان و تیرۆرکردنی ئامینە کارا، ڕوونیکردەوە کە ئەو ژنە تێکۆشەرە ماوەی زیاتر لە ٣٢ ساڵە خەبات دەکات لە پێناو نەتەوەی کورد و دۆزی نەتەوەکەی، هەروەها دەرهێنانی ژنان لەو قاڵبەی بۆی دروست کراوە، گومانی تێدا نییە دوژمنان چاو دەخەنە سەر هەموو ئەو ژنانەی خوێندکاری ساکینە جانسز بوون و ڕێچکەی ئەویان گرتووە.

 

چونکە ئەو ژنانەن کە دەتوانن سروشت زیندوو بکەنەوە و ئارامی بگەڕێننەوە بۆ ژیان، بەڵام دەسەڵاتی چەقبەستووی داگیرکەر لەبەر ئەم هۆکارانەیە دەتوانێت دەنگ و ڕەنگی ژن کاڵبکاتەوە، لایان ڕوونە ژنانی پێشەنگ مەترسین بۆسەر دەسەڵاتی ئەوان.

 

"ژنانی کورد لە هەر جێگەیەک بن ئامانجی دوژمنانن"

بە دووبارەبوونەوەی تیرۆرکردن و کۆمەڵکوژیەکان دەسەلات دەیسەلمێنێت کە کورد و ژنانی کورد لە هەر جێگەیەک بن ڕووبەڕووی تیرۆرکردن دەبنەوە، هەر کوردێکی هۆشیار دەکەنە ئامانج، وتی "بۆیە گرنگە ئێمەی ژنان خۆمان هۆشیار بکەینەوە، هەمیشە بە جۆرێک کاربکەین هەموو جوانییەکان لە بوارە جیاوازەکانی، سیاسی، ئابووری، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی کۆبکەینەوە لە پێناو جوانیدان بە کۆمەڵگە و شێواندنی دەسەڵاتی دوژمنان".

 

گومانی تێدا نییە شەهیدکردنی ساکینە جانسز و هەڤاڵانی هەروەها ئامینە کارا، سەکتە بوو بۆ دۆزی ژن، بۆ ژنانی کورد بەڵام وەڵامی ژنانی کورد بریتیەلەوەی هەر ژنێکی تێکۆشەر شەهید بکرێت چەندین ژنی دیکەی پێشەنگ بەرهەم دێت، هەر وەک چۆن ئێستا تەواوی ژنانی کورد و لە نێویاندا ژنانی جیهان دروشمی ژن ژیان ئازادی دەڵێنەوە.

 

"ژنانی سیاسەتمەندار پێویستیان بە بڕوا بەخۆبوونە"

لە کۆتایدا مامۆستا ویژدان ڕوونیکردەوە باسکردنی خەباتی ژنان لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە ڕاستەوخۆ فکری هەموومان دەباتە ڕۆژئاوا و چیا، بەڵام، گرنگە خەباتی ژنان لەناو پارتە سیاسییەکاندا بە کەم نەبیندرێت، دەڵێت "تاکە جیاوازی ژنانی شاخ و پارتە سیاسییەکان بوونی بڕوابەخۆبوونێکی تەواوە لە ژنانی شاخدا کە لە ژنانی پارتە سیاسییەکاندا کەمترە".

 

پێویستە ژنان لەناو پارتە سیاسییەکاندا خەباتی خۆیان بە کەم وەرنەگرن، چونکە ژنان لە ناو پارتە سیاسییەکاندا باشتر لە پیاوان دەتوانن کارو چالاکییەکانیان ئەنجام بدەن، تاکە کێشە نەبوونی بڕوابەخۆبوونیانە، لە بڕوابەخۆبوونیاندا دەتوانن قەوارەی کارو چالاکییەکانیان بپارێزن، وتی "هەمیشە داوام لە ژنان کردووە لە هەر پارتێک و  جێگەیەک کار دەکەن گرنگ نییە گرنگ ئەوەیە بە ڕەنگی ژنانە کار بکەن و داکۆکی لە ماندووبوون و مافی تەواوی ژنان بکەیت".