گۆڕینی سیمبولە مێژووییەکان سڕینەوەی یادەوەری نیشتمانیە

 بڕیارەکانی حکومەتی کاتی سووریا ڕێبازێکی تاکلایەنە دەگرێتەبەر کە هەڕەشە لە فرەچەشنی کولتووری و ئایینی دەکات کە چەندین سەدە تایبەتمەندی وڵاتەکەیە، گۆڕینی سیمبولە مێژووییەکان نوێنەرایەتی هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی مێژووی پێکهاتە هەمەجۆرەکانی ناوچەکە.

ڕۆشێل جونیور


سوەیدا- گۆڕینی ناوی چەند شەقامێک لە شاری حومسی سووریا، کاردانەوە و ڕەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمەش دوای بڕیارێکی فەرمی لەلایەن ئۆفیسی جێبەجێکاری ئەنجومەنی شاری حومسەوە بۆ گۆڕینی ناوی شەقامەکان کە ناوی کەسایەتییە مێژووییە دیارەکانیان لەسەرە، ئەم هەنگاوە پرسیاری مافی مرۆڤ دەوروژێنێت سەبارەت بەوەی کە تا چەند یادەوەری بەکۆمەڵ و فرەچەشنی کولتووری و ئایینی لە کایەی گشتیدا ڕێزیان لێدەگیرێت.

 

بڕیارەکانی حکومەتی کاتی سووریا کاردانەوەیەکی بەرفراوانی و شەپۆلێکی ڕەخنەی لێکەوتەوە، ئەمەش لە کاتێکدا ترسی هەوڵدان بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژوو و گواستنەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو بە شێوەیەکی تاک و یەکپارچە، دەسەڵاتداران لەوەتەی دەسەڵاتیان وەرگرتووە، سیاسەتی سەپاندنی یەک گێڕانەوەی گرتۆتەبەر، هەڕەشەی پەراوێزخستنی فرەچەشنی دەوڵەمەندی کولتووری و شارستانی وڵات دەکەن، هەروەها شارە مێژووییەکان شوێنی کۆبوونەوەی چەندین شارستانییەت بوون و هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی گرنگی ئەم شارستانییەتانە نەک هەر دەست دەخاتە سەر ڕابردوو، بەڵکو نوێنەرایەتی وەدەرنانی یادەوەری بەکۆمەڵی گەلانی ئێستا و ئەو شارستانیەتانە دەکات کە بە درێژایی سەدەکان لە یەکتردا سەرکەوتوو بوون.

 

گۆڕینی سیمبول و ناوە مێژووییەکان وەک تەنها فۆرماڵیزمێک نابینرێت، بەڵکو وەک هەنگاوێک بە ڕەهەندە ڕەمزی و سیاسییە قووڵەکانەوە سەیر دەکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر یادەوەریی بەکۆمەڵی نەوەکانی داهاتوو، چالاکوان حەنین خەلیفە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە مەترسییەکە لە کاریگەرییە درێژخایەنەکانیدایە لەسەر هۆشیاری مێژوویی، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی پرسیارکردن یان سەرلێشێواوی لە نێوان نەوە نوێیەکاندا، تەنانەت ئەگەر دواتر ئەم ڕاستیانە دووبارە بەڵگەدار بکرێنەوە.

 

دووپاتیشی کردەوە، ئەم هەنگاوە تەنها گۆڕینی ناوی شەقامێک یان کەسایەتییەکی نیشتمانی دیاریکراو نییە، بەڵکو بەشێکە لە ڕێبازێکی گشتگیر بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هۆشیاری گشتی، ئەوەی ڕوودەدات بە هەوڵێکی سیستماتیکی دەزانێت بۆ شێواندنی مێژووی سووریا و سڕینەوەی سیمبولە نەتەوەیی و ئایینی و کولتوورییەکانی.

 

حەنین خەلیفە جەختی لەوە کردەوە، کە سووریا بە درێژایی مێژووی دوور و درێژی وەک کەشێک ناسراوە کە هەموو شارستانیەت و مەزهەبەکان یەکدەخات، بەڵام دەسەڵاتی ئێستا هەوڵی سەپاندنی دیدگایەکی تاک و کەمکردنەوە دەدات، جا چ لە ڕێگەی بابەتی پەروەردەییەوە بێت یان بە گۆڕینی ناوی شەقام و سیمبولە گشتییەکان، هەروەها ئەو گۆڕانکارییە دووبارەبووانەی کە کاریگەرییان لەسەر ناوی شەقامەکان و شوێنە مێژووییەکان هەیە، بڕیاری کارگێڕی زوو تێپەڕ نییە، بەڵکو هەڵگری پەیامی سیاسی و ئایدیۆلۆژییە کە ئامانج لێی چەسپاندنی وتارێکی ئایینی ڕەقە.

 

گۆڕینی ناوی شەقامێک کە ناوی "سلطان باشا الأطرش" لەسەر بوو، یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی شۆڕشی گەورەی سووریا لە دژی داگیرکاری فەرەنسا، بە هەوڵێک بۆ سڕینەوەی مێژووی دروزەکان زانی و ڕایگەیاند، کە "سلطان باشا الأطرش" سیمبولی مەزهەبێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو کەسایەتییەکی نیشتمانییە کە هەموو سوورییەکانی سەر بە ئایینی جیاواز یەکدەخات،  ئەو ڕەخنەی لەوە گرت کە بە هەوڵدان بۆ پەراوێزخستنی مەزهەب و گروپەکانی دیکە پێناسەی کرد و وتی: وتاری باو دابەشبوونە کۆمەڵایەتی و خێڵەکیەکان بەهێز دەکات لەبری ئەوەی چاکیان بکاتەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئەو ڕاگەیاندراوە دەستورییەی دەسەڵاتی ئێستا دەرچووە، ڕەنگدانەوەی خواستەکانی سووریاییەکان نییە بۆ دەوڵەتێکی دیموکراتی و مەدەنی، بەڵکو دەسەڵاتی تاکێک چەسپاندووە و دەسەڵاتێکی فراوان بە سەرۆک دەبەخشێت بەبێ هیچ میکانیزمێکی لێپرسینەوەی ڕاستەقینە، هەروەها دەستووری پێشنیارکراوی وەدەرنانی و پەراوێزخستن بەهێز دەکات، هەر پڕۆژەیەکی سیاسی لەسەر بنەمای هاوبەشی نیشتمانی و ڕێزگرتن لە فرەیی نەبێت، شکست دەهێنێت لە بونیادنانی سەقامگیری ڕاستەقینە لە وڵاتدا.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە پاراستنی سیمبولە نەتەوەیی و مێژووییەکان بەرپرسیارێتییەکی بەکۆمەڵە بەرامبەر بە نەوەکانی داهاتوو، چونکە ئەم سیمبولانە نوێنەرایەتی یادەوەرییەکی هاوبەشی نەتەوەیی دەکەن کە نابێت بخرێتە ژێر ململانێی سیاسی و خێڵەکی، لە کۆتای قسەکانیدا وتی: هێزی مێژوویی وڵات هەمیشە لە فرەچەشنی و یەکگرتوویی گەلەکەیدا بووە.