وەرزی پایزە و ژنان دەستیان بە کۆکردنەوەی بەروبوومی پایزە کردووە

وەرزی پایزە و هاوڵاتیان پۆل پۆل ڕوو لە باخەکانیان دەکەن، بە مەبەستی کۆکردنەوەی بەروبوومە پایزەکان و ژنانیش بەشێکی سەرەکین لە کۆکردنەوەی بەروبوومەکان.

هەڵەبجە

 

وەرزی تەکاندنی گوێزە ئێرە شاخی شنروێیە و تەنها ٤ کم لە هەڵەبجەوە دوورە، سەر بە گوندی هاوارە، ئاوات و هاوژینەکەی ماوەی ١٠ ڕۆژە لە شنروێ ماونەتەوە، بە مەبەستی کۆکردنەوەی بەرهەمی گوێزەکەیان کە بەدرێژایی هاوین خەریکی خزمەتکردنی بوون.

 

ئاوات دارا سەید، پاش ئەوەی ئامادەکارییەکانی ڕۆژەکەی دەستپێکرد، وتی: ١٠ ڕۆژە لێرەین و دانیشتووین بە دیار شەن وەشێنەکەوە تا وەکو گوێزەکە بتەکێنێت.

 

ئاوات چیشت و نان ئامادە دەکات و دوای تەواوکردنی ئەو کارانەی، دەچێتە ناو باخچەکە و دەست بە کۆکردنەوەی گوێزەکان دەکات، ئەو لەگەڵ هاوژینەکەیدا لە وەرزی هاویندا بە هەفتە لەناو باخەکەیاندا ماونەتەوە، ئاوی دار گوێزەکانیان داوە.

 

ئاوات نایشاریتەوە کە سەردەمی پیشووتر ئەرکەکانیان زۆرتر بووە لە دار هێنان و ئاودان و چەندین ئیشی دیکەی گوند، بەڵام ئێستا کاری گوند ئاسانتر بووە، ئاوات دارا خۆشحالە بە کارەکەی و هیواخوازە سەرجەم هاوڵاتیان بەروبوومی کوردەواری بەکاربهێنن.