بەرەوپێشچوونی ژیان توندوتیژییەکانی ژنانی کەم نەکردووەتەوە

سەرەڕای هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دژی ژنان لە جیهاندا بە گشتی و فەڵەستین بەتایبەت، هێشتا توندوتیژییەکان بەردەوامن، چونکە دیاردەی توندوتیژی بە پلەی جیاواز لە کۆمەڵگاکاندا بڵاوبووەتەوە.

نەغەم کەراجە

 

غەزە- ئەقڵیەتی پیاوسالاری لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیدا بووەتە هۆی تێکچوونی بارودۆخی گشتی و زیادبوونی توندوتیژییەکانی سەر ژنان، بەهۆیەوە ژنان ڕووبەڕووی چەندین جۆری جیاواز لە توندوتیژی دەبنەوە، مافەکانیان پێشێلدەکرێت.

 

ئیکتیمال حەمەد، بەرپرسی یەکێتی لیژنەکانی ژنانی فەلەستین، ئاماژەی بەوەدا تەواوی توندوتیژییەکانی سەر ژنان دەرئەنجامی ئەو ئایدۆلۆژیا و کولتوورە ژینگەییەیە کە دەوری ژنانی داوە، دواجار ژنان هۆشیاریان دەربارەی مافەکانیان کەم دەبێتەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، نەبوونی یاسا و سیاسەتی بنەڕەتی لە وڵاتانی عەرەبی، بووەتە هۆی پشتگوێخستنی بابەتەکانی پەیوەست بە ژنان، وتیشی: لە ئەنجامی خراپی بارودۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ژنانی عەرەب ڕووبەڕووی توندوتیژیە جیاوازەکان دەبنەوە، ئەمە جگە لەو سەختییانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە خێزان و شوێنی کاریاندا".

 

ژنانی عەرەب لەژێر هێرشی توندی توندوتیژیدان

بەپێی ئاماری جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٢ دەرکەوتووە ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان لە جیهانی عەرەبیدا بە هەموو شێوە و جۆرەکانییەوە لە ٣٥% زیادیکردووە، واتە نزیکەی ٧٣٦ ملیۆن ژن، لە هەندێک وڵاتدا ڕێژەکە ٧٠%ی تێپەڕاندووە، ئەم ئامارانە ڕاست نین چونکە چەندین حاڵەت هەن بێدەنگیان لێدەکرێت.

 

سەبارەت بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە ئاشکرایکرد، ئەو ئەقڵیەتە بەهێزترین هۆکارە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی توندوتیژی دژ بە ژنان، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ پەراوێزخستنی ژنان لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی و بوارە سیاسییەکاندا.

 

"هێرش و داگیرکارییەکان توندوتیژی سەر ژنانی فەڵەستینی زیادکردووە"

ئیکتیمال حەمەد، ئەندامی ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە لە نۆ وڵاتی عەرەبی ئاماژەی بەوەشدا، یەکێکی دیکە لە زیادبوونی توندوتیژیەکانی سەر ژنانی فەڵەستین، بوونی بەردەوام هێرش و داگیرکارییەکانە، وا لە ژنان دەکات هەست بە ترس بکەن، "ژنان لە بوونی هێرش و داگیرکارییەکاندا بەهۆی ئەوەی بەرگری لە خۆیان و دۆزی خۆیان دەکەن، لێیان دەدرێت، دەستدرێژیان دەکرێتە سەر و دەستگیر دەکرێن".

 

لە میانەی قسەکانیدا داوای لە دەسەڵاتدارانی حکومەتی فەڵەستین کرد پارێزگاری لە ژنانی فەڵەستین بکەن، یاسایەک پەسەند بکەن تیایدا ژنان مافیان پارێزراوبێت، توندوتیژییەکانی ناو خێزانەکان کەم بکرێتەوە و ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر لەکاتی بوونی قەیرانە ئابووری و نائاساییەکاندا.

 

"جێبەجێکردنی یاساکان توندوتیژی کەم دەکاتەوە"

لە کۆتاییدا جەختی لە پێویستی جێبەجێکردنی یاساکان کردەوە، بە ئامانجی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان و دروستکردنی ژینگەیەکی دادپەروەرانە دوور لە توندوتیژی و پەراوێزخستن و کولتووری کۆنەپەرستانە، لە ئەنجامدا بەشداری ژنان سنووردار دەکات لە هەر ئاڕاستەیەکدا کە بیانەوێت، جەختیشی لەوە کردەوە خەبات بە پێشەنگایەتی ژنان و دامەزراوە فێمینیست و مەدەنییەکان بەردەوامە لەپێناو گەیاندنی دەنگی ژنانی ستەملێکراو.