"دروشمی ژنان دژی دەسەڵات شۆڕشێکە"

لە دەیەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ساکینە جانسز و هاوڕێکانی، کەسوکاری شەهیدان دەڵێن: کۆمەڵکوژی تێکۆشانمان ناوەستێنێت و درێژە دەدەین بە ڕێبازی ساکینە و هاوڕێکانی.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-دوای تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ بەسەر شەهیدکردنی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، کە لە٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣دا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا بە دەستی دەوڵەتی تورکیا شەهیدکران، لە مەراسیمێکدا لە شاری سلێمانی بە بەشداری چالاکوانان، ئازادیخوازان و کەسوکاری شەهیدان بەرز ڕاگیرا، بەشداربووان ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژیەیان کرد، ڕایانگەیاند، دەوڵەتان بێدەنگن لە ئاست ئەم پێشێلکارییەدا کە بەرامبەر بە کورد دەکرێت و بەڵێنیاندا کۆمەڵکوژییەکان خەباتی ئەوان ڕانەگرێت.

 

"ژنان بە دروشم شۆڕش دەکەن"

ئامینە عەلی، دایکی هەردوو شەهید ڕیناس و ڕێباز تیلەکۆ لە دەیەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ساکینە جانسز و هاوڕێکانی، باسی لە شۆڕشی ژنانی ڕۆژهەڵات کرد و دەڵێت: ئەوان تێکۆشانیان کرد و دەبێت ئێمەش هەموومان پشتیوانیان بین، ژنان تەنها نین و شۆڕشگێڕن، لە شاری سەقزیشەوە شۆڕشەکەیان دەرکەوت، ئەوان بە چەک شۆڕش ناکەن، بەڵکو بە قسە و دروشم شۆڕش دەکەن، هەرچەندە دوژمن ناهێڵێت، ڕێگریان لێ دەکات، دەیەوێت شەهیدیان بکات و دەنگیان کپ بکات، بەڵام ئەوان هەر بەردەوامن.

 

"کورد ئەگەر یەک بگرێت دوژمن ناتوانێت هیچ بکات"

ئامینە عەلی ئەوەشی خستەڕوو، داوا لە ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەم کە یەکبگرن و تێبکۆشن بەرامبەر بە دوژمنانی کورد، چونکە بە یەکگرتنی ژنان و کورد دوژمن هیچی پێناکرێت، دەستە ڕەشەکەی دوژمن لە پاریسە و ژنانی ئازادیخواز شەهید دەکات، بەڵام شەهیدکردن کار لە خەبات و تێکۆشانی ژنان ناکات، من وەکو دایکی دوو شەهید داوا لە ژنان دەکەم کە پاڵپشتی ژنانی ڕۆژهەڵاتیش بکەن، ئەگەر ژنێک شۆڕش بکات دوژمن لە بەرامبەردا ژنانی تر شەهید دەکات.

 

"بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی درێژە بە خەباتی ساکینە جانسز دەدەین"

ڕووناهی سنە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە شاری سلێمانی دادەنیشێت، ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک باسی ئەوروپا دەکرێت باسی ڕۆشنفکری و پێشکەوتن و پارێزگاری لە مافی مرۆڤ دەکرێت، بەڵام بەداخەوە هیچ مافێکی تیادا نییە، ئێمە کە باس لە ژن دەکەین ژن کانگای ئازادیە، دوژمنانی کورد دووبارە لە پاریس کۆمەڵکوژیان کرد و ژنانی شۆڕشگێڕیان کرد بە ئامانج، ئێمەی کورد وەکو دار بەڕوو خۆڕاگرین، من وەکو ژنێکی ڕۆژهەڵاتی کە هاوژینەکەم بە دەستی دوژمنانی کورد شەهید کراوە، ئەو کۆمەڵکوژیانە شەرمەزار دەکەم.

 

ڕوناهی سنە وتیشی: دوژمنێکی وەکو قاسم سلیمانی کە چەندین مەراسیمی بۆ دەکرێت لە ساڵیادی کوشتنەکەی، بەڵام بۆ ژنانی خەباتگێڕی وەکو ساکینە جانسز و هاوڕێکانی بە ترسەوە دەتوانین مەراسیمی ساڵیادی شەهیدکردنەکەی بکەینەوە، ئێمەی ژنان دەتوانین درێژە پێدەری ڕێگەی شەهیدان بین، بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بەردەوام دەبین لە خەباتەکەی شەهید ساکینە، وەکو ماڵباتی شەهیدان تا لوتکەی ئازادی وەکو ژن گیانمان لە ڕێگەی ئازادیە شۆڕش دەکەین بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت مافەکانمان بخوات.