"بۆ بەردەوامی خەباتمان دەبێت ژنان یەکڕیز بن"

تیرۆرکردن و شەهیدکردنی ئازادیخوازان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەردەوامە بۆ لە قاڵبدانی ژن و چرۆ شوانیش دەڵێت: هەڵسوکەوتە مۆڕاڵ بەخشەکەی لێمان شوێش وامان لێدەکات لە خەبات بەردەوام بین.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- هێز و ئیرادەی ژنانی ئازادیخواز هەمیشە مەترسی بووە بۆ دوژمن و نەیارانی کورد، بەتایبەتی  کاتێک ژنێکی پێشەنگ بووبێتە مۆڕاڵ و نیشانەی هێز بۆ ژنانی چواردەوری خۆی و هەوڵی هۆشیارکردنەوەی ژنانی دابێت، هاوشێوەی لێمان شوێش، ناسراو بە "ڕەیحان"، کە ٣٨ ساڵی تەمەنی خۆی لە ڕێگەی خەبات و ئازادی ژنان و گەلەکەیدا تەرخان کرد و  چەندین ساڵیش لەباشووری کوردستان مایەوە، دواجار لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە ڕێگەی قامیشلۆ تیرۆر کرا.

 

"نەیارانی کورد چاویان بە خەباتی ژنان هەڵنایەت"

چرۆ شوانی، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، ڕاستییەک هەیە دەبێت هەموومان بیزانین لە کاتێکدا دوژمنانمان زۆر باش دەزانن، ئەویش ئەوەیە کە هەمیشە ژنی بەهێز و بە ئیرادە ترسە بۆ سەر دوژمن، بەڵگەش ئەوەیە هەر لە ماوەی پێشوودا چەندین ژنی ئازا و بە ئیرادە و تێکۆشەر لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە تیرۆر کران، تیرۆرکردنی لێمان شوێش شاهیدی ئەوەن کە دوژمنان چاویان بە خەباتی ژنان هەڵنایەت، لێمان شوێش ماوەی چەند ساڵێک بەرپرسی کۆنگرە ستار بوو لە باشووری کوردستان و هەر لە ڕۆژی شەهید کردنەکەیەوە ئەوەمان بۆ دەرکەوت، کە چەند کاریگەری لەسەر ژنانی باشوری کوردستان بەجێهێشتبوو.

 

"دوژمنانی کورد نایانەوێت ژن دەربکەوێت"

چرۆ شوانی ڕوونی کردەوە، دوژمن کە دەیبینی ژنێکی وەکو لێمان شوێش هەیە و ژنان فیری ئیرادە بەهێزی و باوەڕبەخۆبوون دەکات ترسێکی لا دروست بوو، هەر بۆیە دەوڵەتی تورکیا کردیە ئامانج، بۆ ئەوەی ژن لە قاڵب بدرێت و دوژمن نایەوێت ژن دەربکەوێت، چونکە هەر هەنگاوێکی چونە پێشەوەی ژنان مەترسیە بۆ سەر دوژمن، بۆیە دەبینین هەمیشە ژنانی پێشەنگ بوونەتە ئامانج.

 

وتیشی: تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل و لێمان و شوێش و ئازادیخوازانی تر ئێمەی ژنان ناترسێنێت و گەرمترمان دەکات لەسەر خەباتکردن و سۆزی ئێمە دووپات دەکاتەوە کە پەرە بەو ڕێگایە بدەین، چونکە ئەوە بەرپرسیارێتی سەر شانی ئێمەیە و ئێستاش شۆڕشی ژنانە بە تایبەتی لە باشوری کوردستان و دەبێت ژن پێشەنگایەتی شۆڕش بکات و ژن بناغەی هەموو کۆمەڵگەیەکە."

 

"لێمان شوێش کەسایەتییەکی لەخۆبوردەی هەبوو"

چرۆ شوانی ئەوەشی خستەڕوو، هەر کۆمەڵگەیەک ژنانی هۆشیار و تێگەشتوو بوون ئەو کات دەتوانین بڵێن کۆمەڵگەیەکی پیشکەتووە، لێمان شوێش"ڕەیحان" ٣٨ ساڵی تەمەنی لەخەبات و تێکۆشاندا بەسەربرد، ژنێکی لەخۆبوردە بوو، هەڵسوکەوت و بەشداری کردنی لە چالاکییەکان و کۆبوونەوەکان و سەردانیکردنی ژنانی لایەنەکان مۆڕاڵ بەخش بوو، هەر وشەیەکی شیکردنەوەیەکی لەخۆدەگرت، لێمان شوێش و ناگیهان ئاکارسەر کەسایەتیەکی ئەفسوناویان هەبوو.

 

چرۆ شوانی جەختی کردەوە، ئێمەی ژنان دەبێت ڕێبازی لێمان شوێش و ئەو شۆڕشگێڕانە بگرینە بەر کە گیانی خۆیان لەپێناو ئازادیدا بەخت کرد، دەبێت وەکو ئەوان خەبات بکەین، بۆ ئاسودەبوونی ڕۆحیان دەبێت بەردەوام بین لەسەر ڕێبازەکەیان، بۆ ئەوەی ئەم رێبازە پەرە پێ بدەین و ژن ئازاد بێت دەبێت یەکەم شت ژنان بچنە لای یەک و یەکڕیز بن، چونکە یەکڕیزی مەترسیە بۆ سەر دوژمن و بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی دوژمن و ئەو ئەقڵیەتە بوەستینەوە کە ژن دەچەوسێنێتەوە.