برینە بەردەوامەکانی شۆڕشی ژینا

ئەو بریندارانەی نەیانتوانی بچنە نەخۆشخانە تا ئێستا چارەسەریان بۆ نەکراوە، تەنانەت هەندێکیان مانگێک یان دوو مانگە فیشەک لە جەستەیاندایە و بەهۆی نەبوونی چارەسەری پێویست ناچارن بە برینداری بمێننەوە.

هیما ڕاد

 

سنە- بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئەنجامدراون، برینداری خۆپیشاندانەکان لە خێزانە کەم دەرامەتەکان و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگەن، ئەوان بۆ مافە سەرەتاییەکانیان بەشداری ناڕەزایەتییەکان بوون، ئێستاش زۆرێکیان بریندارن، زۆرێکیان لە زینداندان، ژمارەیەکی بەرچاویش گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هێشتا ڕۆحی خەبات لە دڵی خەڵکدا زیندووە، هیچ کەسێک بەرخۆدانی ڕانەگرتووە.

 

هەر لە سەرەتاوە گەل گروپیان بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان پێکهێنا، بەڵام زۆرێک لە بریندارەکان شانسی چارەسەرکردنیان لە ماڵەوە بۆ نەڕەخساوە، هەروەها نەیانتوانی خۆیان فیشەکەکان دەربهێنن، هەربۆیە فیشەکەکان لە جەستەیاندا جێگیر بوون.

 

یەکێک لە خۆپیشاندەران نزیکەی ٤٠ گولـلەی لە قاچییەوە تا چەناگەی بەرکەوتووە، باس لەوە دەکات کە تەنیا توانیویەتی ١٠ گولـلە دەربهێنێت، گولـلەکانی دیکەی تا ئێستا لە جەستەدا ماوەتەوە.

 

هەروەها باسی لەوەکرد کە چوونە نەخۆشخانە مەترسی هەیە و لەوانەیە لە کاتی چوونیاندا لەلایەن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیربکرێن، زۆرێک لەو نموونانە بە هۆی نەبوونی دەرفەتی پزیشکی لە ماڵەوە و نەچوون بۆ نەخۆشخانە، تەندروستییان بە تەواوی چاک نەبووەتەوە و تا ئێستاش جەستەیان زامداری گولـلەی ستەمکارە.