ژنانی مەغریبی ڕووبەڕووی توندوتیژی یاسایی و دیجیتاڵی دەبنەوە

سوعاد بەنوور، سەرۆکی ناوەندی مەغریب بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشەکانی جێندەر و گەشەپێدان ڕایگەیاند، کە ژنانی مەغریب نەک تەنها لە کۆمەڵگە بەڵکو لە بواری یاسایشدا توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت.

حەنان حارت

 

مەغریب- لە مەغریب توندوتیژی جەستەیی و ئەلکترۆنی-دیجیتاڵی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، سوعاد بەنوور، سەرۆکی ناوەندی مەغریب بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسی جێندەر و گەشەپێدان ئاماژەی بەوەدا، کە ژنان توندوتیژی یاسایی و کۆمەڵایەتییان بەرامبەر ئەنجامدەدرێت و داوای لە لایەنە یاساییەکان کرد، یەکسانی و دادپەروەری بەرامبەر بە هەموو شێوازەکانی توندوتیژی پێکبهێنن.

 

توندوتیژی دیجیتاڵی

سوعاد بەنوور ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە لەساڵانی ڕابردوودا باس لەتوندوتیژیی جەستەیی و سێکسی و ئابووری کراوە، بەڵام ئەمڕۆ باس لە توندوتیژی دیجیتاڵی دەکەن، کە توندوتیژییەکی نوێیە و بەشێوەیەکی بەربڵاو بوونی هەیە، وتیشی: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاتێک کەسێک وێنەیەکی خۆی بڵاودەکاتەوە ڕووبەڕووی بوختان و هەڕەشە دەبێتەوە، ئەو توندوتیژییە کاریگەری زیانبەخشی هەیە لەسەر قوربانییەکان، ئەستەمە ڕێگری لەو توندوتیژییە بکرێت، بەهۆی ئەو وێنەیەی کە بە خێرایی لە سایتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبێتەوە.

 

"پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی دیجیتاڵی پلان هەبێت"

سوعاد بەنوور ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ڕێوشوێنی دیجیتاڵی بە وریاییەوە بگیرێتەبەر، چونکە ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە شێوەیەکی نەرێنی بەکاردەهێنرێن لەجیاتی ئەوەی بەشێوەیەکی ئەرێنی بەکاربێت، وتیشی: کۆمەڵگە قوربانیانی توندوتیژی دیجیتاڵی تاوانبار دەکات و بە هۆکارێکی ڕاستەوخۆی ئەم توندوتیژییە دەیبینێت، لە دەرەوەی ئەو کۆمەڵگەیە کۆمەڵێک دادپەروەری بۆ پیاوان دەهێنێتە دی بۆ ئەوەی ژنان بەرپرسیار بن، قوربانییەکانی توندوتیژی سێکسی هەمیشە بەرپرسیارن، بۆ نمونە ژنێک بەهۆی ئەوەی جلێکی کراوەی لەبەرکردبوو، هەراسانکرا و بە بەرپرسیاری توندوتیژی دادەنرا، کاتێک باس لە توندوتیژی هاوسەرگیری دەکەین، کۆمەڵگە ژنان بە بەرپرسیار دەزانێت لە تیژبوونی زمانەکەیان و وادەکات پیاوان توندوتیژی دژی ژنان بەکاربێنن.

 

"دەبێت خێزانەکان هۆشیار بکرێنەوە"

سوعاد بەنوور، وتیشی: پێویستە ژنان زیاتر و بەهێزتر ڕێگری لە توندوتیژی جەستەیی و ئابووری و یاسایی و ئەلکترۆنی بکەن و پارێزگاری لە ژنان و پاراستنی منداڵان و کۆمەڵگە بکەن، پێویستە هەموو شێوازەکانی چارەسەرکردن دەست پێبکرێت، بۆ هۆشیارکردنەوەی خێزانەکانی مەغریب، بۆ ئەوەی گەنجانی نوێ بتوانن توندوتیژی بوەستێنن و لەسەر بنەمای ئاسایی نەکردنی مەشقیان پێبکرێت، بۆ ئەوەی توندوتیژی بۆ نەوەکانی داهاتوو بنبڕ بکرێت.