"هێشتا بەشێك لە نووسینەكانی نەجیبە خان چاپ نەكراوە"

هەورین عەلی دەربارەی لەبارەی ڕۆڵی ژنانی كۆیە و بەتایبەت نەجیبەخانی كچی مەلای گەورەی كۆیە، وتی: نەجیبە خان بە دووەم ژنە مێژوونووس دادەنرێت، ئێمە لە بواری ژن و مێژوو و خەباتی ژن دەوڵەمەندین، بەڵام نەتوانراوە سودی لێوەربگیرێت.

شیا كۆیی

 

کۆیە- هەورین عەلی تۆفیق سەرپەرشتیاری پەروەردەی لە یەكەی سەرپەرشتی كۆیە و بروانامەی ماستەری هەیە لە مێژووی نوێی هاوچەرخ، لە ماستەرنامەکەیدا باسی لە ڕۆڵی ژنانی كۆیە لە نێوان ساڵانی ١٩٥٨-١٩٩١ کردووە، هەورین عەلی بۆ نوژنها دوا و تیشكی خستەسەر ڕۆڵی ژنان لە مێژوودا و نەپاراستنی شوێنەوار و كەلەپووریان، بە نموونەش، نەجیبە خانی جەلیزادەی كچی مەلای گەورەی كۆیە وەردەگرین.

 

هەورین عەلی لە بارەی ڕۆڵی ژنانی كۆیە و بە تایبەت نەجیبە خانی كچی مەلای گەورەی كۆیە وتی:ئێمە لە بواری ژن و مێژوو و خەباتی ژندا دەوڵەمەندین، بەڵام بەداخەوە نەتوانراوە سوودی لێ ببینرێت، بۆیە بەشێکی ئەو مێژووە ون بووە، دەبێت ئێمەی ژن بیسەلمێنین کە كاریگەریمان هەیە لە هەموو بوارەكاندا و ڕۆڵی ژن بە كاریگەرتر نیشان بدەین.

 

هەروەها باسی لەوەکرد، کە ژنان بەشێكی دانەبڕاوی مێژووی نەتەوەی کوردن و لە زۆربەی سەردەمەكان و بوارەكاندا ڕۆڵی كاریگەریان بینیوە، "ژنانی كۆیە زۆر زیاتر لە شوێنانی دیكە رۆڵی كاریگەریان هەبووە، ئەگەر سەیر بكەین هەر لە سەدەی ڕابردووەوە ژنان پێشەنگ بوون، رەنگە بۆ ئێستا وانەبێت، چونكە ئەو سەردەم لە ئێستا باشتر بوو، چەندین كەسایەتی زۆر باش هەڵكەوتوون لە بواری نووسین و سیاسەت و مێژوو و كۆمەڵایەتیدا، بۆیە ژنان پیشەنگ بوون و بەشێكی گرنگی دانەبڕاوی نەتەوەییمانن.

 

"کەمتەرخەمی لە پاراستنی شوێنەوارە کەلەپوورییەکاندا هەیە"

هەورین عەلی، کە لە یەکەمین قوتابخانەی کچان تیایدا خوێندوویانە قسە دەکات، باسی لە نەپاراستنی مێژووی ژنان و هۆکارەکانی پشت شاردنەوەی ئەو مێژووە کرد و وتی: من ئەوە دەگەڕێنمەوە بۆ كەمتەرخەمی حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار، دەبوو ئەم شوێنانە زیاتر گرنگی پێبدرێت، چونكە كولتوور و كەلەپووری هەر نەتەوەیەك و ناوچەیەك بەشێكی گەورەی مێژوویەكەی پاراستنی نەتەوەكەیەتی، ئەو شوێنەی قسەی لێ دەكەین یەكەم قوتابخانە بووە لە كۆیە، كە یەكەم كچ بە ناوی نەجیبە خانی جەلیزادە، كچی مەلای گەورەی کۆیە تیایدا دەستی بە خوێندن کردووە و تاکە کچ بووە لەناو خوێندکارە کوڕەکاندا، کە بۆ ئەو سەردەمە پەسەند نەکراوە و كاتێكیش نەجیبە خان چووەتە بەر خوێندن مەلای گەورە ڕووبەڕووی زۆر گلەیی و ڕەخنە بووەتەوە.

 

هەورین عەلی وتیشی: هەندێك جار ژنان كەمتەرخەمن لە نووسینەوەی بیرەوەری و مێژووی خۆیان، چونكە ئەگەر چاومان لەوەبیت پیاو بۆمان بنووسنەوە، ئەوە ناینووسن، بۆیە دەبێت خۆمان مێژوو بنووسینەوە.

 

هەورین عەلی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، گرنگە شوێنەوارەکان بپارێزرێت، تا بكرێتە ناوەندێكی گەشتیاری و خەڵك بێن تا مێژوو و شوێنەواری ئێمە ببینن، تا رۆڵی ئەو كەسایەتییانە ببین، كە رۆژگارێك لێرە ڕۆڵیان بینیوە، چونكە ئەو شوێنە تەنیا شوێنێك نییە كە نەجیبە خان یەكەمجار لێی چووەتە بەر خوێندن، بەڵكو ناوەندێكی ڕۆشنبیری و ئەدەبی بووە و رۆڵی تایبەتی هەبووە لە سەردەمی خۆی بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و كاریگەریی خۆی هەبووە و دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر خەباتی ڕۆشنبیری ژنان، بۆیە پاراستنیان گرنگە و ئێمە وەك تاكەكان گرنگە هەست بەو شوێنانە بكەین و بە گرنگی بزانین.

 

هەورین عەلی لەبارەی ئەو توێژینەوەی لە بواری ژنان نووسیویەتی وتی: بەپێی ئەو تویژینەوەی من كردوومە، ژنان لە كۆیە لە زۆربەی بوارەكاندا رۆڵیان بینیوە، وەك لە بواری سیاسی، نمونەش نەجیبە خان و خوشكە فریشتەن، كە نموونەیەكن ئێێمە شانازییان پێوە دەكەین، لە بواری كۆمەڵایەتی كەسایەتی زۆرمان هەیە، كە چوونەتە بازاڕ و لە كۆڕ و كۆبوونەوەی پیاوان دانیشتوون و لە ساڵی هەشتاكان خۆیان بازرگانییان كردووە لە نێوان ئێران و بەغدا و کەلوپەلیان هێناوە و خاوەن دوكان بوون، بەڵام بەداخەوە ئیستا وانییە و لە جێی ئەوەی زیاتر بەرەوپێش بڕۆین، ژنانی ئێمە بەرەودوا دەڕۆن.

 

نەجیبە خان بە دووەم مێژوونووسی ژن دادەنرێت

 هەورین عەلی وەها ژیاننامەی نەجیبە خانی جەلیزادە، كچی مەلا محەمەدی جەلیزادە (مەلای گەورە)ی کۆیەی خستەڕوو؛

 

نەجیبە خان لە ساڵی ١٩١٧ لە كۆیە لە دایكبووە، لە ساڵی ١٩٢٤ وەک یەکەم کچ چووەتە قوتابخانەی کوڕان و دەستی بە خوێندن کردووە، لە خێزانێكی ڕۆشنبیردا پەروەردە بووە و كەسایەتی باوكی كاریگەری زۆری لەسەربووە، چونكە لە ماڵەكەی خۆیدا جیاوازی لە نێوان كوڕان و كچان نەکراوە، لە کاتێکدا لەو سەردەمەدا ژنان بەرامبەر پیاوان نانیان نەخواردووە، بەڵام مەلای گەورە ئەو نەریتەی شكاندووە و لەسەر یەك سفرە كۆدەبوونەوە، هەمیشەش هەوڵی داوە كەسایەتی كچەكانی هاوشێوەی كەسایەتی كورەكانی بێت، ئەم شیوازی پەروەردەیە کاریگەری لەسەر نەجیبە خان هەبووە و ئازا و بوێری کردووە، کە باوەڕی بە خۆی بووە و كەسایەتیەكی زۆر كۆمەڵایەتی بووە.

 

لەبارەی  نووسینەكانی نەجیبەخان ئەو مامۆستایە دەڵێت: نەجیبە خان بە دووەم ژنە مێژوونووس دادەنرێت لە دوای مەستورەی ئەردەڵانی، چونكە ئەوەی نەجیبە خان نووسیویەتی ڕاستە بۆ سەردەمی خۆی هیچ شتێكی وای لەبەردەست نەبووە، بەڵام ئەو هاتووە رۆژانە شتەكانی یاداشت كردووە و نووسیویەتی، چی ڕوویداوە لە ناوخۆ یان لەدەوروبەر نووسیویەتی کە باسی لە بواری سیاسی و كەشوهەوا، لایەنی كۆمەڵایەتی، لایەنی ژنان و دابونەریتەكانی ئەوكاتی باس کردووە، جگە لە نەجیبە خانیش نموونەی خوشكە فریشتە و زەینەب خانی داپیرەی نەجیبە خان هەن، كە ئەویش شاعیر بووە.

 

سەبارەت بە بەرهەمەكانی نەجیبە خان هەورین عەلی دەڵێت: زۆربەی بەرهەمەکانی نەجیبە خان چاپكراوە و هەندێكی ماونەتەوە، ئەوانەی چاپكراوە وەك مێژووی شاری كۆیە کە لە ٢٠٠٩ چاپكراوە، كتێبی بنەماڵەی جەلیزادەی لە ٢٠١١ و هەواڵی کوردەوامی لە ٢٠١٨ چاپکراون، جگە لەوانەش بەرهەمی زۆریش ماون چاپنەكراون، وەك بابەتی چیرۆكی منداڵان و دانیشتنی فۆلكلۆری و چەند دەستنووسێكی دیكە، لە ڕاستیدا ئەو بەرهەمانەی نەجیبە خانی جەلیزادە بۆ ئێمەی لێكۆڵەری مێژوویی بنەمایەكی زۆر باشە و كەرەستەیەكی خاوی بەسوودە، چونكە ئەگەر ئەو مێژووەی نەجیبە خان نەبوایە، ئێمە پێمان نەدەزانی، چونكە بەداخەوە ئێمە لە نووسینی مێژوو زۆر لەدواوە بووین، بۆیە ئەوەی نەجیبە خان كردوویەتی زۆر گەورەیە بۆ هەموو سەردەمەكان، وەك دەگێڕنەوە ئەو لەجیاتی جلوبەرگ، هەر خەریكی قەڵەم و دەفتەر کڕین بووە بۆ نووسین، ئێستا ئیمە سوود لەو یاداشتانە ببینین.

 

لەكۆتاییدا هەورین عەلی وتی: ئێمە لە بواری ژن و مێژوو و خەباتی ژندا دەوڵەمەندین، بەڵام بەداخەوە نەتوانراوە سوودی لێ ببینرێت، بۆیە لەوەیە بەشێكی ون ببێت، هیوا دەخوازم ئێمە لە ئێستاوە لێكۆڵینەوە بكەین لەم بابەتانە و ئەو مێژووە بخەینە سەر لاپەڕە، تا نەوەكانی داهاتوومان بەو مێژووە ئاشنا بكەین، دەبێت ئێمەی ژن بیسەلمێنین، كە كاریگەریمان هەیە لەسەر هەموو بوارەكان و ڕۆڵی ژن بە كاریگەرتر نیشان بدەین.