"ژنان بەهۆی خەتەنەکردنەوە ڕووبەڕووی کێشەی دەروونی دەبنەوە"

ئەندامێکی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی باس لە خەتەنەکردنی کچان دەکات، کە لە هەموو ڕوویەکەوە بە تاوان هەژمار دەکرێت، ڕاشیگەیاند، لە هەرێمی ڕاپەڕین خەتەنەکردنی کچان کەم بووەتەوە.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- خەتەنەکردنی کچان لە ماوەی ڕابردوودا ببووە دیاردە و کاتێک کچێک لە دایک دەبوو، هەرزوو خەتەنە دەکرا، چونکە بە بڕوای ئەقڵیەتی کۆنەپارێزی کۆمەڵگە، ئەو ژنانەی خەتەنە نەکرابێتن، نانی دەستیان حەڵال نییە و لە ڕووی حەزی جەستییەوە ڕووبەرووی کاری خراپ دەبنەوە، ئەمە بۆ دەیان ساڵ لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان و بە تایبەت ئاینگەراکاندا پەیڕەو دەکرا، بەڵام لە دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان خەتەنەکردنی کچانی قەدەغە کرد و لێکەوتە تەندروستی و دەروونیەکانی لەسەر ژنان خستەڕوو، هەوڵ درا لەناو کۆمەڵگەکانیشدا خەتەنەکردنی کچان بنەبڕ بکرێت.

 

لەو بارەیەوە نیان خدر، سەرپەرشتیاری مۆبایل تیم لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە سنوری هەرێمی ڕاپەرین، باسی لە خەتەکردنی کچان کرد و وتی: ئەمڕۆ کە باس لە خەتەنەکردنی کچان دەکەین، هەم لە ڕووی زانستی هەم لە ڕووی ئاینیەوە بە تاوان هەژمار دەکرێت، خەتەنەکردنی کچان نەک هەر پێشێلکردنی مافی تاکە کەسە، بەڵکو چەندین کاریگەری جەستەیی و دەروونی کۆمەڵایەتی لەسەر ژنان بەجێدەهێڵێت.

 

دەربارەی ڕێژەی خەتەنەکردنی مێینە لە هەرێمی ڕاپەرین، واتە ڕانیە و دەوروبەری، نیان خدر باسی لەوەکرد، بەهۆی بەرکەوتنیان لەگەڵ کۆمەڵگەدا، بۆیان دەرکەوتووە کە خەتەنەکردنی کچان لە دیاردەوە بووەتەوە حاڵەت و ئەمەش تەنها لە چەند شوێنێک دەبینرێت، "ڕاستە ڕێژەکە کەم بووەتەوە، بەڵام ناتوانین بڵێین کە ئەو هۆشیارییەی گەشتووە بە خەڵک لە ئاستی پێویست دایە، ئەمە شتێکی قەدەغە، یاخود تاوانە ئەنجامی دەدرێت و کاریگەریەکی خراپ لە سەر کەسەکە دروستدەکات، بەڵام لە گوندەکاندا هێشتا کەسانێک هەن کە بیروبۆچوونیان لەسەر خەتەنەکردنی کچان ماوە".

 

"هۆشیاری لەبارەی هۆکاری خەتەنەکردنی کچانەوە نییە"

نیان خدر باسی لە هۆکاری خەتەنەکردنی کچان کرد، کە بۆچوونی جیاوازی لەسەرە، وتی: هەندێک کەس لە ڕووی دینیەوە سەیری دەکەن، هەندێک لە ڕووی جەستەییەوەیە و دەڵێن وەها پێویست دەکات، یاخود دەڵێن باب و باپیرانمان ئەوەیان ئەنجامداوە، بەڵام بە گشتی هۆشیاری و زانیاری پێویستی لەبارەوە نازانن، کە چ کاریگەریەکی خراپ دروستدەکات، بۆ هۆشیار کردنەوەشیان پێویستە لە ڕێگەی وۆرک شۆپ و سیمینار لە قوتابخانە و گەڕەک و دەزگاکانەوە هەوڵی بۆ بدەین، چونکە خەتەنەکردنی کچان کاریگەریەکی زۆر خراپ لەسەر کەسەکە دروستدەکات، هەندێک جار دەروونی کەسی خەتەنەکراو ئازار دەدات.

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، کە خەتەنەکردنەکە لە شوێنێکی نەگونجاو بە کەرەستەی ناتەندروست و بە شێوازی ناپسپۆڕی ئەنجام دەدرێت، کە ئەمەش کاریگەری دەروونی یەکەم جار لە سەر مناڵەکە دروستدەکات، دوای ئەوەش بۆ ژیانی داهاتووی لە ڕووی جەستەیی و لە ژیانی پەیوەندی کۆمەڵایەتیەکانیدا لاواز دەبێت.

 

لە کۆتاییدا وتی: دەبێت کارکردن بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە دەربارەی خەتەنەکردنی کچان بەردەوامی هەبێت، زیانەکانی ڕوون بکرێتەوە و ڕاستی خەتەنەکردنی کچان لە کۆندا بخرێتە بەرچاو، چونکە زۆر کەس هەیە تا تەمەنێکی پێگەیشتن بە هۆی ئەم حاڵەتەوە دەناڵێنن، زۆر ژنمان هەیە بەم هۆیەوە تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی و جەستەیی و دەروونی بووەتەوە، بۆیە گرنگە هۆشیارییەکان بەردەوام بێت.