ڕەفقە عەبدوڵای ڕۆژنامەنووسی سودانی ئازایانە لە بەرەکانی پێشەوەیە بۆ بەڵگەکردنی پێشێلکارییەکانی دژی ژنان
ژنانی سودان لەنێو ئەو گروپانەدان کە قورسترین باجی ململانێی بەردەوامی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرایان داوە لەو کاتەوەی لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣دا سەریهەڵدا، خۆیان دەبیننەوە کە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوانی پێشێلکارییەکانی جەستە و کەرامەت و پارێزر
ئایە ئیبراهیم
سودان-لە ناو ئەو ڕاستیە سەختەی کە خەڵکی سودان ئەزموونی دەکەن، ڕۆژنامەنووس رەفقە عەبدوڵا سەریهەڵدا، کە دوای چڕبوونەوەی شەڕەکان خەرتومی بەجێهێشت، بەڵام دەستبەرداری ئەرکی پیشەیی و مرۆیی خۆی نەبوو، دوای ئەوەی سوپای سودان کۆنترۆڵی جزیرە و سنار کردەوە، ڕەفقە کامێرا و دەفتەرەکانی هەڵگرت و بەرەو ناوچە زیانلێکەوتووەکان ڕۆیشت بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەو هێرشە سیستماتیکیانەی کە ژنان و منداڵانی کچان ڕووبەڕووی بوون، لە گەشتێکی پڕ لە مەترسی، بەڵام پێویست بوو بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و گەیاندنی دەنگی ڕزگاربووان.
ڕۆژنامەنووس ڕەفقە عەبدوڵا ڕوونیدەکاتەوە، کە کاری کردووە بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەو پێشێلکاریانەی کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە پارێزگای جزیرە و سنار ئەنجامدراون، دوای زیادبوونی بەرچاوی حاڵەتەکانی دەستدرێژیکردن بە تایبەت لە پارێزگای جزیرە کە زۆرترین ژمارەی ئەو تاوانانەی تۆمارکردووە، بەپێی ئەوەی لە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانی و هەواڵ و دۆکیۆمێنتاریەکان کۆم کردۆتەوە، زیاتر لە ٥٠٠ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی چاودێری کراون، ئەمە جگە لە سێ مردن و ٢٦ لەبارچوون، ئاماژەدان بەوەی کە ڕەنگە ژمارە ڕاستەقینەکان زۆر زیاتر بن، بە لەبەرچاوگرتنی سەختی گەیشتن بە هەندێک ناوچە بەهۆی دۆخی ئەمنیەوە.
باس لە سەختترین ساتەکان دەکات کە لە کاتی بەڵگەنامەکردنی گەواهی ڕزگاربووان ڕووبەڕووی بووەتەوە و وتی: کە لە پارێزگای جزیرە دۆسیەی خێزانێکی بەڵگەدار کردووە کە سێ کچەکەیان کە تەمەنیان لە نێوان ١٣ بۆ ٢٤ ساڵدایە، لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر، دۆخەکەی بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە پێناسە دەکات، چونکە پێشێلکارییەکان بە دەستدرێژیکردنە سەر دایک و باوک و تەقەکردن لە براکەیان و لێدان و بەستنەوەی منداڵەکان دەستیپێکردووە، بچووکترین منداڵی کچ کە تەمەنی ١٣ ساڵە، سەرەڕای وەرگرتنی چارەسەری دەروونی و پزیشکی لەگەڵ دوو خوشکەکەی، ڕەتیکردەوە بگەڕێتەوە خوێندنگە و بەهۆی ئەو شتانەی بەسەریدا تێپەڕیوە و بە تەواوی گۆشەگیر بووە.
کاریگەرییە دەروونییەکان و پێویستی پشتگیریکردن لە ڕزگاربووان
سەبارەت بە باری دەروونی ڕزگاربووان، ڕەفقە عەبدوڵا پشتڕاستی دەکاتەوە کە زۆر ئاڵۆزە، زۆربەیان ناتوانن بگەڕێنەوە ژیانی ئاساییان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕێگەی دەستپێشخەرییە مرۆیی و خێرخوازییەکانەوە کاردەکەن بۆ دابینکردنی پرۆگرامی پاڵپشتی دەروونی بۆ ڕزگاربووان و ئەو دانیشتووانەی کە دەگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان، بەڵام ژمارەیەک حاڵەتی بەڵگەدار هێشتا ڕەتیدەکەنەوە تێکەڵ بە ژیانی ڕۆژانە بکرێن، بەتایبەت منداڵانی کچ کە ڕەتیدەکەنەوە بگەڕێنەوە بۆ خوێندنگە سەرەڕای وەرگرتنی چارەسەری دەروونی لەلایەن ڕێکخراوە تایبەتمەندەکان و یەکەکانی ڕاوێژکاری دەروونییەوە.
ڕەفقە عەبدوڵا جەخت لەسەر گرنگی زیاتر هۆشیاری کۆمەڵگە و توانای قبوڵکردنی ڕزگاربووانی دەستدرێژی دەکاتەوە، وتی: کۆمەڵگە هێشتا ڕەتیدەکاتەوە مامەڵە لەگەڵ ڕزگاربووان بکات، وەک شەرمەزارییەک سەیریان دەکات، هەرچەندە ئەوان زیانبەرکەوتوون و هیچ بەرپرسیارێتییەکیان لەئەستۆ نەگرتووە بەرامبەر بەو شتانەی کە ڕوویانداوە، ئەو نموونەیەک لە حاڵەتی ڕزگاربوویەک دەهێنێتەوە کە کاتێک دەستدرێژی کراوەتە سەری هاوسەرگیری کردووە، پزیشکەکە بڕیاریدا لەباربردنی منداڵی بۆ بکات بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت لەو کۆرپەلەی کە لە ئەنجامی دەستدرێژییەکەدا دروستبووە، بەڵام هاوژینەکەی ڕەتیکردەوە دۆخەکە قبوڵ بکات و بڕیاریدا لێی جیاببێتەوە، هەرچەندە هیچ هەڵەیەکی نەکردبوو.
بە پشتبەستن بە ئەزموونی خۆی لە بەڵگەنامەکردنی ئەو پێشێلکاریانەی کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە پارێزگای جزیرە و سنار ئەنجامدراون، جەخت لەسەر پێویستی هەڵمەتی هۆشیاری بەرفراوان دەکاتەوە کە کۆمەڵگەکە دەکاتە ئامانج، بەتایبەتی سەبارەت بە تێگەیشتن لە سروشتی تاوانەکانی دەستدرێژیکردن لە کاتی ململانێکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕزگاربووان وەک زیانبەرکەوتووی تاوانێکی زۆرەملێ، نەک وەک تاوانبار، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە وڵات بە ململانێیەکی سەختدا تێدەپەڕێت، ئەمەش پێویستی بە هاودەنگی و هۆشیاری زیاترە لە مافەکانی ژنان لەناو کۆمەڵگەدا.
ڕەفقە عەبدوڵا داوای تێگەیشتنی ئەوە دەکات کە ژنان لایەنی ململانێکان نین و نابێت شەڕ لەسەر جەستەیان بکرێت، هەروەها نابێت وەک ئامرازێک بۆ تۆڵەسەندنەوە یان زۆرەملێکردن بەکاربهێنرێت، داوا لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ پاراستنی ژنان و ڕزگارکردنیان لە پێشێلکارییە بەردەوامەکان.
گەشتێکی ڕۆژنامەوانی مەترسیدار
ڕەفقە عەبدوڵا ڕوونیدەکاتەوە، کە کارەکانی بە بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان لە پارێزگای جزیرە و سنار ڕووبەڕووی مەترسییەکی بەرچاو بووەتەوە، بەتایبەتی لەکاتی گەشتکردن لە نێوان پارێزگاکاندا. ئەو چووە ناو ئەو ناوچانەی کە هێشتا شەڕیان تێدا بەردەوام بووە و هەندێکجار خۆی لە نێوان دوو لایەنی شەڕکەردا دەبینێتەوە، ئەمەش وایکردووە ئەرکەکەی پڕ بێت لە هەڕەشە.
ڕەفقە عەبدوڵا جەختی لەو ڕۆڵە سەرەکییە کردەوە کە دەبێت ڕۆژنامەگەری بیگێڕێت لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان، بەتایبەتی کە هەوڵەکانی بەڵگەنامەسازی تا ئێستا بەس نەبوون، جەختی لە پێویستی ڕێکخستنی هەڵمەتی هۆشیاری کردەوە بە بیرخستنەوەی خەڵک کە ژنان و منداڵان لایەنێکی ململانێکان نین، هەروەها داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و قەوارە میدیاییەکان کرد لە دوورییەکی یەکسان لە هەمووان بوەستن، هەروەها پێکەوە کار بکەن بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی.