"بە یەکگرتن و هاوکاریمان شکست بە پلانەکانی تورکیا دەهێنین"
ژنانی شاری حەسەکە داوایان لە گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد دەست بخەنە ناو دەستی یەک بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو پلانە داگیرکارییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا.
دەلال ڕەمەزان
حەسەکە- دوای ئەوەی تورکیا چەندین ناوچەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داگیرکرد، بە هەموو جۆرە چەک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە زیادیان کرد لە هەوڵێکدا بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی دیکە و بەئامانجکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی بێچەک و دامەزراوە گرنگەکان، ژنانی شاری حەسەکە هێرشە بەردەوامەکانی تورکیایان بۆ سەر ناوچەکە شەرمەزار کرد و توڕەیی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بەو کردارە نامرۆڤانەی دژی خەڵکی ناوچەکە، جەختیان لەوە کردەوە ئامانجی تورکیا لە کردەوە دوژمنکارییە بەردەوامەکانی لە ناوچەکەدا شکاندنی ئیرادەی گەلانە.
نەجاح قاسم وتی: بە توندی ئیدانەی هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا دەکەم بۆ سەر ناوچەکانمان، چونکە مافی ئەوەی نییە هێرش بکاتە سەر ناوچەکانمان بەبێ هیچ هۆکارێک، هەرگیز هێرشمان نەکردووەتە سەر خاک و سنوورەکانی، لەسەر خاک داپیران و باپیرانمان دەژین، زۆربەی هێرشەکان خەڵکی مەدەنی بێچەک و ژنانیان کردووەتە ئامانج، گوناهی منداڵان و ژنانمان چییە کە بەبێ هیچ هۆکارێک لەلایەن تورکیاوە بکوژرێن، ئەو هێزە سەربازییانەی لەلایەن تورکیاوە کرانە ئامانج منداڵی ئێمەن و خاک و نیشتمانەکەمان دەپارێزن، چونکە بەکرێگیراوەکانی داعشیان لەناوبرد و چەندین ناوچەیان ڕزگارکرد.
نەجاح قاسم داوای لە گەلانی ناوچەکە کرد پابەند بن بە خاکەکەیانەوە و یەکگرتوو بن بۆ ئەوەی دژی کردارەکانی تورکیا بوەستن وتیشی: پێویستە پشتیوانی لە یەکتر بکەین و یەکگرتوو بین لەبەرامبەر کردارە ناڕەواییەکانی تورکیا دژی خەڵکی ناوچەکە.
"لە سەرەتای شۆڕشەوە تورکیا هێرش دەکات"
هەڵەبجە عەبدۆ وتی: لە سەرەتای شۆڕشی سووریا و دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاواوە، تورکیا دەستوەردانی کردووە و هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکە، جا بە ناردنی بەکرێگیراو بێت یان ڕاستەوخۆ بە بەکارهێنانی هەموو ڕێگا دڕندانەکان بۆ قووڵکردنەوەی قەیرانی سووریا، بە بیانووی لاواز شەڕ لەگەڵ پێکهاتەکانی ناوچەکە دەکات هاوڵاتیانی مەدەنی بە منداڵان و ژنانیشەوە دەکاتە ئامانج.
ڕوونیکردەوە تورکیا کرداری دڕندانە و ناڕەوایی دژی خەڵکی ناوچەکە ئەنجام دەدات، لە ڕێگەی هێرشەکانیەوە هەوڵدەدات خاکی زیاتری سووریا داگیر بکات، دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت و بەکرێگیراوەکان لە خاک و موڵکی ئاوارە بەزۆرەکان نیشتەجێ بکات، لەو کاتەوەی تورکیا چەندین ناوچەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داگیرکردووە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی ئاوارە کردووە و چەندین کۆمەڵکوژی ئەنجام داوە.
"ئامانجی تورکیا شکاندنی ئیرادەی گەلانە"
هەروەها سۆزان خزر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای شەرمەزار کردو وتی: ئامانجی تورکیا لە هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ناوچەکە شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکەیە، بەڵام بە تورکیا و بەکرێگیراوەکانی دەڵێین کە هەموو هەوڵ و پیلانگێڕییەکانتان ڕێگریمان لێ ناکەن چونکە ئێمە ئیلهاممان لە بیری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان وەرگرتووە کە داوامان لێدەکات بەرگری و بەرخۆدان بکەین و داوای هەموو مافەکانمان بکەین.
لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ناوچانەی ئەمڕۆ لەلایەن تورکیاوە داگیرکراون ناوچەیەکی ناسەلامەتن کە خەڵکەکەی ڕووبەڕووی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و چەوسانەوە دەبنەوە، ژنان و منداڵان لە ناوچە داگیرکراوەکان ڕووبەڕووی کوشتن و ڕفاندن و دەستدرێژی و ئاوارەبوون دەبنەوە، چونکە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی ئاوارە بوون و خێزانە بەکرێگیراوەکان لەسەر زەوییەکانیان نیشتەجێ بوون.