هەڵەبجە، ژنی بڕیاردەر کەمە و حزبە سیاسیەکان متمانە بە ژنان ناکەن
ئەگەرچی هەڵەبجە وەک یەکێک لەو شارانەیە کە لە پۆستە باڵاکانیدا پێگەی ژنان بەرزە، بەڵام چالاکوانان باس لەوەدەکەن، ئەوە تەنها ناوە دەرچووە و لە ڕاستی شارەکەدا پێگەی ژنان لاوازە.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- لە باشووری کوردستان کاتێک باس لە پێگەی ژنان دەکرێت لە کۆمەڵگەدا، نمونەی شاری هەڵەبجە دەهێنرێتەوە کە زۆرترین ژن لە پۆستە باڵاکانی بەڕێوەبردنی وەک قائیمقام و شارەوانی و زانکۆ و ناوەندەکانیدا هەن، لە واقیعی شارەکەدا، سەرەڕای بوونی دەستەیەک لە ژنانی پێشەنگ، بەڵام ئەمە نەیتوانیوە بەسەر هەموو ژنانی کۆمەڵگەدا ڕەنگ بداتەوە و بەهۆی بارودۆخی سیاسی، باری کولتوور، دابونەریت و ئەقڵیەتی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان ژنانی هەڵەبجەش دەرفەتی بەرەوپێشچوون و هەنگاوەکانیان لاوازە.
سۆزان فەرەج، بەرپرسی لقی هەڵەبجەی ڕێکخراوی "تواناسازی ئافرەتان"، باسی لەوەکرد، بەهۆی ئەو کەمینە ژنەی هەڵەبجە کە توانیویانە بەربەستەکانی کۆمەڵگە بشکێنن و ناویان دەرکردووە، هەموو هەڵەبجە بە ژنی پێشەنگ دەناسرێت، وتیشی: "بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تەنها کۆمەڵێکی بچوک لە ژنانن، بەشێکیان ئەو هەنگاوەی ناویانە تەنها لەوەدا ماوەتەوە و هۆکاری بەردەوامی بەشێکیان ئەوەیە کە ناویان دەرکردووە و ناچارن بمێننەوە، بەشێکی دیکەی ژنان لەو هەنگاوەی ناویانە تێیدا قەتیس ماون و دەرچوون و بەرەوپێشچوونی زیاتریان نییە.
سۆزان فەرەج باسی لەو هۆکارانە کرد، کە وایکردووە ژنانی هەڵەبجە لە چەند شوێنێکدا ماونەتەوە و هەنگاوی دیکەیان نییە، وتی: ڕاستە لەناو هەڵەبجەدا کارکردن بۆ ژنان هەیە، بەڵام ئەمە بۆ هەموو ژنێک نییە، چونکە دابونەریتی کۆمەڵگە ڕێگە نادات و زۆر کار بۆ ژنان ڕێگەپێدراو نییە، بەداخەوە تا ئێستا ئەو مۆرکە عەشایەرییە لەسەر کۆمەڵگە بوونی هەیە، لە هەڵەبجە چەندین ژن هەن خاوەنکاری خۆیانن، بەڵام بەردەوام تانە و تەشەریان لێدەدەن وایان لێ دیت بەردەوام نەبن و پاشگەزیان بکەنەوە.
"کاری ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا ئاستەنگ دەکرێت"
ئەو چالاکوانە باسی لە کاری ژنانی ڕێکخراوەکانی شاری هەڵەبجەی کرد، کە بێ بەش نین لە تانە و تەشەرەکان و ڕێکخراوەکانی ژنانیش بە عەیبەوە باس دەکرێن، "ئەو ژنانەی کە لە ڕێکخراوەکاندا کار دەکەن و لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا بوون، ڕۆژ بە ڕۆژ کەمتر دەبنەوە، دەبێت بەدواداچوونی جدی بۆ ئەم هۆکارانن بکرێت و دەربکەوێت کە ئایا لایەنەکان ژنان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەکاردەهێنن و ئامانجیانە تەنها ناوی هەڵەبجە وەکو ئەوە بڕوات کە توندوتیژی کەمتر تیایە و دەرفەتەکان بۆ ژنان ڕەخساوە، کە لە ڕاستیدا وەها نییە".
حزبەکان نەیانتوانیوە متمانە دروستبکەن
کەوسەر بەشیر، چالاکوان، باس لەوە دەکات کار کردنی ژنان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەمی کردووە، یەکێک لە هۆکارەکانیشی بۆ پشتگوێ خستنی حکومەت گەڕاندەوە کە پلانێکی تۆکمەی نەبووە بۆ بەرەوپێشبردن و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ژنان، وتیشی: جگە لەوە کەرتی تایبەت لە شاری هەڵەبجەدا لاوازە، ژنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کار ناکەن و هەلیکار بۆ پیاوان زیاترە، ئەمەش بەهۆی کولتوور و دابونەریتەوەیە کە ڕێگە نادات ژنان کار بکەن.
کەوسەر بەشیر وتیشی: ڕێکخراوەکانیش بەراورد بە پارێزگاکانی تر چالاکییەکانیان کەمە، چونکە تائیستا وەک پارێزگا سەیری هەڵەبجە ناکەن و ئەمەش دەرفەتی کاری ڕێکخراوەیی کەمکردووەتەوە، لە ڕووی سیاسیشەوە، ئەو ژنانەی لە پلە و پۆست و شوێنی بڕیارداندان ژمارەیان کەمە و متمانە بە ژنان ناکرێت لە ناوەندی بڕیاردا کار بکەن، ئێمە کەموکورتی حزبەکان دەبینین و بەرەوپێشچوونیش بوونی نییە.