ژنانی باشووری کوردستان دڵیان لای لێقەوماوانی بوومەلەرزەکانە
بوومەلەرزە بەهێزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ژنانی باشووری کوردستانی نیگەران کردووە و وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن، دڵیان لای لێقەوماوانە و ئامادەن بەهەموو شێوەیەک کە پێیان دەکرێت، هاوکاریی لێقەوماوان بکەن و هاوبەشیی خەم و ئازارەکانیان بن.
شنیار بایز
سلێمانی- بەرەبەیانی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣، چەند بوومەلەرزەیەکی یەک لەدوای یەک کە بەهێزترینیان بەگوڕی ٧.٩ پلە بەپێی پێوەری ڕێختەر بوو، لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا ڕوویدا و چەقی بوومەلەرزەکەش شاری مەڕەش بوو لە باکووری کوردستان.
بەپێی ئامارەکان تائێستا نزیکەی ٤٤ هەزار کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا و شەش هەزار و ٧٤٧ کەسیش لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا بەهۆی ئەو بوومەلەرزانەوە گیانیان لەدەستداوە و جگە لە برینداربوونی سەدان هەزار کەس، تائێستا دەیان هەزار کەسیش لەژێر داروپەردووی بینا و باڵەخانە رووخاوەکاندا ماونەتەوە و دەرنەهێندراون.
هەر بەپێی ئەو ئامارانەی تائێستا بڵاوکراونەتەوە، بەهۆی ئەو بومەلەرزانەوە زیاتر لە ١٠ هەزار خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون لە باکووری کوردستان و تورکیا بەتەواویی خاپوور بوون.
زۆریی زیانەکانی ئەو بومەلەرزانە لە جیهاندا کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و لە دەیان وڵاتەوە هاوکاری و کۆمەک بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکان نێردران، باشووری کوردستانیش بێبەش نەبوو لە بەدەمەوەچوونی لێقەوماوان و چەندین کەمپین بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری لە زۆرینەی ناوچەکانی باشووری کوردستان ڕاگەیاندران.
جگە لەوانەش ژنانی باشووری کوردستان هاوبەشیی خۆیان بۆ خەم و ئازاری زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان بەتایبەت لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەردەبڕن و باس لەوە دەکەن، کورد لە هەر کوێ بێت، هەمان دڵ و ڕۆحی هەیە و هیچ هێزێک ناتوانێت ئەو ڕۆحیەتە جیابکاتەوە.
"بەرزکردنەوەی ئیرادەی گەل باشترین پاڵپشتییە"
گوڵزار عەبدوڵا، ژنێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە و هاوبەشی خۆی بۆ زیانلێکەوتووان دەردەبڕێت و دەڵێت: پڕ بە دڵ پێم ناخۆشە کوردانی ئەو پارچانەی دیکەی کوردستان دۆخێکی بەو شێوەیەیان بەسەرهاتووە، هیچ کەس حەز بەو دۆخە ناکات، جیاوازی نییە لە نێوان کوردانی باشوور و باکوور، بۆیە دەبێت بە دڵ لەگەڵ یەکتر بین و خەمی ئەوان خەمی ئێمە بێت".
گوڵزار داواکاریشە لە هەموو کەسێک هاوکاریان بکەن و پشت لە کوردەکان نەکەن لە پارچەکانی دیکە، دەشڵێت: گرنگترین هاوکاریش بەلای منەوە ڕۆحییە، چونکە ئیرادەی گەل بە یەکگرتن و پاڵپشتی بەرزدەبێتەوە.
ئەو ژنە ئەوەشی نەشاردەوە کە "دەوڵەتی تورکیا هەمیشە هەوڵی داوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر کورداندا بسەپێنێت، لە هەموو ڕوویەکیشەوە گرنگی بە نەتەوەی کورد نادات، لە بوونی کارەساتێکی لەم شێوەیەشدا بێگومان پاڵپشتی سەرەکییان ناکات".
"بوومەلەرزەکە بۆ دڵی ئێـمەش کارەساتە"
کوێستان نامیق، ژنێکی دیکەیە لە شاری سلێمانی و وەک خۆی دەڵێت، لەو ڕۆژەوەی ئەو کارەساتە روویداوە بەردەوام لە خەمی ئەو ناوچانەدایە کە بوومەلەرزەکانی لێ ڕوویداوە و دەڵێت:"ئەمە تەنها بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە کارەسات نییە، بەڵکو بۆ دڵی ئێمەش کارەساتە، زۆر خەفەت لەو کارەساتە دەخۆم، هیوام دەخوازم بتوانم هەرچۆنێک بێت هاوکارییان بکەم، چونکە هاوکاریکردنی هاوزمانەکانمان ئەرکە".
دەشڵێت: مرۆڤ لەهەر کوێ بێت گرنگە ڕۆحی مرۆڤبوونی تێدابێت، کاتێک باسەکە دێتە سەر کورد ئەوە دووهێندە دەبێت و گرنگە زیاتر پاڵپشتی یەکتر بکەن، هاوکاریکردنی ئەو کوردانە ئەرکێکە پێویستە هەموو کوردێک بیگرێتە ئەستۆی خۆی، چونکە ئەمڕۆ لەوانە سبەی لە پارچەیەکی دیکەی کوردستانە.