ئەوین حەمەئەمین؛ پڕاو پڕ لە کۆڵنەدان و ئومێد بۆ ژیانێکی ئازاد

بەرامبەر هەموو ئەو ڕێگریانەی ژیانی بۆ کۆڵدان لە ئامانجەکەی، ئەوین لە هیوای بۆ ئازادی کۆڵی نەدا و بووە یەکەم ژنی پەیامنێر لە ساڵی نەوەدەکاندا، ئێستاش خاوەن سەنتەرێکی چارەسەری سروشتییە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- پاکیزە حەمەئەمین، کە بە ئەوین حەمەئەمین ناسراوە، لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٨ی شاری سلێمانییە، لە باسی ژیانیدا بۆ نوژنهای ڕوونکردەوە کە وەک هەر منداڵێکی سەردەمی خۆی ژیانێکی ئاسایی ژیاوە، سەردەمی ئەو کاتی شەڕی ئێران و عێراق بووە، دواتریش قۆناغەکانی گرانی و ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١یان تێپەڕاندووە، ئەوین ٩ خوشک و برای هەیە و ئەو تاکە کچیانە جیاوازتر لەوانی دیکە بیری لە ژیان کردووەتەوە، هەروەها بەهۆی قورسی ژیانیان و خراپی دۆخی ئابوریان وازی لە خوێندن هێناوە تا هاوکاری باوکی بکات لە دابینکردنی بژێوی ژیانیاندا.
 

لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە دەستیکرد بە کاری ڕۆژنامەنووسی

ئەوین، خولیای نووسین و خوێندنەوەی هەبوو، لەگەڵ کۆمەڵەی خوێندکاران کۆڕی شعریان دەبەست و شعریان دەخوێندەوە و دەیانووسی، کۆڕە شعرییەکانیان ژنانە بوو، لەگەڵ کۆمەڵێک ژنی دیکەی وەک کەژاڵ ئەحمەد، شەیدا مەعروف و ترێ مەحمود و شیعرەکانیان لەناو ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە.

 

لە ساڵی ١٩٩٦دا و لە تەمەنی ١٦-١٧ ساڵیدا بڕیاریدا لەسەر جابی پاسەکانی سەرچنار بابەتێک بنووسێت، ئەم بڕیارەشی بۆ ئەوە گەڕایەوە کە دوو برای شۆفێری پاس بوون و ڕۆژانە کە دەهاتنەوە ماڵەوە باسی کێشە و گرفتی جابییەکانیان دەکرد، ئەمیش پێیوابوو باسکردنی کێشە و خستنەڕووی گرفتەکانیان هاوکارێک دەبێت بۆ باشکردنی دۆخی ئەوان.

 

بۆ ئامادەکردنی بابەتەکەی پێشنیاری بۆ ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ کرد کە بۆیان ئامادەبکات، دواتر وەک یەکەم ژنە پەیامنێر بابەتەکەی ئامادەکرد و وەک خۆی دەڵێت: "بۆ کارەکەم پێویست بوو پرسیاری تایبەت بکەم و ئەو بابەتانە بزانم کە توندوتیژین بەرامبەر جابییەکان، هەربۆیە لە کاتی پرسیارکردن و لێکۆڵینەوەدا بەر تەماتە درام"، ئاماژەی بەوەشکرد لەسەر ئەو بابەتەوە حکومەتی ئەوکاتە و پەرلەمان کە لە یەکەم خولیدابوو لە ساڵی ١٩٩٦ بڕیاری دەرکرد کە چیتر منداڵ جابێتی ناو پاس نەکات.

 

"کچیک بووم لەو سەردەمەدا بە ڕووی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری وەستابوومەوە"

ئەوین باسی لە ڕێگرییەکانی بەردەمی کرد و ئاماژەی بەوەدا، ڕووبەڕووی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری بووەتەوە، "ئەوەندەی خێزانەکەم سوکایەتیان پێکردم و توندوتیژیان بەرامبەر کردم و ڕێگریان لێدەکردم، هیچ کەسێک ئەوەی بەرامبەر نەکرابێت، ئێمە چینێک بووین لە کۆمەڵگەدا چونکە گەنج بووین و خولیای گۆڕینی کۆمەڵگەمان هەبوو زۆر ئازار دراین".

 

لە هەموو وڵاتێکدا دەرچووی بەشی ڕاگەیاندن هەیە، ئەوین و ئەو گەنجانەی دیکە کە خولیای کاری ڕاگەیاندنیان هەبوو لە بەرامبەر قسەی کۆمەڵگە کە پێیان دەوتن ئەگەر ڕۆژنامەنووسی کار بوایە بەشێکی دەبوو لە زانکۆ، بۆیە وەک دەستەیەک داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد  بۆ کردنەوەی بەشی ڕاگەیاندن، بۆ ئەوەی چیتر ڕێگری لە کارکردنیان نەکەن، لە پاش ڕازیبوون لە ساڵی ٢٠٠٠ لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەشی ڕاگەیاندن کرایەوە و کرایە بەشێک لە بەشە ئەدەبییەکان.

 

یەکەم ژن بوو خەباتی مەدەنی کورد "مانگرەکان"ی زیندوو کردەوە

لە دوو ساڵی کۆتای خوێندنیدا ئەوین دەستیدایە پڕۆژەیەک لە ژێر ناوی مانگرەکانی ساڵی ١٩٩١ کە یەکەم خەباتی مەدەنی کورد بوو، بۆ ئەو مەبەستەش نزیکەی سێ هەزار بەڵگەی لە هەر سێ پارێزگاکەی دهۆک، هەولێر و سلێمانی کۆکردەوە و مانگرەکانی بەیەک ناساندەوە، بەڵگەکانی خستەڕوو، بۆ ئەو کارەی ڕێگری زۆری لێکرا لەلایەن خێزانەکەیەوە و لێیدەدرا، تەنها باوکی پاڵپشتی لێدەکرد بە جۆرێک بە بیانووی کاری تر و سەردانەوە دەچوونە شارەکانی دیکە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە.

 

 لە کاتی گەڕانەوەیان لە کۆکردنەوەی بەڵگەکان ئەوین لەلایەن براکانی توندوتیژی بەرامبەر کرا بەو ڕادەیەی هەوڵی کوشتیان دەدا، بە بیانوویەک باوکیان دوورخستەوە، ئەمە وایکرد پەنا بەرێتە بەر شەڵتەر، دواتر باوکی گەڕایەوە و چووە شەڵتەر و ئەوینی گەڕاندەوە بۆ ماڵەوە و پارێزگاری لێکرد.

 

کۆڵنەدان و هەوڵدان لەسەر ویستی ئازادی ئامانجی ژیانی ئەوین بوو

لە ساڵی ٢٠٠٤دا چووە نێو ژیانی هاوژینییەوە ئەوکات لە کۆتا ساڵی خوێندنی زانکۆ بووە، لەم کاتە بە دواوە هاوژینەکەی پاڵپشتی دەکرد و هاوکاری دەکرد بۆ درێژەپێدان بە کاری ڕۆژنامەنووسییەکەی، چونکە مەرجی ئەوین بەدەستهینانی ئازادی بوو لە ژیانیدا، بەڵام لە ڕۆژی وەرگرتنی بڕانامەکەی کە لەسەر فەخفوریەک کێشرابوو، کاتێک چووەوە بۆ ماڵەوە براکانی بڕوانامەکەیان شکاند و ئازارێکی زۆریاندا.

 

دواتر لەگەڵ هاوژینەکەی بوونە ئەندامی ڕێکخراوی هاموون و بووە جێگری سکرتێر، کوڕەکەشی بەو ناوە ناونا، لەگەڵ هاوژینەکەی بە ژیانی خۆیانەوە سەرقاڵ بوون، بەڵام خێزانەکەی ئەوین وازیان نەهێنا و بەردەوام کێشەیان بۆ دروستدەکرد، بۆیە بڕیاریاندا دووربکەونەوە لێیان، ئەوین لە کارەکانی نەوەستا و بووە بەرپرسی ڕادیۆیی مەڵبەندی یەکێتی بۆ بەرنامەی سەدای ژن و بێژەر بوو، لەو بەرنامەیەشدا توانی چەندین کاری باش بکات و مافی ژن تیایدا دەستەبەر بێت.

 

دەستکردن بە چارەسەری سروشتی بەشێکی دیکەی ژیانی ئەوین بوو

لە بەشێکی دیکەی ژیانی ئەویندا و لە ساڵی ٢٠١٠دا دەستیکرد بە کاری چارەسەرکاری بە دەرمانی سروشتی، ئەو کارەی لە دایکییەوە بۆمابووەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندی بە فالح فەڕەنسیس کرد و دواتر پەیوەندیان بە کۆریاوە کرد کە پڕۆژەیەکیان هەبوو بۆ بە ئاکادیمیکردنی چارەسەرە سروشتییەکان، چونکە چارەسەرییەکە بەر لە چارەسەری پزیشکی هەبووە، وەک چارەسەرییەکانی سینۆهە، وتی "کورد لە چارەسەری سروشتیدا دێرینترین مێژووی هەبووە  زەردەشت بۆ خۆی یەکێک بووە لەو کەسانەی چارەسەری سروشتی کردووە".

 

بۆ ئەو مەبەستە بوون بە نوێنەری عێراق و کوردستان تا بۆ کۆریا بچن و چارەسەرە سروشتییەکان بکەن بە ئەکادیمی، ماوەی ٩ ساڵ و تا ساڵی ٢٠١٩ بەردەوامبوون لە هەوڵدان تا لەو ساڵەدا سەنتەری چارەسەری سروشتی هێلینیان کردەوە.

 

لەو ماوەیەدا بەهۆی ئەو قەیرانە یەک لە دوایەکانەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هات و نەبوونی و بێ موچەیی ڕووی لە کوردستان کرد، بڕیاریاندا و ساڵی ٢٠١٥ چاپخانەیەکی کردەوە بە ناوی "هاموون"، مەینەتی و توندوتیژی لە ژیانی ئەوین کۆتای نەهات بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠١٨ دووبارە کێشە خێزانییەکانی دەستیان پێکردەوە و براکانی بە زۆر هەوڵیاندەدا ماڵەکەی لێوەربگرن و منداڵەکانی لێبسەنن، هەر بۆیە ڕوویکردە هەولێر.

 

وتی "ئەگەر ئەو شەوە لە سلێمانی بمایاتەوە دەکوژرام، کاتێک چوومە هەولێریش لەبەر بابەتی حزبایەتی، هەموو بەڵگەکان بە دژی من بوون و کەفالەتی ئازادبوونم شەش ملیۆن دیناری عێراقی بوو، دواجار تێگەیشتم لەوەی ئەمەی لە پشتمەوە کراوە سیناریۆیەک بووە بۆ ئەوەی بمکوژن و بیهێنن بەسەر هاوژینکەمدا"، هەموو ئەو توندوتیژی و زەحمەتیانەی بەسەر ژیانی ئەویندا هات نەبووە ڕێگر لە بەردەم کاری ڕاگەیاندنی و کاری پیشەیی خۆی کە چارەسەری سروشتییە، وتی "شەڕم کرد بۆ گەیشتن بە ئازادی، ناکرێت لەبەر توندوتیژی واز لە ئازادی خۆم بهێنم".

 

"ژنان خۆتان مەکەن بە قوربانی ئەو کەسەی دەتانکەن بە قوربانی"

ئەوین حەمە ئەمین، ڕۆژنامەنووس و چارەسەرکاری سروشتی، داوا لە ژنان دەکات بەرامبەر ستەمی هیچ کەس و لایەنێک بێدەنگ نەبن، تەنانەت ئەگەر خێزانی خۆشت بێت، بەرامبەر تاوان و توندوتیژی بێدەنگ مەبن، دەشڵێت: "هاوار بکەن با دەنگتان بگات بە دنیا و هەموو کەس لە مەینەتییەکان و دۆخی ژن تێبگات، چونکە چەندین ژن بەرامبەر پاراستنی خێزان و کەسانی نزیکیان کە توندوتیژیان بەرامبەر کردوون بێدەنگ کراون، کوژراون و لە گۆڕی بێکەسان ناشتیانن، پێویستە هەموو ژنێک ئەوەندە هۆشیار بێت کە کوشتنی ژن لە هیچ ئاین و جێگەیەک بوونی نییە".

 

لە کۆتایشدا دەڵێت: سەربەرزانە تێکۆشان بکەن ژنان و لە هیچ شتێک سڵ مەکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئازادی نەبڕاوەی ژیانتان بگەن.