فرمێسک جاف: دەستەواژەی 'ئەتکوژم' و ئەنجامدانی تا دێت زیاد دەکات

فشاری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و نەبوونی چاودێر بەسەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان بووەتە هۆکار بۆ زیادبوونی ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن، دەستەواژەی 'ئەتکوژم' دژی ژنان یاخود کەسی بەرامبەر بەکاردەهێنن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- زیادبوونی ڕووداوەکانی کوشتن و توندوتیژی، بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانیان بە شێوەیەکی ناتەندروست و دوور لە ئیتیکی ڕۆژنامەنووسی بووەتە هۆکار بۆ بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەناو کۆمەڵگەدا بە گشتی و بە تایبەت بۆ سەر ژنان، ئەم ڕووداوانە کاری کردووەتە سەر دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی، هۆکاری ئەمانەش فشاری ژیان و ئەو قورسیانەیە کە بەهۆی خراپی باری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بۆ هاوڵاتیان دروستبووە.

 

قەیران و گەندەڵی و نەبوونی سیستمێکی بەڕێوەبردن، تاکی باشووری کوردستانی بەرەو بێئومێدی پالکێش کردووە، خۆکوشتن زیادیکردووە و تاوانەکانی کوشتن لە هەڵکشاندایە، فرمێسک جاف، چارەسەرکاری دەروونی، ئاماژەی بەوەدا فشاری ژیان بووەتە هۆی زیادبوونی خەمۆکی و ڕووداوەکانی کوشتن و فشاری ماددی و سیاسی نەخۆشییە دەروونیەکانی زیادکردووە، "زۆر بە ئاسانی لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، هەموو کەسێک دەتوانێت هەموو زانیارییەکی پێبگات بە تایبەت هەواڵە ناخۆشەکان ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی فشاری دەروونی کە ناتوانی خۆتی لێدەرباز بکەی، بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی کوشتن و خۆکوژی، کاریگەری دەخاتەسەر ئەو کەسانەی کە بیرۆکەی خۆکوژی یاخود ئازاردانی کەسانی دیکەیان هەیە".

 

"هۆکارەکان زۆرن بۆ زیادبوونی فشاری دەروونی"

توێژینەوەکان سەلماندوویانە ئەو کەسانەی خۆکوژی دەکەن زۆرینەیان بەهۆی نائومێدیان لە ژیان دەکەونە دۆخی خەمۆکی و کردارەکە ئەنجامدەدەن، هەندێک کات کێشەی کۆمەڵایەتی ئەنجامەکەی دەبێتە نەخۆشی خەمۆکی و شیزۆفرینیا، بەڵام ئەو کەسانەی هەوڵی ئازارگەیاندن بە کەسانی دەوروبەریان دەدەن توێژینەوەکان دەریانخستووە خەمۆکیان نییە، بەڵکو بە ڕێژەیەکی کەمیش شیزۆفرینیایان هەیە.

 

دەربارەی هۆکاری زیادبوونی پشێوی دەروونی و خەمۆکی فرمێسک جاف وتی: زیاتر لە هۆکارێکی بایۆلۆجی و شێوازی ژیانکردن و ئەو ڕووداوانەی دێن بەسەر کەسی توشبوودا هەیە کە هۆکارن بۆ توشبوون بە خەمۆکی و پشێوی دەروونی، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان کە چەند ساڵ جارێک ڕووداوێکی نوێ ڕوودەدات، هاوڵاتیانی هەست بە جێگیری دەروونی ناکەن، لە ڕووی شێوازی پەروەردەیشدا کۆمەڵێک توندوتیژی و شکاندنەوە هەن کە ئەگەر کەسەکە ئامادەباشی بایۆلۆجی هەبێت، دواتر دەکەوێتە ژێر کاریگەری شتانەی دەورووبەری.

 

"شێوازی ژیانکردن لە هەرێمی کوردستان بووە بە کێبڕکێ کردن"

لە بارەی ژیانکردن لە ئێستای هەرێمی کوردستان فرمێسک جاف ڕوونیکردەوە، ژیانکردن بووە بە کێبڕکێ کردن، هەمووی لە هەوڵی ئەوەدایە بزانێت بەرامبەرەکەی چی دەکات و خاوەنی چییە و بە کوێ گەیشتووە، هۆکاری ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو پێشکەوتنانەی ئێستا لە سۆشیاڵ میدیاکاندا هەیە کە بە ئاسانی دەتوانی ئاگاداربیت لەو کەسانەی هاوتەمەنی خۆتن، دەتوانیت بە ئاسای خۆت بەراورد بکەیت.

 

وتی: "لە ئێستای جیهاندا خۆبەراوردکردن زۆر بووە، لە کاتی خۆبەراوردکردنیشدا کەسەکە کەمی خۆی دەبینێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی فشاری زۆر و وات لێدەکات هەستی ئیرەیی بردنت لەلا دروستبێت، ڕازی نابیت بەو ژیانەی کە هەتە، بەردەوام لە هەڵپەدا دەبیت و پێشبینی ژیانێکی خراپ بۆ خۆ دەکات، ئەمەش فشارە دەروونیەکان زیاد دەکات".

 

"ئەقڵیەتی گەنجی ئێستا و ڕابردوو یەک ناگرێتەوە بۆیە ئەم دۆخە دروستبووە"

گەنج لەم سەردەمەدا کراوەتە تاکگەرا و دوای خەون و ویستەکانی خۆی دەکەوێت، دەیەوێت وەک کۆمەڵگە کراوەکانی دیکە ئازاد بێت ئەمەش لەگەڵ نەوەی ڕابردوودا یەکناگرێتەوە، چونکە ئەوان کۆمەڵگەرابوون و پلان و ئامانجیان بە پێی خێزانەکانیان بوو، بۆیە بە گەنجی ئێستا دەوترێت سەرکێش و چاوقایمن.

"نەوەی ڕابردوو ئەو ئەقڵیەتەی هەیە هەرچیەک بکەی یاخود هەڵەیەک لە ژیانتدا بکەیت لەلایەن خێزانەوە بێت یاخود هەرکەسێک ڕاستەوخۆ دەڵێن 'ئەتکوژم' واتە بووەتە دەستەواژەیەکی باو لە نێویاندا کە بەردەوام بەکاربهێندرێت و ئیهانەی کەسانی بەرامبەری پێبکرێت.

 

"ئێستا پیاوان زیاتر دەستەواژەی 'ئەتکوژم' بەکاردەهێنن"

ئەو چارەسەرکارە دەروونییە وتی: کەیسم هەبووە لەم ماوەیەی ڕابردوودا ژنەکە هاتووە بۆلام پێی وتوم باوکم یاخود براکەم کاتێک کارێک ناکەم بە دڵی ئەوان بێت، دەڵێن دانیشە با وەک فڵان کەس نەتکوژم، ئەمەش کاریگەری ئەو هەواڵ و ڕووداوانەیە لەسەر کۆمەڵگە وایکردووە ژنان لە هەندێک ئامانجی ژیانیان دووربخاتەوە، کاتێک کەسێک ویستی خراپەکاری هەیە و گوێبیستی چۆنیەتی ئەنجامدانی کوشتنەکان دەبێت بیرۆکەی بۆدێت، یاخود ئەو ڕووداو و هەواڵانە دەبێتە ڕێگەخۆشکەرێک بۆ دەستپێکردن بە تاوانەکەی.

 

"پێداچوونەوە بکرێت بە ئیتیکی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتن"

فرمێسک جاف، زیادبوونی ڕووداوەکانی کوشتنی ژنانی گەڕاندەوە بۆ ئەو ئەقڵیەتەی پیاو کە پێیان وایە دەبێت ئەوان بڕیار بۆ چارەنووسی ژن و کچەکانیان بکەن، وەک ڕێگە چارەسەرییەک، دووبارە پێداچوونەوە بە ئیتیکی کاری ڕاگەیاندن و چۆنیەتی داڕشتنەوەی هەواڵی خستەڕوو، وتی: ئەوەی کێشەیە لە ئێستادا کێبڕکێ کردنە لە نێوان کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆ کۆکردنەوەی بینەر، بۆیە بەو شێوەیە هەواڵ و بابەتەکان بڵاودەکەنەوە هەڵەی زۆر هەن لەناو ڕاگەیاندندا، هۆکاری ئەمەش نەبوونی چاودێرییە، هەروەها خێزانەکان فلتەر دابنێن بۆ ئەوەی کەمتر گوێبیستی ئەو ڕووداوانە بن.

 

زۆربوونی هەر ڕووداوێک کە دواتر دەبێت بە دیاردە، دەبێتە هۆی ئاسایبوونەوەی ڕووداوەکان، ئەمەش نائومێدی و ڕەشبینی زیاتر لە سیستمی ئابووری و سیاسیدا بڵاودەکاتەوە.