تایبەت ئینان، ژنێک لێوان لێو لە بەرخۆدان و تێکۆشان

تایبەت ئینانی تەمەن ٥٧ و دایکی ١١ منداڵ، لە ڕۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ لە شاری سلۆپی سەر بە شرناخ لە باکووری کوردستان، بە ١٠ گولـلە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە شەهیدکرا، تەرمەکەی دایە تایبەت بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ لە ناوەڕاستی شەقامدا مایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

تایبەت ئینان، تەمەنی ٥٧ ساڵ و دایکی ١١ منداڵ بوو، ژنێکی کوردی باکووری کوردستان کە بەرخۆدان و خەباتی شاهیدی تێکۆشانیەتی، لە ڕۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ لە شاری سلۆپی سەر بە شرناخ لە باکووری کوردستان، لەکاتێکدا شارەکە بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆی لەسەربوو، لە کاتی گەڕانەوەی لە ماڵی دراوسێکەیەوە بۆ ماڵەوە بە ١٠ گولـلە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە شەهیدکرا .

 

تەرمەکەی دایە تایبەت بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ لە ناوەڕاستی شەقامەکەدا مایەوە و ڕێگەنەدرا تەرمەکەی هەڵبگیرێت و لەلایەن کەسوکارییەوە بە خاک بسپێردرێت، لەو کاتەی دایە تایبەت تەقەی لێدەکرێت، هاوژینەکەی و برای هاوژینەکەی هەوڵدەدەن بڕۆن و تەرمەکەی هەڵبگرن، بەڵام ئەوانیش تەقەیان لێدەکرێت و هاوژینەکەی بریندار دەبێت و برای هاوژینەکەشی گیان لەدەستدەدات، بەهەمان شێوە سوپا ڕێگری لە کارمەندانی فریاگوزاری کرد بۆ ئەوەی بگەنە شوێنی ڕووداوەکە و دایە تایبەت ڕزگار بکەن.

 

دوای ٢٣ ڕۆژ تەرمی تایبەت ئینان لەلایەن دوو کوڕەکەیەوە بەخاک سپێردرا، لەکاتێکدا خێزانەکەی ماتەمینی مردنی دایە تایبەتیان دەگێڕا، کچەکەی هەزنی ئینان لە ژێرزەمینێکدا لە جزیرە لەلایەن سوپای تورکیاوە کوژرا و تەرمی هەزنی ئینان دوای پێنج مانگ درایەوە بە خێزانەکەی.

 

"دایکم ٧ ڕۆژ لەبەر سەرمای زستان لە شەقامەکان مایەوە، ئازارێکی قورسە"

یەکێک لە کوڕەکانی دایە تایبەت باسی لەو ساتە کردووە، کە پاش ٧ ڕۆژ دەچێتە سەر تەرمی دایکی و هەستی بە ئازاری بینینی دایکی دەهێنێتە سەر زار و دەڵێت: دایکم سەرەتا کەمێک دەجوڵایەوە، پاشان لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتژمێرەکان جوڵەکانی کەمبووەوە و ئازاری زۆر هەبوو، دایکم باوەشێکی هەبوو شایەنی جیهان بوو، دەستەکانی دایکم ڕەقب بوون  کە ماچم کردن، دەموچاوە خوێناوییەکەی وشک ببووەوە، جلەکانی بۆنی خوێنی وشک و جەستەی بۆنی  زەوی و خوێنی لێدەهات، قژی دایکم ڕەق و پیس ببوون، چاوەکانی کراوە بوون، بۆ ئەوەی سەگ و باڵندە نەیەن گۆشتەکەی دایکم بخۆن، ئێمە هیچ نەخەوتین، ئەو لەوێ مایەوە، ئێمەش لە دووری ١٥٠ مەتر لەوەوە دەمردین، ناڵێم چ ئازارێکە چونکە قورسە، دایکم ٧ ڕۆژ لەبەر سەرمای زستاندا مایەوە.

 

نەوەکانی دایە تایبەت باسیان لەوەکردووە کە دایکیان پێش شەهیدبوونی و لەو کاتەی دەوڵەت هێرشی کردووەتە سەر خەڵکی ناوچەی جزیرە، پێی وتوون: هەمووان نەمان، بۆیە ئەگەر منیش مردم خەمبار مەبن.

 

کورتە فیلمێک لە ساڵی ٢٠١٧ دەربارەی تایبەت ئینان، بە ناوی " ٧ ڕۆژ، ٧ شەو" لە نووسینی عەلی بۆزان بەرهەمهێنرا، فیلمەکە لە حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی مافی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا خەڵاتی دووەمی باشترین فیلمی پێبەخشراوە، هەروەها لە سێهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی مارماریس لە بەشی باشترین فیلمی درێژدا پلەی دووەمی پێبەخشرا.