ژنان و منداڵانی ئیدلب هەوڵدەدەن لەناو وێرانەدا ژیان بونیاد بنێن

ساڵێک بەسەر بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣دا تێپەڕیوە و سەدان ژن و منداڵ هێشتا هەوڵدەدەن ژیانی خۆیان، کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە وێران بوون، بونیاد بنێنەوە.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب-  لە ٦ی شوباتی ٢٠٢٣، بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر بە پێوەری ٧.٧ پلەی ڕێختەر لە باکووری کوردستان و تورکیا و سووریا ڕوویدا، دوای چەند کاتژمێرێک بە پێوەری ٧.٦ و سەدان بوومەلەرزەی دوای بوومەلەرزەکە ڕوویدا، نەک تەنها بووە هۆی لەدەستدانی ژیان و موڵک، بەڵکو بووە هۆی ئاستەنگی درێژخایەن بۆ چاکبوونەوە و هەستانەوە.

 

ڕبا شێخۆی تەمەن ٣٦ ساڵ، دانیشتووی شاری سەرمەدە لە باکووری ئیدلب و ڕزگاربووی بوومەلەرزەکەیە، ئاماژەی بەوەکرد، لە کامپە قەرەباڵغەکاندا دەژی، لەگەڵ دەستگەیشتنی سنووردار بە خزمەتگوزاری تەندروستی و نەبوونی تایبەتمەندی و کارەبا، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ماڵەکەی وێران بوو، خیزانەکەی کە لەهاوژینەکەی و پێنج منداڵ پێکدێن لە بارێکی سەختددان، هەروەها بەهۆی ترس و نەبوونی ئاسایش لە کامپەکاندا ژیان بەسەردەبەن.

 

بەهۆی لەدەستدانی خێزانەکەی و بە تەنها مانەوە هاوسەرگیری کرد

حەنین عەنابی، کە تەمەنی ١٥ ساڵە، ڕووبەڕووی بارودۆخێک بووەوە کە داهاتووی سنووردار کردووە لە مافی منداڵی و خوێندن بێبەش بووە، دوای ئەوەی بوومەلەرزەکە خێزانەکەی لەناوبرد و بە تەنها ژیانی لە چادری یەکێک لە خزمەکانی بەسەردەبرد، لە تەمەنێکی زوودا هاوسەرگیری کرد و هەوڵی دا ژیانێکی جێگیر لەگەڵ هاوژینەکەی بدۆزێتەوە، وتی: بوومەلەرزەکە منی تەنها کرد، بۆیە هیچ بژاردەیەکم نەبوو جگە لەوەی هاوسەرگیری بکەم، لە جیاتی ئەوەی لەگەڵ خزمەکانم لە چادرێکدا بژیم کە بە زەحمەت شوێنی خۆیان و خێزانەکانیان دەبووەوە.

 

بوومەلەرزەکە کاریگەرییەکی وێرانکەری هەبوو نەک تەنها بۆ مندالانی کچ، بەڵکو بۆ ئەو منداڵانەی کە خێزانەکانیان و خۆشەویستەکانیان لەدەستدا، یان بوونە خاوەن پێداویستی تایبەت و ژیانیان گۆڕا.

٣.٧ ملیۆن منداڵ لە سووریا پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی بەردەوام هەیە و ڕووبەڕووی بارودۆخێکی زۆر سەخت دەبنەوە کە تێیدا ئاوارە بوون و لە کامپەکاندا تووشی نەخۆشی بوون، هەروەها سەختی پەروەردە و وازهێنان لە خوێندن و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و خۆراک و چاودێری و یاری کات بەسەربردن.

 

وەردە سابوونی تەمەن ١٠ ساڵان، دوای ئەوەی چەند کاتژمێرێک لەژێر داروپەردوودا مایەوە دەستی چەپی لە بوومەلەرزەکەدا لەدەستدا، خەونێکی سادەی هەیە، کە بریتییە لە گەڕانەوە بۆ ژیان لە شوێنێکی گەرمدا، بۆ ئەوەی خۆی بشارێتەوە و شوێنی نیشتەجێبوون بەدەست بهێنێت و ئاوی باران دزە نەکاتە ناو چادرەکە، هەروەها ڕزگاربوون لەو ژیانە سەختەی کە لە کامپەکانی "ئەتمە" لە باکوری ئیدلب دەژی.

 

حەلا بارودی تەمەن ٦ ساڵان سەرەڕای سەختی ژیان لە کامپدا، دوای ئەو بوومەلەرزە ترسناکەی بینی چادر بە پەناگەیەکی پارێزراو دادەنێت، نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە خانوویەکدا بژی کە لە دیوار و سەقف پێکهاتووە، زۆرجار خەیاڵی ئەوە دەکات کە زەوی لە ژێریدا دەلەرزێت، ئەگری و خۆی فڕێدەداتە باوەشی دایکییەوە.

 

بوومەلەرزەکە کاریگەری گەورەتری لەسەر ژنان هەبوو

لە کاتێکدا بوومەلەرزە وێرانکەرەکە کاریگەری لەسەر هەموو بەشەکانی دانیشتوانی باکووری سووریا بەگشتی کردووە، بەڵام ژنان بەتایبەتی لە کەسانی دیکە زیاتر دەناڵێنن، بەتایبەتی لەبارەی دووگیانی و تەندروستی زاوزێکردن.

 

بەگوێرەی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان، ئەو بوومەلەرزەیەی لە ٦ی شوباتی ٢٠٢٣ ڕوویدا، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی خەڵک هەبووە، جگە لەگیان لەدەستدانی زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس و وێرانکردنی ژێرخانی هەردوو وڵات، ئەم دەرئەنجامانە لەسەر ژنانی دووگیان دەرکەوتن، نزیکەی ١٣٣ هەزار ژنی دووگیان بەهۆی بوومەلەرزەکەی سووریاوە زیانیان بەرکەوتووە، هێشتا لە کێشەدان بۆ دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گرنگەکان بۆ تەندروستییان، هەروەها کەمی دەرمان و کارمەندی پزیشکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی جەنگەوە و نزیکەی ٦ هەزارو ٦٠٠ ژن تووشی ئاڵۆزی سکپڕی و منداڵبوون دەبن.

 

ئیمان حەجی تەمەن ٢٨ ساڵ، ڕووبەڕووی کێشەی دووگیانی بووەوە دوای ئەوەی یەکەم منداڵی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لەدەستدا، هەروەها بەهۆی نیشتەجێبوونی ناسەلامەت لە کامپەکانی ئاوارەکان کە پێداویستییەکانی ژیانیان تێدا نییە، دەناڵێنێت.