توندوتیژی دژی ژنان تاوانێکی نێودەوڵەتییە و ڕووبەڕووبوونەوەی پێویستی بە هاوکاریی بەکۆمەڵ هەیە

توندوتیژی ڕەگەزی کە بە پلەی یەکەم دژی ژنان ئەنجام دەدرێت، تەنها لە وڵاتێکدا سنووردار نییە و کاریگەری لەسەر ژنان لە وڵاتانی جیهاندا هەبووە، چالاکوانانیش دەڵێن: توندوتیژی زیاتر وەک ڕەفتارێکە و پێویستە دووبارە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێتەوە.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە - ساڵانە لە جیهاندا بانگەشەی هاودەنگی ڕادەگەیەنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، گەورەترین قەیران لە ژمارەیەک وڵاتدا، لەنێویاندا میسر، ئاساییکردنەوەی ئەو بیرۆکانەیە و پێیان وایە ژنان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبێت لە ژێر سەرپەرشتی پیاواندا بن، ڕەنگە خێزانەکانیش بە پشتبەستن بە هەندێک بیرۆکە و دەقی ئایینی ئەم دیدگایە بە هەڵە پەیڕەو بکەن.

 

بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی پێویستی بە هاودەنگیی نێودەوڵەتی هەیە، چوبکە پرسێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو پراکتیکێکە کە ڕەگ و ڕیشەی لە هۆشیاری زۆر کەسدا هەیە و ژنان لە هەموو وڵاتان بە ڕادەی جیاواز بەدەستیەوە دەناڵێنن، بەگوێرەی ئەوەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانی ژنانەوە ڕاگەیەندراوە، لە هەر سێ ژن یەکێکیان لانیکەم جارێک لە ژیانیدا تووشی توندوتیژی جەستەیی یان سێکسی دەبێت و توندوتیژی دژی ژنان و کچان بە یەکێک لە باوترین و بەربڵاوترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان دادەنرێت.

 

توندوتیژی لە هەموو وڵاتانی جیهاندا بەربڵاوە و پەیوەستە بە پێکهاتەی کولتوورییەوە

مونا حەمیدە، ڕێکخەری دامەزراوەی ئەدراک بۆ گەشەپێدان و یەکسانی ڕوونی کردەوە، کە توندوتیژی لە سەرانسەری جیهاندا بەربڵاوە و بەشێکی زۆری پەیوەندی بەو پێکهاتە کولتوورییەوە هەیە کە تا ئێستاش پشتگیری لێدەکرێت، دەرکەوتەکانی جیاوازە، بۆ نموونە لە میسردا کوشتنی ژنانە، کە بووەتە دیمەنێکی دووبارە بووەوە و  ئەمەش وایکردووە دامەزراوە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەم کەیسە بە لەپێشینەی کارەکانیان بێت.

 

مونا حەمیدە باسی لەوەکرد، کوشتنی نایرە ئەشرەف بە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان دادەنرێت کە بووە هۆی ئەوەی ڕۆشنایی بخاتە سەر ناسنامەی ئەنجامدەرانی تاوانەکان و ڕادەی نزیکی یان دووری لە خێزانەکەوە، گەڕان بەدوای هۆکار و میکانیزمی ڕووبەڕووبوونەوە، شیکردنەوەی داتاکانی کوژراو و تاوانباران و وردەکارییەکانی دیکە، وتیشی: تاوانی دیکەش هەن کە دەکەونە ژێر سەردێڕی توندوتیژی ئابووری، وەک دزینی میراتی ژنان و دزینی موڵک و ماڵی ژنان، لە ئەنجامی بەرخۆدانیان بەرامبەر بەو کارانە کە لە ئەنجامی خراپی بارودۆخی ئابوورییەوە دروستبووە، ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندوتیژ دەبنەوە، کە لە ئەنجامدا ژمارەی کوشتنەکانیش بە هەمان شێوە زیاد دەکەن.

 

ئەو پێی وابوو تاوان هەیە و ڕۆژانە ڕوودەدەن، لەوانە دەستدرێژی سێکسی و هەراسانکردن، ئەمە جگە لە تاوانە نوێیەکانی دیکە کە لە ئەنجامی گەشەسەندنی تەکنەلۆژیاوە ڕوودەدەن، لەوانەش توندوتیژی ئەلیکترۆنی، مونا حەمیدە پێی وابوو کە هەڵمەتە بەکۆمەڵەکان و بەستنەوەی توندوتیژی بە کایەی نێودەوڵەتی وەک دیاردەیەکی جیهانی ترسی زۆر کەس لەناو دەبات، کە هەڵمەتێکە زیان بە وڵاتانی دیاریکراو دەگەیەنێت بۆ بەرژەوەندی ئەوانی تر و یارمەتیدەرە بۆ قبوڵکردنی بیرۆکەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی.

 

توندوتیژی سێکسی لە ڕیزبەندی سەرەی توندوتیژییەکاندایە

نوها سەید، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەستپێشخەری دەنگی بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان و پارێزەر، ڕایگەیاند، لە زۆربەی وڵاتان توندوتیژی سێکسی ئەنجام دەدرێت و بە پێشەنگی ئەو کارانە دادەنرێت کە مافەکانی ژنان پێشێل دەکەن، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کوێوە هاتوون، جا ئەوروپی بێت یان عەرەب، دواتر بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە توندوتیژی ئەلکترۆنی لە ساڵانی ڕابردوودا بڵاوبووەتەوە و ژمارەیەک دامەزراوە دەستیان کردووە بە گەڕان بەدوای میکانیزمەکاندا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا.

 

ناوبراو تیشکی خستەسەر هەندێک وڵاتی عەرەبی وەک تونس و ئێران، کە شاهیدی زنجیرەیەک ناڕەزایەتی لە دژی ئەو سیاسەت و پێشێلکاریانە بوون لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەسەر کچان و ژنانی ئەوێدا ڕوو دەدات، وتیشی: پلاتفۆرمە جۆراوجۆرەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بوونەتە یەکێک لە ئامرازەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە سەرانسەری جیهاندا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەرزبوونەوەی توندوتیژی بووەتە جێگەی نیگەرانی، چونکە بەهۆی کەموکوڕییەکانی یاسادانان و کولتووری کۆمەڵگە هاوبەشەکان دژی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو چەند هێندە زیادی کردووە.

 

کەموکورتی یاسایی پێویستی بە هاودەنگی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هەیە

عەزا حەمەد، پارێزەر لە دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە و ڕاپۆرتدەری لیژنەی ژنان لە پارێزەرانی ژنانی حلوان، ڕوونیکردەوە کە کەموکورتییەکی یاسایی ڕوون لە دۆسیەی توندوتیژی لە وڵاتانی جیهان هەیە و پێویستی بە هاودەنگی و پەرەپێدانی کەرەستەی زیاتر هەیە کە ژنان بپارێزن، وتیشی: لەم ماوەیەی دواییدا دادپەروەری بۆ ژنان هەبووە، لایەنێکی هۆشیاریش لە ئێستاوە بڵاو بووەتەوە کە چیتر تەنیا لە ژنانی خوێندەواردا سنووردار نییە، بەڵکو گەیشتووەتە دەستی ژنانی گوندنشین و ئەو کەسانەی کە گوندەکەیان بەجێنەهێشتووە و ئەمەش وەرگێڕدراوە بۆ کۆمەڵێک نامە، کە ئاراستەی سەندیکاکان و دامەزراوە حکومییەکان کرابوون، بەڵام گەشتەکە بەردەوامە، هێشتا ڕێگایەکی دووری ماوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پراکتیکانەی کە شکۆ و مافەکانی ژنان تێکدەدەن.

 

ئەو پێی وابوو کە هەندێک لە ژنان بەرکەوتنی خۆیان بە توندوتیژی ئاشکرا ناکەن، چ جەستەیی یان دەروونی، بە تایبەت ئەگەر لەلایەن کەسوکاری وەک باوک، مێرد، یان کەسانی دیکەوە ئەنجام بدرێت، لە ترسی تێڕوانینی کۆمەڵگە و بوونی عەیبێکی یاسایی لە سزاکەدا، کە هێشتا مافی دیسپلینکردنی خزمێکی پلە یەک دەدات.