فاتمە حەمید بە تەنیا تێکۆشان بەڕێوەدەبات
فاتمە حەمیدی تەمەن ٥٠ ساڵ دوو ئەزموونی هەیە کە خەڵک دەتوانن سوودی لێ وەربگرن، دیوێکی بووەتە قوربانی عەقڵیەتی پیاوان و توندوتیژی پیاوسالاری و دیوەکەی تریش ئەو کەسەیە کە بە تەنیا درێژە بە تێکۆشانی خۆی دەدات.
سۆرگوڵ شێخۆ
زرگان - لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ەوە ژنان پێشەنگی بەرخۆدانن، بەتایبەتی لە زرگانی کانتۆنی جزیرە، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەرچەندە چەند مەترێک لە سەربازگەی دەوڵەتی تورکەوە دوورن و ڕۆژانە دەنگی تۆپ و دەنگی فڕۆکە لە ئاسمانەوە کەم ناکات، بەڵام بەرخۆدان و خەباتی ژنان هەمیشە ترسێک بووە بۆ داگیرکەران، چیرۆکی نەبیستراوی ژنان لە بەرخۆدان و خەباتدا زۆرن.
یەکێک لەو ژنانەی کە هەمووان خۆشیان دەوێت و ئەزموونی هەیە، فاتمە حەمیدە، تەمەنی ٥٠ ساڵە و ماوەی ١١ ساڵە هاوسەرگیری کردووە و لە زرگان دەژی، هێشتا دایک نییە. فاتیمە کە لەگەڵ هاوژینەکەی بۆ ماوەی ٧ ساڵ لە پارکی شەهید ئارین میرکان کاریان کردووە، نزیکەی ٥ ساڵە بە تەنیا ئەو پارکە بەڕێوە دەبات.
پارکی شەهید ئارین میرکان یەکێکە لە پڕۆژەکانی نووسینگەی ژنانی شارەوانی زرگان، کە لە ساڵانی پێش لەشکرکێشی تورکیادا کرایەوە، فاتمە حەمید سەبارەت بە گەشتی ژیانی بۆ دەزگاکەمان قسەی کرد.
بەهۆی عەقڵیەتی پیاوەکەوە نەبووە دایک
فاتمە حەمید باسی لەوکرد کە هاوسەرگیری کردووە بەڵام هاوژینەکەی نەخۆش کەوتووە، دواتر بەجێی هێشتووە و چووە شام و وتی: ئێمە پێکەوە بووین، پێکەوە لە پارک کارمان دەکرد، بەڵام ئەو ماوەی ٥ ساڵە لە شامە بەهۆی چارەسەرەوە، منی بەجێهێشت و تەنه مامەوە، ڕۆژەکانم و ژیانم لە پارکدا بە پێکەنین و خۆشی منداڵان بەسەر دەبەم،من بەختم وا نەبوو کە دایک بم، بەڵام ئەمانە هەموویان منداڵی منن و ناتوانم چاوەڕێ بکەم تا بیانبینم.
"تەنیایی سەختە بەڵام پێویستی بە فێربوون هەیە"
فاتمە حەمید ڕایگەیاند، بە تەنیا دەژی و تێکۆشان دەکات و وتی: من لە ماڵەوە بە تەنیا دەژیم، تەنیایی سەختە بەڵام چی بکەم فێربووم بەم شێوەیە بژیم، ژیان لە ژێر تۆپباراندا مەترسیدارە، بەڵام هیچ ڕێگەیەکی تر و ژیانێکی تر نییە بۆ ئەوەی ئێمە بژین، لێرە ژیان هەیە و هەموو دەوروبەرم دراوسێ و ناسیاون و شار پڕە لە خەڵک. ژیان بە تەنیا پڕە لە تێکۆشان.
"من و پارکەکە بە درێژایی وەرز پێکەوەین"
فاتمە حەمید باسی لە چاککردنەوەی پارکەکە و چاندن کرد و وتی: هەموو شتێکم لێرە دەستپێکرد، لێرە بە دەستی خۆم نەمامم چاند، کە درێژییەکەی نەدەگەیشتە ٣٠ سم. لەم خاکەدا چاندم، زەوی پارکەکەم چاک کرد و چیمەنی دەستکردم چاند، دارەکانم ئاو دا، وەک چۆن دار و گەڵاکان هەموو وەرزێک خۆیان نوێ دەکەنەوە، من و پارکەکەش لە هەموو وەرزێکدا پێکەوەین، پارکەکە بووەتە بەشێک لە ژیانم و ماڵ و هەموو شتێکم، بەهۆی ئەو مەترسییەی ئێستا هەیە، زیاتر حەزم لە پارکەکەیە نەک ماڵەکەم، هەروەها لەناو پارکەکەدا کافتریایەکمان کردەوە و پارکێک دروستکرا کە هەموو کەسێک بتوانێت پێداویستیەکانی تێدا دابین بکات و بووەتە شوێنی پشوودان، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە زۆر شت گۆڕاوە و ئێستا منداڵەکان یاری بەو یارییانەی کە ماونەتەوە دەکەن.
"دەتوانم هەموو شتێک بکەم"
فاتمە حەمید لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ژیان شتێکە ئەگەر لە ئاستەکەیدا نەژیت شکستت پێدەهێنێت، هەر بۆیە ئێستا بە تەنیا دەژیم، کارکردن بۆ تەمەنی من بەربەست نییە، دەتوانم ٢٠ ساڵی تر کاربکەم، بەڵام هیوا و خەونەکانم ئەوەیە کە ئاشتی زاڵ بێت، بەو هیوایەی ئەم داگیرکارییە کۆتایی پێبێت و دەنگی تەقە لە هەموو سووریاوە بوەستێت، بەهۆی ئەم لەشکرکێشیەوە ئاوارە بووین، شارەکانمان داگیرکران و ماڵەکانمان وێران بوون.
کۆتایی هاتنی داگیرکاری و گەڕانەوەی ژن و منداڵ بۆ ناو پارک
فاتمە حەمید سەرنجی بۆ گەڕانەوەی زەردەخەنە بۆسەر لێوی ژنان و منداڵان ڕاکێشا و وتی: بەهیوای ئەوەی داگیرکاری کۆتایی پێبێت، ئەم پارکە جارێکی تر گوڵ بکاتەوە و هەمووان بە پێکەنین و دڵخۆشیەوە لەوێ کۆببنەوە، بە هیوای ژیانێکی بێ شەڕ کە چیتر هەستی ترس نەمێنێت، لەبری ئەوە ئارامی هەبێت، لە دڵمدا تامەزرۆی زۆر شت بووم، خۆزگە ئێستا کچ و کوڕێکم هەبوایە، داواکاری من بۆ ژنان ئەوەیە کە زیرەک و زانا بن، هەرگیز نەبنە پایەی پیاوان.
لە کۆتاییدا فاتمە حەمید سوپاسی ئەو ژنانەی کرد کە هەمیشە لە تەنیشتی بوون و وتی: زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەو دامەزراوانەی کە تا ئێستا پشتگیریان کردووم و ئاگاداری من بوون، پێویستە هەموو ژنان کرێی بژێوی ژیانیان بەدەست بهێنن.