"بە ژن، ژیان، ئازادی سەرکەوتن و خەباتی هاوبەشی ژنان دێتە ئاراوە"

بێریڤان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پەیەدە، دەڵێت: سیستمی پیاوسالاری دەیەوێت سەدەی ٢١ بکاتە سەدەیی شکستی ژنان، ئێمەی ژنان ئەوە ڕەت دەکەینەوە و لە بەرامبەردا تێکۆشان و بەرخۆدانی خۆمان بەردەوام دەکەین.

هێلین محەمەد

 

سلێمانی- ژنانی کورد سەدان ساڵە لەناو ڕێکخستن، پارت و لایەنەکان و بە سەربەخۆش لە بەرامبەر زوڵم و زۆرداری و سەرکوتکردنیان تێکۆشان، ٨ی ئاداریش دەکەنە هەنگاوێک بۆ بەگوڕتر کردنی تێکۆشانیان، تا بتوانن سەدەی ٢١ بکەنە سەدەی ژن و ئازادی ژن.

 

بێریڤان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پەیەدە و چالاکوانی بواری ژنان دەڵێت: هەموومان دەزانین لە مێژووی کورددا چەندین ڕووبەڕوو بوونەوەی ژنان هەبووە، هەروەها تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، ئێمەی ژنان لە تەواوی جیهان و بە تایبەت لەناو هەرێمی کوردستاندا بە هزر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد، ڕێبەر ئاپۆ کە رووناکی بەخشییە ژنان، تێکۆشان دەکەین.

 

"من ژنم، ژن بوونم ناسنامەمە"

بێریڤان محەمەد باس لەوە دەکات، ژنان لەناو ئەم سیستمەدا بوونیان هەبووە و گرنگیان بە بابەتەکانی ژنان داوە، ژنان لەم سیستمەدا بە دروشمی "من ژنم و ژنبوونم ناسنامەمە" دەنگیان هەڵ بڕیوە، وەک دروشمێک بۆ ٨ی ئاداریش پێناسەی ژنان دەکەن، ژنان توانیویانە لەم سەد ساڵەی داستانی ژیانیاندا چەندین سەرکەوتن و دەرکەوتنی ڕێکخستنەکانی ژنان بنووسنەوە، توانیویانە لە سەد ساڵی خەباتیان داستانێک بۆ خۆیان تۆمار بکەن بەتایبەت وەک شۆڕشی ڕۆژئاوا، کە بە شۆڕشی ژنان پێناسە کراوە، هەروەها دەڵێت: شۆڕشی ڕۆژئاوا بۆ تەواوی جیهانی دەردەخات کە ژنان دەتوان لە جیهاندا مێژووی خۆیان و گەلەکەیان تۆمار بکەن، ئێمە وەک ژن لە هەر سیستمێکدا بۆ داوای مافی خۆمان دەتوانین لەسەر پێیەکانی خۆمان بووەستین و ناسنامەی خۆمان لە هەموو جیهاندا بەرز بکەینەوە، لە کاتێکدا سیستمی پیاوسالاری دەیەوێت سەدەی ٢١ بکاتە شکستی ژنان، بەڵام ئێمەی ژنان ئەوە ڕەت دەکەینەوە و لە بەرامبەردا تێکۆشان و بەرخۆدانی خۆمان بەردەوام دەکەین و بەرز دەکەینەوە.

 

"ئەگەر ژن ئازاد نەبێت ژیان ئازاد نابێت"

بێریڤان محەمەد، ئاماژەی بەوەکرد، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وەک ناسنامەیەکی ژنان دەرکەوت، توانی ببێتە دەنگێک و ڕەنگێک بەرامبەر بە پیاوان، ئەگەر ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت، هەموو ژنێکیش بەو دروشمە توانی ناسنامەی خۆی بەدەستبهێنێت، نەک تەنها ژنانی کورد، بەڵکو ژنانی جیهانیش بە ناوی ڕێکخستنەکان و ڕێکخراوەکان وەک ناساندنێک و ناسنامەیەکی خۆیان بەکاریدەهێنن، وتیشی: دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ناسنامەی ڕاستەقینەی ژنانە، ئەگەر ژن ئازاد نەبێت ژیان ئازاد نابێت، ئەگەر ژیان ئازاد نەبێت کۆمەڵگەیەکی ئازاد و وڵاتێکی ئازادمان نابێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە پاراستنی داستانی "ژن، ژیان، ئازادی" کرد و وتی: بۆ پاراستنی دروشمەکەمان پێویستە بەردەوام چیرۆکی ژنان بخوێنینەوە، بە تایبەت چیرۆکەکانی ژنان لە بەرامبەر ڕوبەڕوو بوونەوەی ئەقڵییەت، ئەم تێکۆشینانەی ژنان کە ڕویداوە بە چەند کاتژمێرێک نەبووە، بەڵکو بە تێکۆشان و خەبات و پەروەردەکردنی چەند ساڵەی ژنان گەیشتووین بەم ئاستەی ئێستا، بۆیە دەبێت دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە هەموو جیهان بڵاو ببێتەوە، سەدەی بیستوویەکە و چالاکیەکانی ژنان شایەتی بەرخۆدانی ژنان دەدەن، لە جیهاندا ٨ی ئادار ڕۆژی ژنان و ناساندنیەتی، بەڵام ئێمەی ژن دەبێت هەموو ڕۆژێک بە ڕۆژی خۆمان بناسێنین، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" سەرکەوتن و خەباتی هاوبەشی ژنان دەبێتە بەردەوامی دروشمەکەمان.

 

بێریڤان محەمەد، لە کۆتاییدا وتی: پیرۆزبای ٨ی ئادار لە تەواوی ژنانی جیهان دەکات، ئێمەی ژنان نەک یەک ڕۆژ هەموو ڕۆژێک ڕۆژی ئێمەیە، پێویستە ئێمەی ژنان لە ئاستێکی بەرزدا تێکۆشانی خۆمان بکەین، بانگەوازی من بۆ ژنان و کەسانی ئازادیخواز ئەوەیە، بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئازاد و وڵاتێکی ئازاد دەست لەناو دەست بین، دەتوانین ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک بنیاد بنێین.