بوسەینا حەسەن: تاکە ڕێگا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری بەرخۆدانە
بوسەینا حەسەن، ئەندامەی ئەنجومەنی پارتی ئایندەی سوریا لە شاری مەنبج ڕایگەیاند، تاکە وەڵام بۆ داگیرکاری تورکیا بەرخۆدانە.
سیلڤا ئیبراهیم
مەنبج- شاری مەنبج لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، پێش ئەوەی لەلایەن هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبجەوە ئازاد بکرێت، ساڵانێک لەلایەن سەربازە بەکرێگیراوەکانی دەوڵەتی تورکەوە داگیرکرابوو.
بوسەینا حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی پارتی سوریای ئایندە لە مەنبج، باسی ئەو سەردەمەی دەوڵەتی تورکیا کرد کە شارەکەی داگیرکردبوو، وتی: ماوەی ١٠ ساڵ دۆخێکی سەخت بەڕێوەچوو، ئەم پڕۆسە سەختانە کە پێیدا تێپەڕین بەهێزترمان دەکات، هەرچەندە ڕووبەڕووی سەختی بووینەوە، بەڵام دەتوانین لەسەر پێی خۆمان بوەستین، دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری وڵاتانی سەرمایەداری و بە پاڵپشتی وڵاتانی ناوچەکە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک دەکاتە ئامانج، داگیرکەری تورکیا هەوڵی زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی دەدات، بۆیە دەیەوێت بە هێرش خاکی سوریا داگیربکات.
"هێرشەکان لەگەڵ نزیکبوونەوەی لۆزان زیاتر بوون"
بوسەینا حەسەن ڕایگەیاند کە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا زیادی کردووە، هۆکاری ئەمەش نزیکبوونەوەی سەد ساڵی پەیمانی لۆزانە و وتی: پەیمانی لۆزان لە ٢٤ی تەمموزی ١٩٢٣ دەستیپێکرد، ئەوە خەریکە لە سەدەمین ساڵیادی خۆی نزیک دەبێتەوە، بۆیە دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی زیاتر کردووە، هەروەها نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا هۆکاری هێرشەکانە. لەم پڕۆسەیەدا تورکیا هەوڵدەدات کۆنتڕۆڵی خۆی بکاتەوە و متمانەی گەلی تورکیا بەدەستبهێنێت، ئەوەش لەسەر بنەمای هێرشی داگیرکاری و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ئەنجامدەدات و هاوڵاتیان کۆمەڵکوژ دەکات.
"پێویستە گەل بەردەوام بێت لە بەرخۆدان"
بوسەینا حەسەن باسی لەوەشکرد، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا داگیرکردنی زۆرێک لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە، بۆیە هێرشەکانی زیاد دەکات، لە کۆتاییدا وتیشی: داگیرکەری تورکیا مافی ئەوەی نییە هێرش بکاتە سەر ناوچەکەمان و خاکی ئێمە داگیر بکات، خەڵک بۆ پاراستنی خاکی خۆیان و ڕێگریکردن لە هێرشەکان گیانی خۆیان بەختدەکەن، پێویستە گەل درێژە بە خەبات و بەرخۆدانی خۆی لە دژی داگیرکەری تورکیا بدات و خۆی ڕێکبخات و بە بیردۆزی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕانە خەبات بکات، لە بەرامبەر داگیرکاریدا ئەوەی پێویستە بەرخۆدان و خۆڕاگرییە، هەرکەسێک دەتوانێت تفەنگێک بەدەستەوە بگرێت با بچێتە ناو شۆڕشەوە، هەموو خەڵکی هەرێم ئیرادەی پاراستنی دەستکەوتەکانیان هەیە.