ژنانی شەنگال: ئێمە هەمیشە پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستانین
ژنانی شەنگالی کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربڕی و ڕایانگەیاند، "ئەو هێرشە دەکرێتە سەر هەموو گەلی کورد و کوردستان، بەڵام ئێمە تەسلیم نەبووین و تەسلیم نابین".
ئەمیرە زۆزان
شەنگال- لە ساڵی ٢٠١٨ دەوڵەتی تورک عەفرینی بە هەموو جۆرە شێوازێکی نامرۆڤانە داگیرکرد، لە ساڵی ٢٠١٩ لە ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هێرشی کردە سەر سەرێکانی و گرێسپی و ئەو ناوچانەی داگیرکرد، لە ١٩ی تشرینی دووەمی ئەمساڵیشەوە هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەو هێرشانەدا ئەو بینا و ژێرخانانە، کە پێداویستییەکانی ناوچەکەیان دابین دەکرد، بۆردومان کران و کۆمەڵکوژی ئەنجامدرا. تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا ئاشکرا دەبن، بەڵام لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بێدەنگی لەلایەن هێز و دامودەزگاکانی بەرپرس لەم هێرشانەدا هەیە.
ژنانی شەنگالی کاردانەوەی خۆیان سەبارەت بە هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربڕی، ڕایانگەیاند، ئەو هێرشە دەکرێتە سەر هەموو گەلی کورد و کوردستان، بەڵام خەڵکی ئەم خاکە هەرگیز تەسلیم نەبوون و هەرگیز تەسلیم نابن.
"کوردێکی ئازاد لە هەر شوێنێک هەبێت هێرش دەکاتە سەری"
زەهرا دەخیل، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ سەبارەت بە هەوڵی دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، "ئەو فەرمانە لە دەرەوەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە هاتووە، داعش کە هێرشی کردە سەر شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان، پیاوی دەستی ئەردۆغان بوون، بۆیە شکستەکەیان لەسەر دەستی هێزەکانی ڕۆژئاوا و شەنگال کینەیەکی گەورەی بەجێهێشت و بۆشاییەکی لە دڵی ئەردۆغاندا بەجێهێشت، بۆیە دەیەوێت بە هێرشەکانی تۆڵە بکاتەوە، ئەردۆغان ئێستا ئەوەندە تووڕە بووە ئەگەر کوردێکی ئازادیخواز هەبێت دەیەوێت لەناوی ببات. مەخمور، شەنگال، ڕۆژئاوا بۆ ئەو گرنگ نییە، بەڵام ئێمە وەک پێکهاتەی ئێزدی لە پشت گەلەکەمانەوەین و هەرگیز سەر بۆ دوژمن دانانەوێنین".
"هێرشەکە لە ئاستی جینۆساید دایە، وەڵامدانەوەمان گەورە دەبێت"
ڕیحان شەنگال، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی-تاژێ ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکە لە ئاستی جینۆساید دایە و وەڵامدانەوەیان گەورە دەبێت، وتیشی: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و شەنگال، ئەو دیوارەی لە نێوان ئێمە و ڕۆژئاوا دایاننا، یەکێکە لە سیاسەتی جینۆساید و دابڕان، بەڵام وەک پێکهاتەیەکی ئێزدی چاکەی کەس لەبیر ناکەین، بۆیە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئێمە زۆر گرنگە، ئێمە بەڵێنمان بە شەهیدەکانمان دا و هەرگیز پاشەکشە ناکەین، جگە لە بەرخۆدان هیچ ڕێگەیەکی ترمان نییە.