"شۆڕشی کوردان بە پێشەنگایەتی ژنان گەشتووەتە ئامانج"
ژنانی باشووری کوردستان ڕۆژی جیهانی کۆبانێ بەرز دەنرخێنن و دووپاتی دەکەنەوە بە پاڵپشتیکردنی گەلی کورد لە یەکتر نەتەوەی کورد دەتوانێت سەرکەوێت و ئازادی بەدەستبهێنێت.
شنیار بایز
سلێمانی- ڕۆژی ١ی تشرینی دووەم، بە ڕۆژی جیهانی کۆبانێ دەناسرێت لە تەواوی جیهان و کوردستاندا، لەم ڕۆژەدا هەموو گەلانی جیهان بوونە یەک و پشتگیری پایتەختی بەرخۆدان، کۆبانێ-یان کرد، بە ملیۆنان خۆپێشاندەر لە دەوڵەت و ئاینە جیاوازەکان پشتیوانیان لە یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە و یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە دەکرد و بە وتنەوەی دروشمی شەرمەزارکردنی داعش کەوتنە کۆڵان و مەیدانەکان.
بەرخۆدانی شەڕڤانان لە دژی چەتەکانی داعش لەکۆبانێ و تێکشاندی ئەو چەتانە لە ساڵی ٢٠١٤دا، کە سەرکەوتنێکی مێژوویی بوو، تێڕوانینی ئازادیخوازانی جیهانی بەرامبەر کورد بەشێوازێکی نوێ گۆڕی، ئەمەش وایکرد ئەو ڕۆژە بکرێتە ڕۆژی جیهانی کۆبانێ، چونکە ئەو شۆڕشەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڵگیرسا، بە پێشەنگایەتی ژنان سەلماندیان سەرکەوتن هەمیشە بۆ گەلانی ئازادیخوازە.
بۆ ئەم مەبەستەش ژنانی باشووری کوردستان لە ڕۆژی جیهانی کۆبانێدا دووبارە یادی ئازادبوون و سیمبولی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا بەرز دەنرخێنن و داوای یەکڕیزی گەلی کورد دەکەن لە بەرامبەر هێرشی دوژمناندا.
"بە پاڵپشتی ژنان، شۆڕش سەردەکەوێت"
شادان سەردار، ژنێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە و ئاماژەی بەوەکرد، گەلی کورد هەمیشە بە یەکگرتووی توانیویەتی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بە تایبەتی لە کاتی شۆڕش و داگیرکارییەکاندا کە نەتەوەی کورد تەواو پاڵپشتی لە یەکدی دەکەن، هەرکات لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا داگیرکاری هەبێت هەڵوێستیان هەبووە، وتیشی: نەتەوەی کورد تەنها بەدەمەوەچوونی بۆ کورد نەبووە، بەڵکو بۆ هەموو نەتەوەیەکی دیکەی هەبووە".
وەک ژنانی باشوور هەڵوێستی خۆی نیشاندا، کە پاڵپشتی هەموو ئەو ژنانە دەکەن بەشداری شۆڕش دەکەن و بەرگری لە خاک و نیشتیمان دەکەن، "نەتەوەی کورد هەمیشە بە پاڵپشتی ژنانی توانیویەتی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و بگاتە ئازادی".
"یەکگرتووی نەبێت سەرکەوتن نابێت"
ئاشتی بەهادین، ژنێکی دیکەیە و باسی لەوەکرد لە ڕێی یەکگرتنی نەتەوەی کوردەوە کورد توانیویەتی سەرکەوتنی یەک لە دوا یەک بەدەستبهێنێت، بە یەکگرتن نەبێت ئاشتی بەدەست نایەت، وتیشی: لە ڕۆژی جیهانی کۆبانێدا پێویستە گەلی کورد دووبارە پاڵپشتی خۆی نوێ بکاتەوە بۆ ئازادیخوازان و ئەوانەی شۆڕش لەپێناو گەلی کورددا دەکەن، بە پاڵپشتی ژنانیش توانراوە کورد سەرکەوتنی تەواو بەدەست بهێنێت".
"دەبێت هەموومان شۆڕشی کۆبانێ بەرز بنرخێنین"
پەروین سلێمان، باسی لەوەکرد گرنگە هەموو گەلی کورد ڕۆژی جیهانی کۆبانێ بەرز بنرخێنێت، چونکە لە پای تێکۆشان و شۆڕشی نەتەوەی کوردەوە بەدەستهاتووە، وتی: گرنگە لە هەر جێگەیەک داگیرکاری هەبێت تێکۆشان هەبێت و ژن و پیاو شۆڕش بکەن بۆ ئازادی، نمونەی ڕۆژئاوامان لەبەرچاو بێت"، جەختیشیکردەوە، پێویستە گەل خۆی بێبەری نەکات لە هەڵوێست، لە ڕێی گردبوونەوە و هەڵوێستی بەجەرگانەوە پاڵپشتی لە پارچەکانی دیکە بکەن.