سلێمانی، بێ ئاوی کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروستکردووە
هاوڵاتیان لە وەرزی هاویندا بەدەست بێ ئاویەوە دەناڵێنن، بەشێک لە هاوڵاتیان دەڵێن: بەهۆی سیستمی سەرمایەداری و زۆربوونی پڕۆژەکانەوە هاوڵاتیانی هەژارنشین بێبەشن لە خزمەتگوزارییەکان.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- گۆڕان و گرفتەکانی کەشوهەوا ڕووی لە تەواوی جیهان کردووە، ڕۆژ بە ڕۆژ زیانەکانی نەبوونی بێ ئاوی لە جیهاندا دەردەکەوێت، هەرێمی کوردستانیش بێبەش نییە لە کێشەکانی کەمی ئاو و پێداویستیە سەرەتاییەکانی نیشتەجێبوون، هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان دەناڵێنن بەدەست گرفتەکانی دەسەڵات و سیاسەتی بێ ئاوکردنەوە، نەبوونی ئاو و ئاوەڕۆ بەشێک لە هاوڵاتیانی گەڕەکە هەژارنشینەژکانی هەراسان کردووە و لە وەرزی هاوینیشدا کێشەکان زیادتر دەکەن.
بەشێک لە ژنانی گەڕەکی مەلا داودی شاری سلێمانی، باسی کێشەکانی ژیانیان بۆ ئاژانسی نوژنها دەکەن و ئاماژەیان بەوەکرد، نەبوونی پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ لە گەڕەکەکداندا گرفت بۆ ژنان دروست دەکات، هاوڵاتیان لە گەڕەکە هەژارنشینەکان بەردەوام کێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوەیان بۆ دروست دەبێت.
"ژنان بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاریەکانەوە دەناڵێنن"
گوڵزار حەمە شەریف، یەکێکە لەو ژنانەی بۆ سەردانی کردن ڕووی لە گەڕەکی مەلا داود کردووە، لە بارەی خراپی گوزەرانی ماڵی کوڕەکەی و هاوڵاتیانی گەڕەکەکە وتی: زۆربەی گەڕەکەکان شەقام و ڕێگەیان نییە، خزمەتگوزاری ئاو بۆ ماڵەکانیان نەبەستراوە، ژنان گرفتی نەبوونی ئاویان لە ماڵەکانیاندا بۆ دروست دەبێت، ژنان بە درێژای ژیانیان نەحەساوەبوون و ئێستاش هەر ئاسانکاری ژیانیان بۆ ناکرێت، بەردەوام هەوڵ بۆ ژیان کردن دەدەن و دەیانەوێت ئاسانکاری لە کاری ڕۆژانەیاندا بکەن، بەڵام حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی دەستەبەرکردنی ژیانە سەرەتایەکانی هاوڵاتیان نادەن.
لە کۆتاییدا، وتی: ئێمە کوردایەتیمان کرد بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی سەقامگیر، بەڵام ژیانمان ئەوندەی دیکە وێرانتر بوو، دەمانەوێت وەک چۆن خزمەتگوزاری بۆ پڕۆژەکان و گەڕەکە سەرمایەدارەکان دەردەچێت، بۆ ئێمەی هاوڵاتیانیش هاوکاریمان بکەن و خزمەتگوزاری ڕێگاوبان و ئاو و ئاوەڕمان بۆ ئەنجام بدەن.
"پڕۆژەی نیشتەجێبوونەکان خزمەتگوزاریان هەیە بەڵام ئێمە بێ خزمەتگوزارین"
خەدیجە سەلیم، دانیشتووی گەڕەکی مەلا داود، باسی لەوەکرد، ماوەی دوو ساڵە دانیشتووی ئەو گەڕەکەیە بەڵام خزمەتگوزاری ئاویان بۆ دابین نەکراوە، حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان زۆریان لێ دەکەن خانووەکانیان تاپۆ بکەن، دەشڵێت: بەردەوام لە هەوڵداین خزمەتگوزاریمان بەدەست بگات، بەڵام هیچ هاوکاریەکیان نەکردووین، تەنانەت ئاوی خواردنەوە و ڕۆژانەمان خۆمان دەیکڕین، لە ڕێگەی بیری ماڵانەوە ئاو دابین دەکەین ئەگەر ماڵەکان پێمان بدەن، بەڵام زۆربەمان هەفتەی دووجار ئاو دەکڕین.
لە کۆتاییدا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە ژیان و گوزەرانمان زۆر قورس بووە، بەهۆی نەبوونی ئاو لە گەڕەکەکەماندا، بەهۆی بێ ئاویەوە جلەکانمان بە دەست دەشۆین و ناتوانین بەردەوام کارەکانمان ڕاپەڕێنین، چەندین پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە نزیک مەلا داود کراوەتەوە کە پێشووتر زەویەکانی ئێمەبوون و پێیان چۆڵ کردین و ئێستاش پڕۆژەکان تەواوی خزمەتگوزاریەکانیان هەیە، بەڵام ئێمە لە ژیانێکی ڕەزالەتدا دەژین.
"لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی دروستکردنی بەنداو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمی ئاو نادەن"
تابان مەهدی، دانیشتووی گەڕەکی مەلا داودە، لەسەر نەبوونی ئاو و خزمەتگوزاریەکانی بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی دەڵێت: زۆربەی گەڕەکەکانی شاری سلێمانی لە وەرزی هاویناندا بۆ پەیداکردنی ئاو ڕوو دەکەنە بیری ماڵان و مزگەوتەکان، بەردەوام بە پێی گۆڕینی وەرزەکان کێشەکانی نەبوونی ئاو و کارەبا بۆ دانیشتوانی گەڕەکەکان دروست دەبێت، هاوڵاتیان هۆکارەکانی نەبوونی خزمەتگورزاریەکان بۆ کەمتەرخەمی حکومەت دەگێڕنەوە، پێویستە پڕۆژەی گلدانەوەی ئاو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر بکرێت.
لە کۆتاییدا وتیشی: هاوڵاتیانی گەڕەکە هەژار نشینەکان بەردەوام کێشەی نەبوونی خزمەتگوزاری ڕوویان تێدەکات، ئێمەی دانیشتووی گەڕەکی مەلا داود حەفتەی دوو جار دەبێت تەنکەرێک ئاو بە ٢٠ هەزار بکڕین، پێویستە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی هاوڵاتیان بکەن.
"نەبوونی ئاوی خواردنەوە لە وەرزی هاویندا کێشەی بۆ هاوڵاتیان دروست کردووە"
بەناز ئیبراهیم عەبدوڵا، دانیشتووی گەڕەکی مەلا داود، باس لەو کێشانە دەکات لە بێ ئاویدا بەسەریاندا دێت و دەڵێت: نەبوونی ئاو لە وەرزی هاویندا کێشەمان بۆ دروست دەکات، گەڕەکی مەلا داود هیچ خزمەتگوزارێیەکی ئاو و ئاوەڕۆ و ژیانکردنی تێدا نییە، ئەو خزمەتگوزاریانەی دەبێت حکومەت دابینی بکات، خۆمان دابینی دەکەین، بەشێک لە دانیشتوانی ئەم گەڕەکە بیری ماڵانیان هەیە دەتوانن هاوکاریەکی کەمی هاوڵاتیان بکەن، هەروەها ئەو ماڵانەی لە دەوری مزگەوتەکانن دەتوانن حەفتەی دووجار لە مزگەوتەکەوە ئاو ڕابکێشێت، بەڵام زۆربەی کات حەفتەی دووجار هاوڵاتیان ئاو دەکڕن و پێداویستییە سەرەتایەکانیان پێ ئەنجام دەدەن.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد، هاوڵاتیانی گەڕەکی مەلا داود بەردەوام لە هەوڵدابوون بۆ هێنانی خزمەتگوزاری بۆ ناو گەڕەکەکان، بەڵام کاتێک سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکەین وەڵاممان نایەنەوە، داواکارین لە لایەنە دەسەڵاتدارەکان پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆمان بۆ گەڕەکەکان دابین بکەن.