گەڕەکی شێخ مەقسوود... زیادبوونی ئازار و کەمبوونەوەی کەرەستەی سەرەتایی بەهۆی گەمارۆوە

ژنانی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب بانگەوازیان لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مرۆیی کرد، چاو بە دۆخی خەڵکدا بخشێننەوە کە لەژێر گەمارۆی حکومەتی دیمەشقدان.

سیبیلیا ئیبراهیم

 

حەلەب- لە سەرەتای دەستپێکردنی قەیرانی سوریاوە و لە ساڵی ٢٠١١ەوە خەڵکی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب لە بارودۆخێکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن، لە سەرەتای قەیرانەکەدا بەکرێگیراوانی داگیرکەری تورکیا هێرشیان کردە سەر ئەو دوو گەڕەکە و. لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە گەمارۆدراوە، ئەمەش بووە هۆی قەیرانێکی مرۆیی سەخت و ڕووبەڕووی کەمیی دەرمان و خۆراک و سووتەمەنی بووەوە.

 

قەیرانی گەمارۆدان شتێکی نوێ نییە، لە ماوەی ڕابردوودا و پێش سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە پشتگوێ خران، چونکە لە گەڕەکە جەماوەرییەکانی حەلەبن و زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە پێکهاتەی کوردن، ماوەی نۆ مانگیشە دەستی کردووە بە چڕکردنەوەی گەمارۆ لەسەر کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

 

نۆ مانگ لەمەوبەر گەمارۆکە توندتر بوو

بۆ زانینی بارودۆخی خەڵکی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، وەحیدە عەبدۆ خەڵکی کانتۆنی عەفرین، کە لە گەڕەکی شێخ مەقسوود نیشتەجێیە، وتی، "هاوژینەکەم کۆچی دوایی کردووە، ئێستاش من منداڵەکانی خۆم و کچەکەم بەخێودەکەم، کە هاوژینەکەی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکان گیانی لەدەستدا، کچەکەشـم چوار ساڵ لەمەوبەر لە ئەنجامی ململانێی لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد، وەک خەڵکی گەڕەکی شێخ مەقسود، ئێمە لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا دەژین بەهۆی ئەو گەمارۆیەی بەسەرماندا سەپێنراوە، گرانبوونی نرخەکان و کەمبوونەوەی زۆرێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک دەرمان و سووتەمەنی ژیانمانی قورس کردووە.

 

ئەمیرە توبال خەڵکی عەفرینە و لە گەڕەکی شێخ مەقسوود دەژی، دەڵێت: گەمارۆدانەکە کاریگەری زۆری لەسەر بارودۆخی ژیانمان هەبووە، بەو پێیەی نرخی دەرمانەکان لە ڕادەبەدەر بوون و بەشێکیشیان نەماون، بۆچی ئەو گەمارۆیە بەسەرماندا سەپێنراوە؟ بۆچی دەبێت لەگەڵ ئەم هەموو ئازارەدا بژین؟، بانگەواز بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مرۆیی دەکەین کە سەیری دۆخەکەمان بکەمن، سەرەڕای ئەو هەموو گەمارۆ و قەیرانەی تێیدا دەژین، هەمیشە بەرەنگاری دەبین و تەسلیم نابین.

 

نەخۆشەکان بەدەست کەمی دەرمان و گرانی نرخەکانیانەوە دەناڵێنن

عەواش محەمەد، خەڵکی گەڕەکی شێخ مەقسوودە، دەڵێت: وەک چۆن پێشتر بەرەنگاری ئەو هەلومەرجە بووین کە تێیدا دەژیاین، بەرەنگاری ئەو گەمارۆیە دەبینەوە کە بەسەرماندا سەپێنراوە، چونکە ئەو فشارانە بۆ شکاندی ئیرادەمانە و ئێمەش بەرخۆدان دەکەین.

 

سەبارەت بە کەمبوونەوەی دەرمان، ڕوونی دەکاتەوە، "ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی شەکرە و شێرپەنجە دەبن، بەدەست کەمی دەرمانەوە دەناڵێنن کە دەبێت بە بەردەوامی بیخۆن، وە ئەگەر دەرمانیش بەردەست بێت، بە ناچاری بە نرخێک دەبێت کە خەڵک ناتوانێ بکڕێت، هەموو ئەمانەش دەرئەنجامی ئەو گەمارۆیەیە کە بەسەر گەڕەکی شێخ مەقسووددا سەپێنراوە".

 

شیری منداڵانیش تەواو بووە

کیفایە جەوهەر، دانیشتووی گەڕەکی شێخ مەقسوود، ڕایگەیاند، "دۆخی ژیان لە گەڕەکەکەمان زۆر سەختە، بەو پێیەی دوژمن بە ڕێگەی جۆراوجۆر هێرشیان دەکاتە سەر، کە دوایینیان پچڕانی بەردەوامی کارەبا بوو، بڕینی کارەبای گەڕەکەکەمان و سووتەمەنی، کە دەبێتە هۆی وەستاندنی کارکردنی فڕنەکان،قەیرانی نان لە گەڕەکەکەدا دروست دەکات.

 

ژمارەی دەرمانخانەکانی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ٥٤ دەرمانخانەیە، لەو ژمارەیە ١٢ دەرمانخانە مۆڵەتیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و کۆنترۆڵکردنی دەرمانی حکومەتی دیمەشقەوە هەیە و ئەوانی دیکە مۆڵەتیان لەلایەن ژووری دەرمانساز و ئەنجومەنی تەندروستی شێخ مەقسودەوە هەیە و گەڕەکەکانی ئەشرەفیە، کیفایە جەوهەر باسی لە بەردەستنەبوونی دەرمان و شیری کۆرپە و چەندین پێداویستی دیکە کرد، کە ژیانی خەڵکی قورس کردووە.

 

بەگوتەی ژووری دەرمانسازان، ماوەی شەش مانگە پڕۆسەی داخڵکردنی دەرمان بۆ ناو دەرمانخانەکانی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بە تەواوی ڕاگیراوە، بە بیانووی ئەوەی ئەو دەرمانخانانە لە دەرەوەی ئەو ناوچانەن کە حکومەتی دیمەشق کۆنترۆڵی کردووە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمیی دەرمان و تێکچوونی بارودۆخی نەخۆشەکان.

 

گەمارۆ خنکێنەرەکە ژیانی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە

سەبارەت بە واقیعی زیندوو و دۆخی خەڵکی ژێر گەمارۆ، جگە لە ڕاگرتنی زۆربەی کارەکانی شارەوانی گەل لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، سەلوە محەمەد، ئەندامی فەرمانگەی بەڵگەنامە لە شارەوانی شێخ مەقسوود و گەڕەکەکانی ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، ڕوونی کردەوە کە خەڵکی گەڕەکی شێخ مەقسوود لە بارودۆخێکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن، بەڵام هێشتا بەرەنگاری ئەو گەمارۆیەن کە بەسەریاندا سەپێنراوە.

 

وە جەختی لەوە کردەوە کە "گەمارۆ سەپێنراوەکە کاریگەری لەسەر زۆر بابەت هەبووە، وەک ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی سووتەمەنی، کە بووە هۆی پچڕانی کارەبا، وەستانی مۆلیدە و فڕنی نانخواردن، هەروەها نەبوونی دەرمانی پزیشکی لە نەخۆشخانە و دەرمانخانەکان. ئێمە لە دۆخێکی زۆر خنکێنەردا دەژین، لە زستاندا خەڵک بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی سووتەمەنییەوە تووشی سەرمایەکی زۆر بوون.

 

سەبارەت بەو باڵەخانانەی کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ڕابردوودا زیانیان بەرکەوتووە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و ڕووخاندن هەیە، ئاماژەی بەوەدا کە "٤٣٩ باڵەخانە لە هەردوو گەڕەکەکەدا زیانیان بەرکەوتووە، ئەمە جگە لە کاریگەرییەکانی ژێرخانی ئابووری، لە هەر بوومەلەرزەیەکی بچووکدا، هەر بینایەک دەتوانێت لەناوبچێت و ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بکەوێتە مەترسییەوە، فیرقەی چوارەمی حکومەتی دیمەشق ڕێگری دەکات لە چوونە ژوورەوەی ئۆتۆمبێل بۆ گەڕەکەکە، ئەمەش ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە، لەکاتی ڕۆیشتن بە شەقامەکاندا، لە بینا زیانلێکەوتووەکان دەترسن، سێ ڕۆژ لەمەوبەر پیاوێک ژیانی لەدەستدا دوای ئەوەی بەشێک لە بینایەک بەسەریدا کەوت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لە ئاست ئەم پێشێلکاریانە بێدەنگ نەبن و داوای هەڵگرتنی گەمارۆی سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەکات.