"منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم ڕووبەڕووی هەراسان و توندوتیژی دەبنەوە"

منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستاندا بە بارودۆخێکی خراپدا گوزەر دەکەن، خێزانەکان بەدەست نەبوونی سەنتەرەکانەوە دەناڵێنن و  دایکێکیش دەڵێت: چادرێک بۆ چارەسەر و ڕاهێنانی منداڵەکانمان هەڵبدەن، ڕازی دەبین.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ڕۆژ بە ڕۆژ منداڵانی تووشبوونی ئۆتیزم ڕوو لە زیادبوون دەکات، تەنها یەک سەنتەری ئۆتیزمی حکومی لە شاری سلێمانی هەیە و بارودۆخی ئابووری بووەتە هۆکاری کەمی سەنتەری ئۆتیزمە حکومییەکان، ئەو ناوەندانەشی هەبن لەلایەن کەسانی خێرخوازەوە سەرپەرشتی دەکرێت، یان بەشێک لە سەنتەرەکانی ئۆتیزم ئەهلین و لە بەرامبەر چارەسەرکردنیاندا بڕە پارەیەک لە خێزانەکان وەردەگرن، زۆرێک لە خێزانەکانی تووشبووانی ئۆتیزم بەهۆی خراپی باری ئابووریانەوە ناتوانن منداڵەکانیان ببەنە سەنتەرە ئەهلییەکان.

 

"ئامێرە ئەلکترۆنییەکان هۆکاری زیادبوونی تووشبووی ئۆتیزمە"

بۆکان تۆفیق ڕەزا، بەڕێوەبەری سەنتەری ناوەندی پەپولەکانی کوردستان بۆ تواناکانی ژیان، باس لەوەدەکات، نەخۆشی ئۆتیزم بە دوو شێواز لە منداڵاندا بەدی دەکرێت، ئەوانیش هۆکاری بۆماوەیی یان ژینگەی چواردەوری منداڵن، ئەگەر هۆکارەکە بۆماوەیی بێت، لە دوای ساڵێک لە لەدایکبوونییەوە دەردەکەوێت، دەشڵێت: بەشێک لە منداڵان لەگەڵ لە دایکبوونیاندا نیشانەکانی ئۆتیزمی تیادا بەدی دەکرێت، بەڵام ئەو منداڵانەی ژینگەی چواردەوری هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشی ئۆتیزمن لە دوای چەند ساڵێک پاشان نیشانەکان دەبینین، ئەو منداڵانەی لە ژینگەوە تووشبووە هۆکاری گوێنەدان بە منداڵەکانە لەلایەن خێزانەکانیانەوە، بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان لە تەمەنێکی کەمداش هۆکاری دیکەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێدانی ڕاهێنان بە منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم هاوکاری زوو باشبوونەوەیان دەکات، وتیشی: ڕاهێنان کردن لە سەنتەرەکانی ئۆتیزمدا لە لایەن کەسانی شارەزاوە هاوکاری چاکبوونەوەی منداڵ دەکات، هەروەها خێزانەکانیان دەتوانن هاوکاری زوو باشبوونەوەی تووشبووانی ئۆتیزم بن، بەشێک لە خێزانەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەرمانی هێورکەرەوەوە منداڵەکانیان چارەسەر دەکەن، لە کاتێکدا زیانی لاوەکی لەسەر منداڵن جێ دەهێڵێت، بە کارهێنانی دەرمانی هێورکەرەوە ناتوانێت چارەسەری تووشبووان بکات، بەڵام لە ڕێگەی ڕاهێنانی تەندروستەوە منداڵان دەتوانن دووبارە تەندروستانە ژیان بکەن.

 

"بەهۆی نەبوونی زانیارییەوە منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم لە خوێندنگەکاندا توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت"

بۆکان تۆفیق ئاماژەی بەوەشدا، بیرکۆڵی، دواکەوتنی گەشە، کەمی وردبوونەوە و فرە جووڵەی منداڵان نیشانەکانی ئۆتیزمە، لێرەدا هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان و خوێندنگەکان گرنگە بۆ هەبوونی مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ تووشبوواندا، دەشڵێت: بەشێک لە خێزانەکان و خوێندنگەکان ئاگاداری جۆرەکانی تووشبووانی ئۆتیزم نین، لە خوێندنگەکاندا ڕووبەڕووی ئەوە بوومەتەوە منداڵ بەهۆی کەمی سەرنج و زۆری جوڵەیەوە ئازار دراوە، بێ ئاگا لەوەی منداڵەکە کێشەی تەندروستی هەیە، کاتێک دەڵێین هۆشیاری بۆ خێزانەکان پێویستە، بۆ ئەوەیە زیان بە منداڵەکان نەگەیەندرێت.

 

ئەو بەڕێوەبەرە لە درێژەی بابەتەکەدا جەختی لەوە کردەوە، هۆشیارکردنەوەی دایکان و باوکان لە ڕێگەی سیمینار و کردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ ئاشنابوون و مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی ئۆتیزم کارێکی پێویستە، وتیشی: سەنتەری ناوەندی پەپولەکانی کوردستان، سەنتەرێکی خێرخوازییە، دایکان و باوکان هەفتانە لە سەنتەرەکەماندا ڕێنمای و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵەکانیاندا پێدەوترێتەوە، لە پڕۆژەماندایە خولی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی تووشبووی ئۆتیزمدا لە سەنتەرەکەماندا بکەینەوە، ئێمە لە سەنتەرەکاندا پشت بە ڕاپۆرتەکانی پزیشک نابەستین بۆ دیاری کردنی نەخۆشییەکان، بە هۆکاری هەڵەی دیاریکردنی نەخۆشی منداڵەکان، منداڵمان لایە لە دوو ڕاپۆرتدا دوو حاڵەتی جیاوازیان بۆ دیاری کردووە، ئێمە لەڕێگەی شارەزایان لە سەنتەرەکەماندا جۆری نەخۆشییەکان دیاری دەکەین.

 

"هۆشیاری دایکان و باوکان پێویستە بۆ زوو چارەسەری منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم"

بۆکان تۆفیق دەڵێت: لە ڕێگەی کەسانی شارەزاوە ئاستی نەخۆشی منداڵەکان دیاری دەکەین، هەفتانە داوا لە دایکان و باوکان دەکەین بەشداری بکەن لە سیمینارەکاندا، بەڵام باوکان بە هۆکاری جیاجیا بەشداری ناکەن، کاتێک دایکەکە هەوڵی چارەسەرکردن دەدات، گرنگی بەشداریکردنی باوکان بۆ باشبوونی ئاستی منداڵەکانیان گرنگی تەواوەتی هەیە، کاتێک بڕیار دەدەن منداڵەکانیان چارەسەر وەربگرێت پێویستە باوکان و ماڵە باوان هاوکاری دایکان بکەن لە وەرگرتنی زانیارییەکان.

 

"نەبوونی سەنتەری ئۆتیزم لە شارۆچکەکاندا کێشەیە بۆ خێزانی منداڵانی تووشبوو"

فاتمە حەسەن، دایکی باوان کە تووشبووی نەخۆشی ئۆتیزمە، باس لە ژیانی خۆیان و باوانی کوڕیان دەکات، کە سەرەتای لە دایکبوونی کێشەی هەناسەدانی بۆ دروست دەبێت، پاش ماوەیەک کێشی لە ڕێژەی ئاسایی خۆی زیاد دەکات، پزیشکەکان خێزانەکەی ئاگادار دەکەنەوە کە باوان کێشەیەکی تەندروستی لە مێشکیدا بۆ دروستبووە، دەشڵێت: سەرەتاکانی تەمەنی هەستمان پێنەدەکرد، بەڵام دوا بە دوای گەشەکردنی جوڵەکانی خاو دەبوو، وەک هاوتەمەنەکانی خۆی جوڵەی نەبوو، پاش چەندین سەردانیکردنی پزیشک بۆمان دەرکەوت خانەیەک لە خانەکانی مێشکی کارناکەن، پزیشکەکان بێ هیوایان کردین لە چاکبوونەوەی، بەڵام پاش ڕاهێنانی سەنتەری ئۆتیزم لە ئێستادا کەمێک باشبوون دەبینین.  

 

دایکی باوان ئاماژەی بەوەکرد، نەبوونی سەنتەرە حکومییەکان بۆ تووشبوانی ئۆتیزم ئاستەنگی لە شار و شارۆچکەکاندا دروستکردووە، وتیشی: بەهۆی نەبوونی سەنتەرەکانی ئۆتیزم لە شارۆچکەی سەیدسادق نەمدەتوانی باوان ببەمە ڕاهێنان، زۆرجار داوام دەکرد سەنتەرێک بۆ منداڵان لە شارۆچکەکەمان بکەنەوە، تەنانەت ئەگەر چادرێکیش بێت، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان کاریان بۆ نەدەکردین.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا، منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم لە جیهاندا کار دەکەن بۆ باشبوونیان لەو بارودۆخە، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم تەنها سەنتەرێکیان دەبێت، سەنتەرەکانیش بە باشی کار ناکەن و ساڵانە چەندین مانگ دادەخرێت، وتی: هیوادارم لە شار و شارۆچکەکاندا سەنتەرەکانی تووشبووی ئۆتیزم بۆ منداڵان بکەنەوە، بۆ بێبەش نەبوونیان لە ژیانێکی ئارامتر.