برینێک کە چاوەڕێی ساڕێژبوونە: کۆمەڵکوژی تل عوزێر و سیبا شێخ خدر

شەمێ ڕەمۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ کە ١٧ ساڵ لەمەوبەر شایەتحاڵی کۆمەڵکوژی تل عوزێرو سیبا شێخ خدر بووە، ڕایگەیاند،تەنانەت ئەو کاتەش پێشمەرگەی پەدەکە هۆکاری کۆمەڵکوژییەکە بووە.

هێڤیدار شەنگالی

 

شەنگال- ١٧ ساڵ لەمەوبەر، لە ١٤ی ئابی ٢٠٠٧، هێرشێک بە چوار ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لە تل عوزێرو سیبا شێخ خدر کە بەشێکە لە شنگال ڕوویدا و لە ئەنجامدا لەنێوان ٦٠٠-٧٠٠ ئێزیدی گیانیان لەدەستدا چارەنووسی زۆر کەسیش نادیارە.

 

١٧ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی تل عوزێر و سیبا شێخ خدر تێپەڕیوە، ١٠ ساڵ بەسەر فەرمانی ٣ی ئابدا تێپەڕیوە، بەڵام سەرەڕای کۆمەڵکوژییەکی وا گەورە کە پێی دەوترێت جینۆساید، هێشتا هیچ لێکۆڵینەوەیەک لە لایەن عێراقەوە نییە سەبارەت بەو هێرشانەی کە کراوە، هیچ کەسێکی بەرپرسیار سزا نەدراوە، هەروەها سەدان خێزان هێشتا چاوەڕێی دۆزینەوەی ونبووەکانیانن کە ١٧ ساڵ لەمەوبەر لەدەستیان داون.

 

لەو کاتەدا پێشمەرگەی پەدەکە و هێزە عێراقییەکان کە گوایە بۆ پاراستنی پێکهاتەی ئێزدیی لەوێ بوون، وەک فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، بە هاوکارییەکی پیس لە هێرشێکی هاوشێوەدا ئێزیدییەکانیان بەجێهێشت.

 

سەبارەت بە کۆمەڵکوژی تل عوزێر و سیبا شێخ خدر، شایەتحاڵی ئەو سەردەمە، شەمێ ڕەمۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" قسەی بۆ کردین و لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، هیچ گرتەیەک لە تەقینەوەکەی ساڵی ٢٠٠٧ لە تل عوزێر نەگیراوە، بۆیە هێشتا ڕاستی ئەو کۆمەڵکوژییە ئاشکرا نەکراوە.

 

کۆمەڵکوژی تل عوزێرو سیبا شێخ خدر

 شەمێ ڕەمۆ ئاماژەی بەوەکرد، تەقینەوەکەی سیبا و تل عوزێر لە دەوروبەری کاتژمێر ٤:٠٠ی ئێوارە ڕوویداو وتی: لەو کاتەدا کەس گومانی نەبووە کە شتی وا ڕووبدات، بەهۆی تەقینەوەکە وتمان ئاسمان بەسەر سەرمان ڕووخاوە، دوکەڵ لە چوار لاوە بەرزبووەوە بەهۆی سەختی تەقینەوەکە، وتمان چی ڕوویدا، لەبەرئەوەی لەو کاتەدا تەلەفۆن زۆر نەبوو، تێنەگەیشتین چی ڕوویداوە، پاشان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کراو وترا کە ڤانێکی پڕ لە بۆمب لە بازگەی پشکنین خۆی تەقاندەوە، ٥ بارهەڵگر بوون بە بۆمبەوە، دوو بارهەڵگر بۆ سیبا، دوو بارهەڵگر چوونە تل عوزێرو یەکێکیان بۆ گوندی ئێزیر، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی تەقیوەتەوە، بەڵام لە تل عوزێرو سیبا لەناو گەلدا تەقینەوە.

 

"سەدان کەس کوژران"

 بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەو کاتەدا بیستم، بارهەڵگرە بۆمبڕێژکراوەکە کاتێک چووەتە ناو سیبا بیندراوە و هێزەکانی ئەوێ تەقەیان لێکردووە بەهۆی ئەمەوە بارهەڵگرەکە لەوێ تەقیوەتەوە، باوەڕم وایە بەشەکانی بارهەڵگرەکە لەگەڵ بۆمبەکەدا لە دەوروبەری ٥ کم بڵاوبوونەتەوە، لە ئەنجامدا زۆرێک لە خانووەکانی ئەو دەوروبەرە وێران بوون و زیانێکی ماددییان پێگەیشت، لە تل عوزێریش تەقەی لێکرا بەڵام لەناو خەڵکەکەدا تەقیەوە، لەو تەقینەوانەدا نزیکەی ٦٠٠-٧٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا، لەو کاتەدا فڕۆکە هاتبوون بۆ هەڵگرتنی تەرم و بریندارەکان، بەڵام ناسنامەی زۆر کەس کە لەو کاتەدا بە فڕۆکە بران تا ئێستا نادیارە، لەو کاتەدا دەیانوت ئەو فڕۆکەیە فڕۆکەیەکی ئەمریکییە، بەڵام تا ئێستا خێزانەکان چارەنووسی ونبووەکانیان نازانن، تەقینەوەکەی تل عوزێر زۆر سەخت و قورس بوو.

 

"وتیان ئێمە دەتانپارێزین"

بە چاوی خۆم بینیم کە چۆن سەرەکان لە جەستە بڕاونەتەوە، بەشەکانی هەموو زیانبەرکەوتووان کۆکرانەوە و بردرانە شێخمەند و لەوێ بەخاک سپێردران، ئەو بەشانەی زیانبەرکەوتووان تا ئێستاش لە شێخمەنددان، جەستەی ژن و منداڵ و پیاو و پیرەکان پارچە پارچە کران، تا ئێستا کەسێکمان نەبینیوە بەرپرسیار بێت کە دادگایی کرابێت، لەو کاتەدا پێشمەرگەی پەدەکە هۆکاری تەقینەوەکە بوون، ئەوکات پێشمەرگەی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی دەیانوت ئێمە دەتانپارێزین، لەکاتی تەقینەوەکەدا خەڵکی سیبا هۆشدارییان دابوو کە بارهەڵگرەکان بە بارێکی قورسەوە پێویستە خۆپارێزی بکەن، بەڵام پێشمەرگە ڕایگەیاند، فەرماندەکەیان پالكەوتووەو ناتوانن ڕاکەن، تەنانەت فەرماندەکەش هەستا، تەقینەوەکە ڕوویدا و سەدان کەس گیانیان لەدەستدا، لەو کاتەدا پێشمەرگە دەیوت ئێمە دەتانپارێزین، ناهێڵین هیچ شتێک بەسەر ئێزیدییەکاندا بێت، میللەتی ئێمەن، زمان و کولتوورمان وەک یەکە، بەڵام هەزار جار بەداخەوە وەک خۆیان دەرنەچوون.

 

"هەڕەشە لەسەر ئێزیدییەکان لە کامپەکانی باشوور"

شەمێ ڕەمۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ سەرنجی بۆ مەترسییەکانی سەر ئێزیدییەکانی دانیشتووی کامپەکانی باشوور ڕاکێشا و وتی: لە ماوەی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، بەهۆی هێرشی داعشەوە بە هەمان شێوە ڕایانکرد بۆ کامپەکانی باشوور، ئیستا لە کامپەکانی باشوورەوە بۆ شەنگال ڕادەکەن، بەهۆی نەزانینەوە هێشتا ناتوانن بە تەواوی کامپەکان بەجێبهێڵن، بۆ بیر لە ماڵەوە دەکەیتەوە، بۆ دەڵێی ماڵەکانمان و چادرەکانمان لە کامپەکاندا ماونەتەوە، ئایا زێڕ و زیو لەو چادرانەدا هەیە کە ناتوانن لایانببەن و ناگەڕێنەوە، شتومەکی کامپ  ماڵەکەت نییە، دوای تەقینەوەی تل عوزێر و سیبا و فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، میللەتەکەمان بەهاتووەتەوە سەر خۆی.

 

"ئیتر بەسە"

ئیتر بەسە داوا لە میللەتەکەمان دەکەین با نەبێتە جاری سێیەم، با ئێستا میللەتەکەمان خۆی بناسێت، ئێستا دۆست و دوژمنەکانی بناسێت، میللەتەکەمان دەبێت ئێستا لە ڕاستی دوژمن تێبگات، ئێستا گەورەترین مەترسی لەسەر کامپەکانی باشوورە، بانگەوازی گەلەکەمان دەکەین کە لە کامپەکانن و داوایان لێدەکەین بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان، ١٠ساڵە بانگەوازی ئەوە دەکەین بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان، ناڵێین وەرن چەکمان بۆ هەڵگرن یان بچنە ناو کارەکانمانەوە، تەنها بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان, ئێزیدییەکان شوێنێکی ئارامتر وەک شەنگال نابینن و داوا لە میللەتی ئێزیدی دەکەم چیتر نەچنە ناو یارییەکانی دوژمنەوە.

 

"پێشمەرگە جارێکی تر ناتوانێت بچێتە ناو شنگال"

شەمێ ڕەمۆ ئاماژەی بە ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم کرد کە پەدەکە و حکومەتی عێراق دەیانەوێت بەم ڕێککەوتنە بگەڕێنەوە شەنگال و وتی: بەهەمان شێوە کە ماڵی بارزانی باشووری فرۆشت، لە ٣ی ئابدا شەنگالیشی فرۆشت و ئێستا نازانێت چۆن ڕێککەوتنە گڵاوەکەی ٩ی تشرینی یەکەم جێبەجێ بکات و هەرجارە ڕێگا و شێوازی جیاواز بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە تاقیدەکاتەوە، بەڵام ئەگەر تەنها یەک دایک و ژن و گەنجی شەنگالیش هەبێت، دیسان پێشمەرگە ناتوانێت بچێته ناو خاکی شەنگال. تا ئێستا کچەکانمان لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن و هیچ کام لەو کەسانەی بەرپرسیارن لەم کارە دادگایی نەکراون و لێپرسینەوەیان لێ نەکراوە، هەر بۆیە ناتوانن بچنە ناو خاکی شەنگالەوە.

 

پلانە گڵاوەکانی دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە و عێراق

 لە لایەکی ترەوە دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە و حکومەتی عێراق بە سوود وەرگرتن لە ئامڕازەکانیان بۆ تێکدانی ئارامی شەنگال هەوڵ دەدەن گرژی لە نێوان ئێزیدییەکان و عەرەبەکاندا دروست بکەن، لە چوارچێوەی ئەو پلانە گڵاوە، لە ٨ی ئابدا، دادگای تاوانەکانی نەینەوا، بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە پێغەمبەری ئیسلام، قاسم  شەشۆ، فەرماندەی سەربازی ئێزیدیی پەدەکە، بڕیاری دەستگیرکردنی دەرکرا، ڕۆژێک دوای بڕیاری دەستگیرکردنی قاسم شەشۆ، بەشێک لە پیاوانی ئایینی بادینان کە سەر بە پەدەکەن، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێزیدییەکانیان لە کامپەکانی دهۆک کرد، دوای هەڕەشەی بەشێک لە پیاوانی ئایینی، سەدان بنەماڵەی ئێزیدی لە کەمپەکاندا بەهۆی ترسی هێرشکردن، کامپەکانیان بەرەو شەنگال بەجێهێشت، بەشێک لەو مەلایانەی داوای فەرمانیان بۆ ئێزیدییەکان کردبوو سزا دراون یان داوای لێپرسینەوەیان لێکرا، نەخێر، لە لایەکی تریشەوە داوای لێپرسینەوە لە قاسم شەشۆ نەکرا، هەروەها پێویستە داوای لێپرسینەوە لە قاسم شەشۆ بکرێت و پێیان بڵێن کە ئەمڕۆ میللەتی ئێزیدی، میللەتی ئیزیدیتان فڕێدایە بەردەم گورگ و جەنگەڵەکان، ژن و کچ و کوڕی ئێمەت فرۆشت وەک لە ٣ی ئاب، شەنگالت فرۆشت و ئەمڕۆش دەیانفرۆشن.

 

"بە سایەی گەریلا و ڕاگەیاندن، هەموو جیهان فەرمانەکەی بینی و بیست"

شەمێ ڕەمۆ ڕاشیگەیاند، ئەگەر گەریلا و ڕاگەیاندن نەبوونایە، فەرمانی ٣ی ئاب لە جیهاندا بڵاو نەدەکرایەوە، وتی: ئەگەر فەرمانی ٣ی ئاب بڵاو نەکرایەتەوە، کەس نەیدەزانی چی بەسەر ئێزیدییەکان هات,  لە سایەی ڕێبەر ئاپۆ و شوێنکەوتووانی، هەموو جیهان بینیویانە و بیستوویانە چی بەسەر ئێزیدییەکان هاتووە، ١٢ سوار داعشیان تێکشکاند، لە کاتی هێرشی داعشدا هەزاران پێشمەرگە و هێزی عێراقی لە شەنگال بوون، بەڵام شەنگالیان بەجێهێشت، ئێمە ئەمڕۆ دەزانین ئەگەر جارێکی دیکە فەرمان لەسەر ئێزیدییەکان بکرێت، ئەوەی کە لە کامپەکاندا ڕزگاریان دەکەن، ئەوا گەریلاکانی سەر لوتکەی شاخن، مەرگ و هەموو مەترسییەکان لەبەرچاو دەگرن و جارێکی دیکە دایک و خوشکەکانمان ڕزگار دەکەن، ئێمە هەموو شتێک باش دەزانین، تا ئێستا ٧٤ فەرمان بۆ ئێزدییەکان دەرچووە، بەڵام بێجگە لە فەرمانی ٧٤ چ فەرمانێک بیندراوە و بیستراوە؟

 

"هەموو ژنێک بە بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بەرخۆدان دەکات"

 شەمێ ڕەمۆ کۆتایی بە قسەکانی هێناو وتی: ئەمڕۆ لە سایەی بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، ئێمە وەک ژن دەتوانین خۆمان بەڕێوەببەین، دەتوانین لە پێناو دۆسیە و مافەکانمان لە دژی هەموو مرۆڤێک قسە بکەین، ئەمڕۆ لە شەنگال هەموو ئەو دایک و ژنانەی کە ئەم بیرەیان وەک بنەمایەک وەرگرتووە دەتوانن بوەستن و خۆیان بپارێزن.