پزیشکێکی فەلەستینی: بریندارەکان بەبێ بێهۆشکردن نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت

دکتۆر عایدە ڕەوقە ئاماژەی بەوەدا کە کارەساتێکی مرۆیی بێ وێنە لە کەرتی غەززە ڕوودەدات و بریندارەکان بەبێ بێهۆشکردن نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت، دکتۆر عایدە ڕەوقە داوای کرد هاوار و هاوار و هاوار و هاوار و هاوار و هاواری ژنانی فەلەستینی ببیسترێت.

نەغەم کەراجە

 

غەززە- شەڕی غەززە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکرد، لە پێنجەمین مانگیدا بە هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامە، لە ناوچەکەدا بارودۆخی مرۆیی و تەندروستی خەڵک بەتایبەتی ژنان و کچان خراپتر دەبێت، پزیشک عایدە ڕەوقە سەبارەت بە بەردەوامی شەڕ و گەمارۆدانی غەززە ڕایگەیاند، ژنان و کچان هەوڵدەدەن بەبێ خزمەتگوزاری تەندروستی بژین.

 

"دەرمان زۆر گرانە"

عایدە ڕەوقە،پزیشک ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان و کچان لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پێویستەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە و وتی: ژنان و کچانی غەززە بەهۆی نەبوونی ئاسایش و داڕمانی ژێرخانی کەرتی تەندروستی کێشەیان هەیە لە دەستڕاگەیشتن بە چارەسەر، ڕووبەڕووی کەمی دەرمان و پێداویستی پزیشکی دەبنەوە، بۆیە ناچارن داوای هاوکاری پزیشکی بکەن و نرخی دەرمان بۆ ئاستێکی بەرگە نەگیراو بەرزبووەتەوە.

 

"بریندارەکان پێویستیان بە دەرمانە"

عایدە ڕەوقە باسی لەوە کر کە بەهۆی تۆپبارانی ئاسمانی لەسەر کەرتی غەززە زۆرێک لە ژن و کچان بریندار بوون و وتی: برینداری سەختی زۆر هەیە و زۆربەیان بەدەست سووتانی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنن، برینەکان پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە و چاکسازی هەیە چونکە دەبێتە هۆی شێواوی هەمیشەیی و زیادبوونی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان. لە ئەنجامی فشاری دەروونییەوە زۆر کەس تووشی خەمۆکی و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەبن، نەخۆشخانەکە کەلوپەلی پزیشکی پێویستی تێدا نییە و ژنان و منداڵان بەبێ بێهۆشکردن نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت.

 

"هەموو نەخۆشخانەکان لەژێر گەمارۆدان"

عایدە ڕەوقە ئەوەشی خستەڕوو سەرەڕای سەختی دۆخەکە، ناتوانن نەشتەرگەری بکەن و وتی: هەموو نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە ناتوانن پابەندی پرۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتییەکان بن، هەموو نەخۆشخانەکان لەژێر گەمارۆدان و جگە لەوەش جووڵەی سنووردار بۆ کارمەندانی پزیشکی و ئاوارەکان هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی بارودۆخ و تەندروستی مرۆڤ کە تا ئێستا نەبینراوە، جگە لەوەش ڕێگاوبانەکان بۆ بریندارەکان داخراون بۆ چارەسەرکردن، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، هەوکردنی جگەری بڵاوبووەتەوە.

 

"منداڵانی ساوا لە مەترسیدان"

عایدە ڕەوقە ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان و منداڵان لە ئاستەنگترین گروپەکانن لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکان لە کامپەکاندا، ژنانی دووگیان ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە پێویستەکان، هەروەها بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پزیشکی پێویست لە نەخۆشخانە و کلینیکەکاندا، لە گرژی و ترسدا دەژین لە پێناو سەلامەتی خۆیاندا، بەهۆی نەبوونی ئامێر و کارمەندانی پزیشکی، دایکان لە مەترسییەکی گەورەدان و منداڵان و کۆرپە تازە لەدایکبووەکان ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.

 

"پێویستە خەباتێکی درێژخایەن دەست پێبکرێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا عایدە ڕەوقە ڕایگەیاند کە ژنان و کچانی کەرتی غەززە پێویستیان بە خزمەتگوزاری تەندروستی بەپەلە و چارەسەری پێویست و پاڵپشتی نێودەوڵەتی هەیە و وتیشی: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هاوڵاتیانی مەدەنیدا بن، گەمارۆدراو و قوربانی ئەم شەڕە زۆرن، پێویستە دەست بە خەباتێکی درێژخایەن بکەن و ئاگربەست درێژبکرێتەوە و شەڕ کۆتایی پێبێت، دۆخی کارەساتباری تەندروستی غەززە پێویستی بە کردەوەی بەپەلەیە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی پزیشکی و مرۆیی پێویست و دەبێت دەرمان و چارەسەر بەبێ دواکەوتن بگاتە دەست نەخۆش و بریندارەکان، لە هەمان کاتدا دەبێت بەرپرسیارێتی مرۆیی خۆیان جێبەجێ بکەن و کۆتایی بە ئازارەکانی خەڵکی مەدەنی بهێنن.