"ژنانی ڕەنجدەری ئەفغانستان پەردەی سەر ڕووخساری تاڵیبان لادەبەن"

ئازادە ئومێد، ئەندامی کۆمەڵگەی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانستان-ڕاوا دەڵێت: ژنان درکیان بەوە کردووە کە بەبێ پەروەردە و هۆشیاری، ئازار و ژانی توندوتیژی خێزانی لە کۆمەڵگەی پیاوسالاری و زنجیرە قورسەکانی ئایینی کۆتاییان پێنایەت.

شەهلا محەمەدی

 

ناوەندی هەواڵ- ئازادە ئومێد، ئەندامی کۆمەڵگەی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانستان-ڕاوا لە چاوپێکەوتنێکی نوژنهادا باس لە بەرخۆدان و خەباتی ژنانی ئەفغانستان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دەکات و دەڵێت: ئەگەر هەموو ڕژێمە پاوانخوازەکان کە لە جیهاندا پشتیوانی تاڵیبان دەکەن، یەکبگرن بۆ شۆردنەوەی خوێنی تاڵیبان و بە هێزێکی شارستانی و پێشکەوتنخواز پیشانی بدەن، لە بەرامبەردا ژنانی ڕەنجدەر و ئازارچەشتوو دەمامکی سەر ڕووی تاڵیبان لادەدەن و لێی خۆش نابن، دایکە خەمگینەکان کە لە خۆکوژی و تەقینەوەکانی ئەم گروپە بکوژەدا ڕۆڵەکانیان لەدەستداوە، خۆش نابن.

 

ئازادە ئومێد سەبارەت بە بەرخۆدان و خەباتی ژنانی ئەفغانستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەڵێت: سەرەتا با ئاوڕێک لە بارودۆخی ئەمنی و ئابووری و ژنان بدەینەوە، کە دەکرێت بەم شێوەیە کورتی بکەینەوە: سەرەڕای بانگەشەی باشتربوونی تاڵیبان، ڕووداوە ئازاربەخش و سەختەکان خەریکە جەماوەری ژن و پیاوی ئەفغانستان تووشی ئازار دەکەن، ئەوانیش؛

 

١- تاوانەکانی تاڵیبان ڕۆژانە لە زیادبووندایە، چەندین ژن و پیاو دەستگیر دەکرێن، ئەشکەنجە دەدرێن یان بەشێوەیەکی نهێنی دەکوژرێن.

 

٢- خۆکوشتن و تەقینەوەکان بە ئاشکرا لە ناوەندەکانی خوێندن بەردەوامن، تا ئەو ڕادەیەی هیچ منداڵ و گەنجێک ڕزگاری نابێت، ڕەوانەی مردنیان دەکرێت و بەتایبەت کەمە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەکرێنە ئامانج.

 

٣-. تاڵانکردن گەیشتووەتە لوتکە و زۆربەی خەڵک نایانەوێت لایەنگری تالیبانی خوێنمژ بن و لە ترسی ژیانی خۆیان، سکاڵا تۆمار ناکەن و بە دوای موڵک و ماڵی خۆیاندا ناگەڕێن.

 

٤- بەرتیل و گەندەڵی ئەم "فریشتەی ئاشتی"یانە دۆخی خەڵکی هەژار و نەداری قورستر کردووە، نەک هەر حکومەت و دەستەی دادوەری، بەڵکو هەواڵگری و پۆلیسی تاڵیبان بەرتیل و پارە لە داواکاران و تاوانباران وەردەگرن، زۆرێک لە کچان دوای ئەوەی بە تۆمەتی "پەردەپۆشکردنی ناشایستە" ڕفێنراون، بڕە پارەیەکی زۆریان داوە و ئازادکراون.

 

٥- بۆ ئەوەی نانی ماڵەکەیان دابین بکەن، خەڵکی هەژار منداڵەکانیان دەفرۆشن، کە لەلایەک منداڵەکانیان تێر دەبن و لەلایەکی دیکەشەوە بەو پارەیەی بەدەستی دەهێنن دەتوانن خەرجییە جۆراوجۆرەکان دابین بکەن.

 

٧- ڕۆژانە گەنجانێکی زۆر بۆ چارەسەری کێشە ئابوورییەکانیان دەچنە وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت ئێران و پاکستان و دواجاریش دەبنە قوربانیی ڕێگەی مەترسیدار و ئالوودەبوون و جگە لە لاشەی مردوو هیچی دیکەیان بەجێناهێڵن.

 

٧- ئەو سنووردارکردنانەی بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت لە سادەترین و سەرەتاییترین یاساکانەوە دەست پێدەکات و کۆتایی بە توندترین یاسا و سەدەی ناوەڕاست دێت، وەک نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە مافی کارکردن، مافی گەشتکردن و هتد، کوشتن و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی ناڕازی، ناچارکردنی ژنان و کچان بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ سەرکردەکانی تاڵیبان وەک ژنی سێیەم و چوارەم. وەزارەتی فەرمان بە چاکە هاوتای پۆلیسی ئیرشادە و ڕێگە نادەن ژنان و گەنجانی ئەفغانی بە ئازادی لە شار و بازاڕدا بسووڕێنەوە، جلوبەرگی ژنان و ڕیشی پیاوان کۆنتڕۆڵ دەکەن و ڕێگری لە خەڵک دەکەن گوێ لە مۆسیقا بگرێت.

 

 

 ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا، ئاماژەی بە لێکنزیکبوونەوەی ژنان و پاراستنی ژنان لە جیهانی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و ڕایگەیاند: لەم جۆرە هەلومەرجەدا خەبات و بەرخۆدانی ژنان بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوام بووە، هەندێک لە کچان بە تاک بە تاک شەڕ دەکەن و دەڵێن نەخێر بۆ یاساکانی تاڵیبان، بەڵام کەسانێک هەن کە بە کۆمەڵ و لە کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراودا چالاکن، ژنان فێربوون کە پێویستە زیاتر بە شێوەیەکی گروپی یان بەکۆمەڵ و بە توندی ڕەچاوکردنی نهێنی ئاسایشی خۆیان مسۆگەر بکەن، هەرچەندە ناڕەزایەتی گشتی و شەقام کەمتر بوو، بەڵام کاری هۆشیاری، یەکگرتوویی، هۆشیاری سیاسی، بەتایبەتی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، درێژەدان بە شێوازەکانی بەدەستهێنانی زانست لە خوێندەوارییەوە بۆ نمرەی بەرزتر بۆ کچانی گەنجی بێبەش لە قوتابخانە و ئەوەش بە هەمان شێوە لە ژێر زەمینێکی و هاوشێوەدا چالاکییەکان هێشتا بەردەوامن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئازادە ئومێد وتی: کۆمەڵگەی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانستان-ڕاوا پێی وایە تاڵیبان ژنکوژترین و خوێنڕێژترین دوژمنی وڵاتەکەمانە، ژنان بە تاکە ئامرازی کوژاندنەوەی شەهوەتی پیاوان و ئامێری خۆشبەختی پیاو دەزانن، لە کاتێکدا ژنانی هۆشیار و ڕاوەستاو هەرگیز ملکەچی یاساکانی سەردەمی بەردین نابن و بە هۆشیاری و کۆکردنەوەی سیاسی زیاترەوە شۆڕشگێڕانە لە گۆڕەپاندان و ڕەگی ڕزیوی فاشیزمی ئایینی تاڵیبان  و جیهادی و دعشی دەردەهێنن، تاڵیبان و هەموو هێزە بناژۆخوازەکان بەردەوامیی ژیان و مانەوەی شەرمەزارانەی خۆیان نەک هەر لە سەرکوتکردن و دیلکردنی هەموو نەیاران و ناڕازییاندا دەبینن، بەڵکو لە وشککردنەوەی ڕەگ و ڕیشەی ژیان و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی خەڵکی خاکەکەماندا دەبینن.