"ویژدانم بەرگە ناگرێت دەست لە کۆبانێ بەردەم"

هەشت ساڵ بەسەر بەرخۆدانی کۆبانێدا تێدەپەڕێت کە بووە شوێنی تێکشکاندنی داعش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، سەمیرە ئەحمەد، کە لە شەڕ و بەرخۆدانی کۆبانێدا ڕۆڵی هەبوو ئاماژە بەوەدەکات کە وەک دایکێک بوونەتە هێز و پشتیوانی شەڕڤانان.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ-  بەدرێژایی مێژوو بارودۆخی جیۆستراتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سامانەکەی لە ئاو و گازی سروشتی و کانزا و نەوت و کلتور و ژیانی سروشتیدا بووەتە ئامانجی هێرشی جۆراوجۆر لەلایەن هێزە هەژموونگەرا جیهانییەکان بۆ سەپاندنی سەروەریی خۆیان،  ئەم دۆخە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆی ئێمەدا بە شێوەیەکی ڕوون و نهێنی دەژی و داعشیش هەر لەو چوارچێوەیەدا دامەزرا، بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدا بەڕێوە دەچوو کە بەهاری عەرەبی دەستی پێکردبوو و لە زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان گرژی و ئاڵۆزی هەبوو، داعش لە هەمان کاتدا لەڕووی چەکەوە بەهێزتربوو ئەم ڕاستییە دوای ڕووخانی داعش لە هێرشەکانی ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤ بۆ سەر کۆبانێ دەرکەوت.

 

ڕۆژی ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر کۆبانێ، ڕۆژی ڕزگارکردنی لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا  بوو، لە دوای ١٣٤ ڕۆژ بەرخۆدان کردن  بۆ تێکشکاندنی داعش لە باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا و لەناوبردنی خەون و خەیاڵی دەوڵەتی تورکیا.

 

لە شەڕی کۆبانێ دا کە بە پێشەنگایەتی شەڕڤانانی یەپەژەو یەپەگە بەڕێوەچوو، سەدان وڵاتپارێزیش شوێنی خۆیان گرت، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە مانەوەی ئەو ژنانە یان ئەو دایکانەی کە چەند منداڵێکیان هەبوو بۆ پاراستنی خاک و نیشتیمانیان، یەکێک لەو ژنانەی کە دایکی پێنج منداڵ بوو سەمیرە ئەحمەدی تەمەن ٥٧ ساڵ بوو کە لە هەموو ساتەکانی شەڕی کۆبانێ بەشداری کرد.

 

بەبۆنەی ساڵیادی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ، سەمیرە ئەحمەد باسی لە مانەوەی لە کۆبانێ کرد.

 

"ویژدانم قبوڵی نەکرد کە کۆبانێ بەجێبهێڵم"

سەمیرە ئەحمەد سەرەتا لەسەر بڕیاری مانەوەی خۆی وتی: " ئەگەر کەسێک باسی چیرۆکەکانی بەرخۆدانی کۆبانێ بکات، ڕۆژ و ساڵ بەس نییە ئەو بەرخۆدانەی کە لە کۆبانێ ڕوویدا چووە ناو مێژووی بەرخۆدانی جیهانییەوە، لە ڕاستیدا ئەو ڕۆڵەی ژنان و ئەو قارەمانێتییەی کە پیشانیان دەدا سەرنجی هەموو جیهانیان ڕاکێشا هەروەها هەلێکم هەبوو شاهیدی داستانی کۆبانی بم و جێگەی خۆمی تێدا بگرم، هێرشەکانی داعش لە ١٥ی ئەیلولەوە دەستیپێکرد، بەڵام من هەستێکی زۆر جیاوازم هەبوو بۆیە ویژدانم ڕەتیکردەوە کە کۆبانی لەو دۆخەدا بەجێبهێڵێت و بچێتە شارێکی تر، وەک گروپێک لە دایکان بڕیاری مانەوەماندا و لەگەڵ شەڕڤاناندا ڕۆڵمان بینی و بە ئەرکەکانمان هەستاین، من چەکم هەڵنەگرت و لە دژی چەتەکان نەجەنگام بەڵام ئێمە بە چەندین شێوە هاوکاری شەڕڤانانمان دەکرد، ئێمە ئەو ژنانەمان ڕێکخست کە لە سنورەکە مانەوە و خواردن و جل و بەرگمان ئامادە دەکرد و یارمەتی بریندارەکانیشمان دەدا، مانەوەمان لە شەڕدا هێز و ورەی بە شەڕڤانان دەبەخشی شەڕڤانان هەمیشە پێیان دەوتین کە هەست دەکەن دایکیان لەپشتیانەوەن و ئەمەش سووربوونیان لەسەر سەرکەوتن زیاد دەکات".

 

"کۆبانێ لە زۆر ڕووەوە گرنگە"

سەمیرە ئەحمەد لە بەردەوامی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر هێرشەکانی سەر کۆبانی و وتی: " ئەگەر سەرنج بدەین کۆبانێ هەمیشە چەقی شەڕ و هێرش و هەڕەشە بووە ئەمە لەسەر چەندین بنەما بەڕێوەدەچێت، یەکەم جار ڕێبەر ئاپۆ هاتە ڕۆژئاوای کوردستان و هات بۆ کۆبانێ خەڵکی کۆبانێ ڕێبەر ئۆجالانیان لەباوەش گرت و لەو کاتەوە پەیوەندیمان بە تەڤگەری ئاپۆیی و ئایدیۆلۆژییەوە دەستیپێکرد،  شۆڕشی  ١٩ی تەمووز کە سیمبولی هەموو پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بوو لە کۆبانێ دەستیپێکرد ئەمەش گرنگیی بە کۆبانێ دا کە پێشەنگایەتی شۆڕشی ڕۆژئاوای کرد، بۆیە کاتێک ناوی کۆبانێ دەوترێت خەڵک هیوا و باوەڕ و سەرکەوتنی بەبیردێتەوە بەتایبەتی بەرخۆدانی کۆبانێ کە هەموو پارچەکانی کوردستانی کرد بەیەک و ئەمەش گرنگی کۆبانێی زیاتر کرد".

 

"بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ سەرکەوتن بەدەست دێنین"

سەمیرە ئەحمەد بەم وشانە کۆتایی بە قسەکانی هێنا و وتی: " داعش بووەتە کابوسێک بۆ هەموو گەلانی جیهان و هەمووان لە مەترسیدان هەروەها چەتەکان لە ڕۆژێکدا لە موسڵ و تەبقا و ڕەقە و ناوچەکانی دیکەیان گرت، هیچ هێزێک نەیدەتوانی ڕێگری لە دڕندایەتییان بکات سەرەتای شکستی ئەم کابوسە لە ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤ لە کۆبانێ بوو، بۆیە ئێمە بە نەرێنی سەیری ئەم ڕۆژە ناکەین، ڕۆژێکی زۆر بە ئازار و سەخت بوو، بەڵام بناغەی لەناوچوونی داعش بوو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ماوەی ئەم هەشت ساڵەدا هێرش و هەڕەشە لەسەر هەرێمەکەمان نەوەستاوە، بەڵام ئێمە وەک خەڵکی کۆبانێ و بەتایبەتی ژنان هێشتا بە ڕۆحی بەرخۆدان و سەرکەوتن لە کۆبانێ تێدەکۆشێن".