کۆمەڵگا بەرامبەر بە پرس و کێشەکانی ژنان بوونەتە دوو بەرە

بەردەوام ڕەخنە لە کاری ڕێکخراوەکان دەگیرێت یاخود ڕێکخراوەکان ڕەخنە لە کەسانی ئاینی دەگرن لەسەر پرسەکانی ژنان، بەڵام ئەگەر لێکۆڵینەوە لە هەوڵی هەردوولا بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان دەبینین هەوڵێکی جدی نەدراوە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ئەو ئازادییەی ژن هەوڵی بۆ دەدات بۆ ئەوەی بەدەستیبهێنێت لە درێژای مێژوو خەبات و تێکۆشانەکانیدا، تا ئێستا بەدەستی نەهێناوە بەڵکو بەدەستهێنانیشی لەلایەن کۆمەڵگاوە بە لادان لە سنور و دابونەریتی کۆمەڵگا دەزانن.

 

ڕۆژانە ژنان دەکوژرێن و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، بەڵام کۆمەڵگا لەبری گەڕان بە دوای هۆکاری کوشتنی ژنان و توندوتیژیکردن و دۆزینەوەی چارەسەر، لە خەمی ئەوەدان ئەم ژنە سەر بە کامە ڕێکخراو بووە و فکری کام لایەنەی هەڵگرتووە بۆ ئەوەی بیکەنە بابەتی ڕۆژ و لە ژێر ناوی تردا کوشتنەکەی بشارنەوە.

 

"بیر و بۆچوونی کۆمەڵگا لەسەر کاری ڕێکخراوەکان بووەتە دوو بەرە"

پەروا عەلی، پەرلەمانتاری خولی پێشوو، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە کۆمسیۆنی باشور، دەربارەی بیربۆچوونی کۆمەڵگا لەسەر کاری ڕێکخراوەکان وتی: لە ئێستادا کۆمەڵگا بووتە دوو بەرە، بەرەیەکیان پێیان وایە ڕێکخراوەکان هەموو کارەکانیان زۆر باشە و توانیویانە لە ئاستێکی باڵادا گرنگی بدەن بە کێشەکانی ژنان و چارەسەری بکەن، لە بەرامبەردا کۆمەڵێک هەیە کە بڕوایان وایە کاری ڕێکخراوەکان دژ بە ئاین و مامۆستایانی ئاین و کلتور و دابونەریتی کۆمەڵگایە.

 

پەروا پێی وایە هەردوو لایەن بەو بیرکردنەوەیە هەڵەن، دەشڵێت "ڕاستە ڕێکخراوەکان کاری باشیان کردووە و هەوڵیان داوە بەڵام نەگەیشتوونەتە ئاستێک هۆشیاری تەواو بە کۆمەڵگا بگەیەنن، بنەمای کارکردنی ئەوان پشت بە فکری حیزب دەبەستێت چونکە زۆرینەیان حیزبین، لەبەرئەوەی زۆرینەی حیزبەکان بە فکری پیاوسالاری کاردەکەن و کەمتر ژنان لە ئاستێکی باڵادان، بۆیە کارەکانیان لە چوارچێوەیەکدا دەسوڕێتەوە".

 

"خودی کۆمەڵگا نەیتوانیوە لە مرۆڤ بوون تێبگات"

پەروا عەلی باسی لەوەکرد، بە گشتی کۆمەڵگا نەیتوانیوە لە مرۆڤ بوون و ویستی مرۆڤ لە ئێستادا تێبگات، ئێستا دنیای پێشکەوتنە گەنج بە ئاسانی دەتوانێت بە جیهانی دەرەوە و ئازادییە سەرەتاییەکانی بگات، بۆیە پێویستە ئەم ئازادییە ڕێگەی لێنەگیرێت بەڵام بە هۆشیاری و پەروەردەیەکی تەندروستەوە بڵاو ببێتەوە، "هۆکاری ئەم تێنەگەیشتنە ئەو پیاوانەن کە بە ئەقڵێکی کۆنەوە لە جیهانی ئێستا دەڕوانن و ئازادی ژن بەرتەسک دەکەنەوە، وەک جگەرە کێشان، کە تیایدا ئازادی ژن بەرتەسک کراوەتەوە و پێیان وایە ژنێک جگەرەیەک بکێشێت لە ڕێ لایداوە، بێ ئەوەی بزانن زیانی ئەم ئازادییە چییە."

 

لە کۆتایدا وتی "زۆرکات بیر دەکەینەوە کە لەوانەیە بە پلان کۆمەڵگا بەرەو ئەو ناهۆشیارییە ببرێت و حزیبەکان سەرچاوەبن بۆ ئەم نا هۆشیارییە، پێویستە کۆمەڵێک کەسی ئازادیخواز، لە ژنان و پیاوان کۆببنەوە و ئەو خاڵە نەرێنیانەی بە پاساوی ئاین و ئازادی ڕەها هێنراونەتە پێشەوە وەلا بنرێن و لە بەرامبەردا هێزێکی گرنگ دروستبکرێت و فکری هۆشیاری و مرۆڤ دۆستانە لەناو کۆمەڵگادا بڵاوبێتەوە و تاک بەرەو پێش بچێت.

 

"هەموو شتێک تەنانەت ژن کوشتنیش بووەتە مۆدە"

سوران محەمەد، چالاکوانانی ژن، باسی لەوەکرد لە هەوو جیهاندا ژن کوشتن هەیە و کوردستان بێبەش نەبووە لێی و لەم دوواییانەدا زۆرترین هەواڵی کوشتنی ژنان بەر گوێمان دەکەوێت و هەموویان لە ژێر ناوی جیاوازدا و بە بیانوونی جیاواز دەکوژرێن.

 

بەردەوام ڕەخنە لە کاری ڕێکخراوەکانی ژنان دەگیرێت دەربارەی پرسی ژنان، سوران محەمەد لەم بارەیەوە وتی: زیاد زەقکردنەوەی بابەتەکانی تایبەت بە پرسی ژنان بووتە هۆکاری ئەو ڕەخنانە، کاتێک تاکێک دەچێتە جێگەیەک ئەگەر ناوەندێکی ئیسلامی بێت یاخود فێمێنزمی و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان کەتووەتەوە سەر خودی تاکەکە خۆی چۆن سود لەو جێگەیە وەردەگرێت و بە چ فکرێک بەردەوامی پێدەدات، چونکە چەندین ژنی سەرکەتوو تەنانەت ئەو ژنانەی لە پلەی باڵادان پێشوتر لە ڕێکخراوەکاندا بوون و پێگەیشتوون بۆیە ڕەخنەی توند لە ڕێکخراوەکان کارێکی بە جێ نییە.

 

تاکی کۆمەڵگا تەنانەت ژنانیش بە هەڵە لە ئامانجی ڕێکخراوەکان تێگەیشتوون

سوران محەمەد دەڵێت هەڵە تێگەیشتن لە ئامانجی ژنانی ڕێکخراوەکان لەلایەن ئەو ژنانەی کێشەیان هەیە لەناو کۆمەڵگادا بووتە هۆکار بۆ هەبوونی ڕەخنەی توندی خەڵکی بەرامبەر بە ڕێکخراوەکان، وەک باسی لێوە کرد زۆرکات ئەو ژنانەی کە دەچن و کێشەکانیان دەبەنە ڕێکخراوەکان تەنها ئەو لایەنەی ئامۆژگارییەکە وەردەگرن کە چیتر سنوربەزاندن لە هاوژینەکەیان قبوڵ نەکەن لە کاتێکدا ڕێکخراوەکان جگە لە ماف ئەرکیشیان نیشانی ئەو ژنە داوە بەڵام لێی تێنەگەیشتووە.

 

سوران محەمەد وەک خودی خۆی سەر بە هیچ کام لە ڕێکخراوەکان نییە بەڵام بەردەوام پەیوەندی هەیە لەگەڵ ڕێکخراوەکاندا بە تایبەت ڕێکخراوەکانی ژنان، دەڵێت "هیچ کات و لە هیچ ڕێکخراوێکدا پێم نەوتراوە ئازادی واتە خۆڕووتکردنەوە یاخود، ئازادی واتە سەرپۆشکردنە سەر"

 

کۆمەڵگا نایەوێت ژن ئازاد بێت، بۆیە کەسانی داکۆکیکار لە مافیەکانی ژنان بە ڕێ لادەری ژنان دەزانن

سوران محەمەد وتی کۆمەڵگا لەگەڵ ئەو ئازادیەدا نییە ژن پێی بگات و بەدەستی بهێنێت، بۆیە کاتێک ژن داکۆکی لە مافی ژنێکی دیکە دەکات هەمیشە بەرپەرچی دەدەنەوە و پێی دەڵێن دەبیتە هۆکارێک بۆ ئەوەی لە سنور لابدات.

 

ت.پ